دادگایەکی ئەمەریکا سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ چەکدارێکی پێشووی داعش دەرکرد کە بەرپرسە لە ڕفاندن و کوشتنی ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بیانی لە سوریا.
ئەلێکساندا کوتی، ئەندامی شانەیەکی کوشتن و ڕفاندنی داعش بووە لە سوریا بە ناوی "بیتەڵس" ڕۆژی هەینی لەلایەن دادگایەکی ئەمەریکاوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درا.
ئەلێکساندا کوتی تەمەن 38 ساڵ، هاوڵاتییەکی بەریتانیە و ڕەگەزنامەی بەریتانی لێسەندراوەتەوە، کە لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردوودا دانی نا بەوەی دەستی لە کوشتنی چوار دەستگیرکراوی ئەمەریکی لە سوریا و ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دیکەی بیانی هەبووە.
لە ساڵی 2018دا هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەلێکساندا کوتی و ئەندامێکی تری شانەکەیان بە ناوی ئەلشەفی ئەلشێخیان دەستگیرکرد و ڕادەستی هێزەکانی ئەمەریکایان کردن، پاشان لە ساڵی 2020 گوازرانەوە بۆ ئەمەریکا تا لەوێ دادگایی بکرێن.
ئەلشەفی ئەلشێخ لە سەرەتای ئەم مانگەدا هەموو ئەو تۆمەتانەی لەسەری بوون ئاشکرا کران و پشتڕاست کراونەتەوە، بڕیارە لە ١٩ی مانگی هەشتی ئەمساڵدا سزا بدرێت.
دوو تۆمەتبارەکە لە دادگایەکی نزیک لە واشنتۆنی پایتەخت بە ئامادەبوونی کەسوکاری کوژراو و ڕفێندراوەکان دادگایی کران.
لەلایەکی ترەوە هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ئەلێکساندا کوتی لە ساڵی 2018دا لەلایەن یەکەی دژە تیرۆرەوە چاودێری دەکرا، کاتێک هەوڵیدا بەرەو تورکیا ڕابکات و لەگەڵ ئەندامێکی تری شێخی تەبلیس شەفیعی دەستگیرکرا.
ئەو شانەیەی داعش کە ئەلێکساندا کوتی یەکێک بووە لە ئەندامانی شانەکە، تۆمەتبارن بە کوشتنی ڕۆژنامەوانانی ئەمەریکایی جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتلۆف، و کارمەندێکی ڕێکخراوی خێرخوازی پیتەر کەیسج لە میانەی ساڵی 2014 و 2015دا.
هەروەها شوفێری تاکسی هینیگ و ئەندازیاری پێشوی فڕۆکە هاینس، کە هەردووکیان بۆ کاری کۆمەک و هاوکاری چووبوون بۆ سوریا لە ساڵی 2014 سەربڕان.
یەکێک لە قوربانییە گومانلێکراوەکانی تری دەستی ئەو شانەیە وێنەگری بەریتانی جۆن کانتلییە، کە لە ساڵی 2012 لە سوریا ڕفێندراو لەو کاتەوە بێسەروشوێنە.