Accessibility links

تیرێژ: هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان ژاوه‌ژاوی میدیا و ونبوونی به‌رپرسیاریەتی دا


له‌ هه‌رێمی كوردستان یادی ١٢٤ ساڵه‌ی ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی به‌ ناوی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، له‌ دۆخێكدا كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌روه‌ها خودی رۆژنامه‌وانانیش، تا ڕاده‌یه‌ك له‌ دۆخی میدیایی هه‌رێمه‌كه‌ به‌ گله‌یین.

دۆخه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كه‌، هه‌رێمه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ژاوه‌ژاوێكی میدیایی بووه‌ته‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت شوناسی ئه‌و ماڵپه‌ر و په‌یجه‌ ئه‌ل‌كترۆنیانه‌ بناسرێته‌وه‌، كه‌ رۆژانه‌ دنیا بینینی خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ پڕ ده‌كه‌ن به‌ زانیاری نا پیشه‌یی و مه‌به‌ستدار.

به‌رنامه‌ی تیرێژی ئه‌م هه‌فته‌یه‌مان ته‌رخان كردووه‌، بۆ تاوتوێی ئه‌م مژاره‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ١٢٤ ساڵ به‌سه‌ر سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی كاری رۆژنامه‌وانی كوردی و ده‌ركردنی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ به‌ زوبانی كوردی. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش میوانداری هه‌ردوو رۆژنامه‌وان كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا، هه‌روه‌ها فه‌رمان سادق دەکەین.

124 ساڵ كاری رۆژنامه‌وانی ده‌بوو ئێستا چه‌ندین رۆژنامه‌ی دیار و میدیای سه‌رنج ڕاكێشمان هه‌بوایه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ كاوه‌ی شێخ عه‌بدوڵا پێی وایه‌ ئه‌و ١٢٤ ساڵه‌ وه‌كو مێژووه‌، ده‌نا به ‌به‌رده‌وامی رۆژنامه‌یه‌كمان نه‌بووه‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه، له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ١٢٤ ساڵ میدیایه‌كی به‌رده‌واممان نه‌بووه‌، میدیایه‌كی پچڕ پچڕ بووه‌، هه‌ر به‌خۆی رۆژنامه‌ی كوردستانیش له‌ شوێنی جیاواز ده‌رچووه‌، ماوه‌یه‌ك له‌ قاهیره‌ ده‌ركراوه‌ و ماوه‌یه‌ك له‌ ژنێف، هه‌ر له ‌ده‌ره‌وه‌ چاپ كراوه‌، به‌ڵام زنجیره‌یی نه‌بووه‌ و پچڕ پچڕ بووه‌، ته‌نها ٣٠ ساڵێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان میدیایه‌كی جێگیرمان هه‌یه‌."

له‌م ساڵ وه‌گه‌ڕه‌ هه‌رچی به‌رپرسی باڵای هه‌رێمه‌كه‌یه،‌ پیرۆزباییان له‌ یادی ڕۆژنامه‌وانی كردوو، باسیان له‌و فه‌زا ئازاده‌ باشه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا بۆ رۆژنامه‌وانان فه‌راهه‌م كراوه‌. ئە‌م لیدوانانه‌ی به‌رپرسان له‌ كاتێكدایه‌، هێشتا كه‌یسی چه‌ند رۆژنامه‌وانێكی تیرۆر كراو، هاوتای سۆرانی مامه‌ حه‌مه، سه‌رده‌شت عوسمان، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، كاوه‌ گه‌رمیانی و ویداد حسێن یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر چالاكوان و رۆژنامه‌وانان له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان ده‌سگیركراون و ڕووبه‌ڕووی زیندانیکردن بوونه‌ته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ فه‌رمان سادیق باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و یاسایه‌ش كه‌ بۆ رێكخستنی كاری میدیای دانراوه‌، سه‌ڕه‌رای هه‌موو تێبینیه‌كان كه‌ پێویستی به ‌هه‌موار كردنه‌وه‌ و هێنانه‌ كایه‌ی یاسایه‌ك هه‌یه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاری میدیایی كه‌ به‌ پێی ستانده‌ری جیهانی كاری رۆژنامه‌وانی بێت.

فەرمان سادق
فەرمان سادق

له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسای كاری رۆژنامه‌وانی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ زۆر حاڵه‌تدا به‌كار نایه‌ت و به‌رپرسان له‌ ڕێگای دادگاكانه‌وه‌ په‌نا بۆ یاسای تر ده‌به‌ن كه‌ دووره‌ له‌و بواره‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ فرمان سادیق ده‌ڵێت ''له‌ ماوه‌ی ١١ ساڵی رابردوودا ١٤٣٦ پێشێلكاری ده‌رهه‌ق به‌ رۆژنامه‌وانان تۆماركراوه‌، یه‌ك كه‌سیشی له‌سه‌ر دادگایی نه‌كراوه‌، من ده‌پرسم ئێمه‌ چه‌ند رۆژێكی دی له ‌به‌رده‌م تیرۆركردنی رۆژنامه‌وان سه‌رده‌شت عوسمانداین، به‌ راستی كێ سه‌رده‌شت عوسمانی تیرۆر كرد، تا ئێستا نه‌ دادگ او نه‌ داواكاری گشتی جگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی بێ ده‌نگی هیچ كارێكی تریان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌كردووه‌، به‌ بڕوای من دۆخی كاری رۆژنامه‌وانی ڕژد له‌ هه‌رێمه‌كه‌ له‌وپەڕی خراپیدایه‌."

كاوه‌ی شێخ عه‌بدوڵا یه‌كیك بووه‌ له‌ رۆژنامه‌وانه‌ باشه‌كان، وه‌لێ ئێستا وازی له‌ كاری رۆژنامه‌وانی هێناوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كاركردن له‌و بواره‌ فراوانتر بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر له‌ كه‌سه‌ ده‌ست ڕۆیستووه‌كانی نێو حیزبه‌كان، چه‌ندین ماڵپه‌ر و پێگه‌ی میدیاییان كردووه‌ته‌وه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ كاوه‌ ده‌چێت به‌ پیر وته‌یه‌كی غاندیه‌وه‌ كه‌ فه‌رمویه‌تی. كاتێك سیستمه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی تێكده‌چێت، ناتوانت تۆ چاره‌سه‌ری بكه‌یت، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌توانیت بكه‌یت كه‌ نه‌بیته‌ به‌شێك له‌و كایه‌یه‌.

كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا،
كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا،

له‌و باره‌یه‌وه‌ كاوه‌ ده‌ڵێت ''ئێستا نه‌ میدیای حیزبی دیاره‌ نه‌ میدیای ئه‌هلیش ده‌ناسرێته‌وه‌، ئێستا میدیا هه‌یه‌ كه‌سی باڵای حیزبی له‌ پشته،‌ جاران ئه‌گه‌ر به‌رپرس و كۆمپانیاكان له‌ میدیا بترسانایه‌، به‌ڵام ئێستا خۆیان میدیایان هه‌یه‌، حه‌ز ده‌كات لایه‌كی تر باسی بكه‌ن، تاوه‌كو ئه‌ویش میدیاكه‌ی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ، جاران شه‌ره‌ تۆپیان بوو، ئێستا شه‌ره‌ راپۆرتیانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ حه‌زم نه‌كردووه‌، ببمه‌ به‌شێك له‌و میدیایه‌ و وازم هێناوه‌ و كاری تر ده‌كه‌م."

ژاوه‌ژاوێكی میدیایی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ پێی ئاماری سه‌ندیكاش باس له‌ بوونی ٩٠٠٠ رۆژنامه‌وان ده‌كرێت له‌ هه‌رێمێكدا كه‌ ته‌نها ٤ پارێزگایه. له‌و باره‌یه‌وه‌ فه‌رمان پێی وایه‌ له‌ دیداری رۆژنامه‌وانان كه‌ بۆ ئه‌و یاده‌ ساز كرابوو، قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و له‌شكره‌ رۆژنامەوانانه‌ كراوه‌، هه‌روه‌ها پێشی وایه‌ ته‌نها ئه‌گه‌ر له‌ ئاماری داخستنی ٩٠٠ رۆژنامه‌و گۆڤار بڕوانیت، روونه‌ كه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو له‌ لایه‌ن سیاسیه‌كانه‌وه‌ به‌كار هاتووه‌ و كه‌ كاره‌كه‌یان ته‌واو بووه‌ دایان خستووه‌. له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت ''سیاسیه‌كان ئه‌و فه‌وزایه‌یان دروست كردووه‌ و ده‌ستیان خستۆته‌ نێو میدیاوه‌، ئێستا له‌ ڕێگه‌ی پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ره‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌كانه‌وه‌ شه‌ڕه‌كانیان به‌ یه‌كتری ده‌فرۆشن، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین كه‌ناڵی زه‌به‌لاح كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پاره‌ی گشتی به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن وخاوه‌ندارێتیه‌كه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌رێمه‌كه‌ن."

كاوه‌ له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر به‌رپرسه ‌و سه‌ری كردووه‌ته‌ دروستكردنی میدیایه‌ك بۆ خۆی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، پێی وایه‌ ئه‌و دۆخه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت، وه‌ك ده‌ڵێت ''به‌رپرسی كورد ده‌ستی چووته‌ نێو خێروبێری میدیاوه،‌ زه‌حمه‌ته‌ ده‌ست به‌رداری ببێت."

فه‌رمان سادق كه‌ بۆ پرێس ناو كارده‌كات، لای وایه‌ كه‌ سیاسیه‌كان، سیاسه‌تێكی میدیایی سه‌رقاڵ كردنیان كردووه‌ته‌ شه‌وه‌ مۆدێلێك بۆ حوكمڕانیه‌كه‌یان، له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ''به‌رپرسان پاره‌ له‌ میدیادا خه‌رج ده‌كه‌ن به‌ ئامانجی سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵك و بیرچوونه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌كییه‌كان و به ‌لاڕێدابردنی رای گشتی بۆ كۆمه‌ڵێك پرسی لاوه‌كی تاوه‌كو فۆكه‌سی خه‌ڵك بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ لابده‌ن. به‌ نموونه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مۆدێلێك هه‌ر هه‌فته‌یه‌ و خه‌ڵك به‌ بابه‌تێكی لاوه‌كیه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن، خێره‌ وا نۆ ساڵه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ بودجه‌ی ڕەوانه‌ی په‌رله‌مان بكات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:15 0:00

XS
SM
MD
LG