دواکەوتنی موچە و دابەش نەکردنی موچە بە پێی ئەو ڕاگەیەنراوانەی کە حکومەت بڵاویان دەکاتەوە کاریگەریان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردووە و بێ بازاڕیشی لێکەوتوەتەوە، هاووڵاتیان دەڵێن دەچینە بەردەم بانکەکان و پێمان دەڵێن وەرن بۆ مووچە، کە دەچین پارە لە بانکەکاندا نیە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت لەسەر پرسی داهات و نەبوونی پارە لە بانەکان بەتایبەت لە سلێمانی داواکاری گشتی هەرێممان هێناتەوە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.
دواکەوتنی مووچەی هاووڵاتیان و نەمانی مووچە لە بانکەکان کاریگەری کردووەتە سەر ژیان و دۆخی هاووڵاتیان و وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی قەیرانەکانەوە نازانن کام لە کەم و کورتیەکانیان چارەسەر بکەن، ئەو لیستانەی کە حکومەت بۆ مووچەی وەزارەتەکان بڵاویان دەکاتەوە وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن و لە نێوان هەولێر و سلێمانیش لە سیستەمی دابەشکردنی مووچە جیاوازی هەیە.
عەبدولکەریم محەمەد هاووڵاتیەکی خانەنشینە و لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دووهەفتەیە دێم بۆ مووچە بەڵام کە دێمە ئێرە دەڵێن پارە لە بانک نەماوە، خەڵک هیچ سەرچاوەیەکی نیە و لە لێواری تەقینەوەدایە، پێویستە حکومەت بە ئەرکی خۆی هەستێت و سیستەمی مووچە چاک بکاتەوە."
بەهۆی خراپی دابەشکردنی مووچە و بایکۆتی فەرمانبەرانەوە، کە بەشێک لە فەرمانبەران لەگەڵ ئەوەی دامەزراوەکەشیان بایکۆتیان نەکردووە، ئامادە نین کارەکان ڕابپەڕێنن، هاوڵاتی بەهادین ئەحمەد دەڵێت" کارەکانم لە دامەزراوەیەک جێبەجێ نەبوون بەهۆی بایکۆتەوە، حەق بە فەرمانبەرانە و پێویستە حکومەت گرفتەکان چارەسەر بکات."
بەهۆی دواکەوتنی مووچەشەوە لەگەڵ ئەوەی بەرە جەژنانە بازاڕ سستیەکی گەورەی پێوە دیارە، هەڵمەت یونس هاووڵاتیەکە و دەڵیت" لە مانگێکدا لە هەڵەبجە دوو ڕۆژ بازاڕ هەبوو ئەویش کاتی دابەشکردنی مووچە بوو، بەڵام ئێستا مووچەش نەماوە و بازاڕەکەش جموجوڵی ئەوتۆی نیە."
سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەسەر نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی لیژنەیەکی دروست کردووە و پێیان ڕاگەیاندووین ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە بۆ پەرلەمان ئاشکرا دەکەن."
ئێستا کە کۆتا ڕۆژی مانگی چوارە، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە وەزارەتەکان هێشتا مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە، گرژی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی وەک هاووڵاتیان دەڵێن قوربانیەکانی یەکەم ئەوانن، بە جۆرێک لە ناو یەک وەزارەتدا فەرمانبەران لە نێوان هەولێر و سلێمانی لە چەند ڕۆژێکی جیاواز مووچە وەردەگرن.