تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێران سێ کەسیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری ئیسرائیلی ناسراو بە مۆساد دەستگیرکردووە. دەستگیرکراوەکان بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی و هەستیاری ئێران تۆمەتبارکراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەو سێ کەسە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستگیرکراون. بەڵام راپۆرتەکە وردەکاری زیاتری سەبارەت بە شووناسی کەسەکان و چۆنیەتی دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییە هەستیارەکانی ئێران نەخستوەتە ڕوو.
ئێران و ئیسرائیل لەمێژە یەکتر بە سیخوڕیکردن تۆمەتبار دەکەن. ئیسرائیل ئێران بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت و بەردەوام هەڕەشەی کردووە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی دژی ئێران تا نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. بەڵام ئێران ڕەتیدەکاتەوە ئامانجی وەدەستهێنانی چەکی ناوکی بێت و دەڵێت وەڵامی قورسی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەداتەوە.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەڵقەیەکی سیخوڕی ئێرانی تێکشاندوە کە ژنانی ئیسرائیلی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە تا وێنەی جێگا و شوێنە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە بگرن و هەروەها ئەو تۆڕە داوای لەو ژنانە کردووە هانی کوڕەکانیان بدەن تا لە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل کاربکەن.
لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووشدا، ئێران ڕایگەیاند کە ئەندامانی گروپێکی چەکداری کە پەیوەندییان بە موسادەوە هەیە دەستگیرکردووە دوای ئەوەی گروپەکە لە سنووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە دزەیان کردۆتە ناو ئێرانەوە.
سەرچاوە:AP