هاوسەرۆکی هەدەپە میتات سانجار لە ناوەندی گشتی هەدەپە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆک وگوتەبێژەکانی پارەتە هاوپەیمانەکانی هەدەپە ئەنجام دا.
سانجار گوتی هێرشەکانی سەر پارەتکەیان بە مەبەستن، بەڵام هەتا ئەوان مابن ناهێڵن وڵاتەکە ڕادەستی ڕژێمێکی تاکڕەو بکرێت.
لە پاش دامەزراندنی هەدەپەوە هەتا ئێستا 10 هەزار ڕێبەر و ئەندامی هەدەپە دەستگیر کراون. هەتا ئێستاش زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان هێشتا لە زینداندان لەوانەشدا شارەوان، ئەندامی پەرلەمان و هاوسەرۆکانی هەدەپەش.
ڕۆژێک پێشتر داواکاری گشتی لە ئانکەرە لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا لێپێچینەوەیەکی نوێی دەستپێکرد و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 91 کەس دەرچوو و بەپێی ئەو بریارەش 46 کەس لە 13 شار و شارۆچکەی جیاواز دەستگیرکران.
هەدەپە دۆسیەی داخستنی پارتەکەی، داگاییەکانی دۆسیەی کۆبانێ و فراوانبوونی ئەو دۆسیەیە، وەک هێرشێکی سیستماتیک لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بۆ سەر پارتەکەی وێنا دەکات.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە هاوسەرۆکی ئەسەپێ ئوزلەم گوموشتاش، ئەندامی پارتی شۆڕشگەر بورجوگول چوبوک، هاوسەرۆکەکانی بەدەپە ساحیحا ئایدەنیز و کەسکین بایندر، گوتەبێژی سۆداپێ سەڤدات ئاکداگ کراهالی، هاوسەرۆکی SYKP جاڤیت ئوگور، گوتەبێژی پارتی چەپی کەسک ئایشە ئەردەم و ئیبراهیم ئاکین پشتیوانی خۆیان بۆ هەدەپە دەربڕی.
دوای کۆبوونەوەکەی کە بە سەرۆکایەتی میتات سانکار هاوسەرۆکی هەدەپە ئەنجام درا بەیاننامەیەکی هاوبەش ڕاگەیەندرا.
سانجار لە لێدوانەکەیدا گوتی " ئێمە لەلایەن گەلەوە هێزێکی زۆرمان پێدەبخشرێت و ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی گرنگ دەخاتە ئەستۆمان. ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دواین و کۆتایی ئەم هەفتەیەشدا ئێمە لەگەڵ ئەنجومەنی پارتەکەی خۆماندا کۆدەبینەوە. ئاجێندامان زۆر پڕە، کێشەی گەورە لە تورکیا هەیە، لە سەروی هەمووشەوە قەیرانی ئابوریە. ئێمە هێزێکی سیاسی پتەوین، بەڵام ئەم دەسەڵاتە بەهەموو ئامرازەکان دژمان دەوەستێتەوە. ئێستای دۆسیەی کۆبانێی گەورە کردووەتەوە دەخوازێت ئەوانەی هاوکاری کۆبانێیان کردووە سزا بدرێن."
هەروەها گوتیشی لە کاتێکدا هەموو جیهان پشتیوانی لە کۆبانێ دەکرد ئەم دەسەڵاتە هاوکاری داعشی کرد و ئێستاش دەیەوێت سزای ئەوانە بدات .