Accessibility links

دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز: به‌م زوانه‌ حكومه‌ت دانامه‌زرێت


چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر دیاریكردنی لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێڕاق تێپەڕبووە، هێشتا سه‌رۆك كۆماردیاری نه‌كراوه‌ و حكومه‌تی نوێش پێك نه‌هێنراوه‌. هه‌رچی لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌ له‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌كدا كۆبوونه‌ته‌وه‌، سه‌دریه‌كان هه‌روه‌ها به‌ره‌ی چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی كه‌ نزیكن له‌ ئێران.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا، به‌ره‌ی سه‌در، حه‌لبوسی و پارتی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون به‌بێ لایه‌نه‌كانی نزیك له‌ ئێران حكومه‌ت پێك بهێنن، بەڵام هه‌ر زوو هه‌وڵه‌كه‌یان شكستی هێنا و نه‌یان توانی كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانی پێكبهێنن. له پاش ئه‌و ڕووداوه‌ش ‌‌ڕابه‌ری سه‌دریه‌كان، موقته‌دا سه‌در. له‌ موباده‌ره‌یه‌كدا، تۆپی دروستكردنی كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانی خسته‌وه‌ گۆڕه‌پانی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی و واده‌ی تا دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زانیان داناوه‌ كه ته‌نها چه‌ند رۆژێكی ماوه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنن. تاوه‌كو ئێستا هیچ ئاسۆیه‌كی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ ئارادا نییه ‌و دۆخه‌ سیاسیه‌كه‌ به‌ره‌و چه‌ق به‌ستنی زیاتر ڕوویناوه‌.

له‌ به‌رنامه‌ی تیرێژی ئەم هەفتەیەدا تاووتوێی ئه‌و مژاره‌ سیاسیه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌زای دۆخی سیاسی عێراق دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز دەکەین. سه‌باره‌ت به‌و حاڵه‌ته‌ی له‌ پاش ئه‌و هه‌موو ململانێیانه‌، دۆخی سیاسی عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر سه‌ردار ده‌ڵێت ''له‌ دوای ده‌ركه‌وتنی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، دۆخی عێراق له‌ لوبنان ده‌چێت. دوو لا هه‌ن، لایه‌ك ده‌توانێت پرۆسه‌كه‌ په‌ك بخات، لایه‌كی تریش پێی وایه‌ كه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانن و مافی خۆیانه‌ كه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن. هه‌ر ئه‌م دۆخه‌ش وه‌های كردووه‌، هێزی تر ڕۆڵی تیا بگێڕن، به‌ نموونه‌ ئێران و تا ڕاده‌یه‌كیش توركیا و وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌م پرۆسه‌ی رێكه‌وتنانه‌ چه‌نده‌ هه‌وڵه‌كان به‌ ئاشكران ئه‌وه‌نده‌ش رێكه‌وتن له‌ ژووره‌ داخراوه‌كان و به‌ نهێنی به‌ڕێوه‌ ده‌چن. دزه‌ كردنی هه‌ر زانیاریه‌كیش له‌و كۆبونه‌وانه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌، مه‌به‌ست داره‌ و بۆ یاری كردن و دروست كردنی فشاره‌، به‌ ئێستاشه‌وه‌ وای نابینم له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ریه‌كدا بین."

دکتۆر سه‌ردار عه‌زیز
دکتۆر سه‌ردار عه‌زیز

فرسه‌ته‌كه‌ی سه‌دریش به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات و تا ئێستا چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی نه‌یان توانیوه‌ كوتله‌ی گه‌وره‌ پێك بهێنن و سه‌در وه‌ك رایگه‌یاندبوو به‌شداری ئه‌و حكومه‌ته‌ی نه‌ده‌كرد. له‌ به‌رامبه‌ردا ڕۆڵی ئێرانیش تا دێت به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه ‌و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ترازان له‌و به‌ره‌ سێ قۆڵییه‌ دروست بكات، كه‌ زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر پارتی دیموكراته‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر سه‌ردار ده‌ڵێت ''ئێران هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست تێوه‌ردانی كردووه‌، به‌ڵام ئێستا فشاره‌كانی زیاتر كردووه ‌و ناخوازێت حكومه‌تێك دروست ببێت كه‌ پارته‌ نزیكه‌كانی نزیك له‌ ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ی بن، هه‌روه‌ها ئێران له‌ رووی ناوخۆی وڵاته‌كه‌شه‌وه‌، دۆكیۆمێنتێك دزه‌ی كردووه‌ له‌ نێو به‌رپرسه‌ باڵاكانیان كه‌ تیایدا زانیاری هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ خه‌ڵكی ئێران جارێكی تر بڕژێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ هۆكاری خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌راسانكردنی سیستەمه‌كانیان به‌هۆی هێرشه‌ سایبه‌ریه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌، هه‌روه‌ها رێكه‌وتنه‌ ناوه‌كیه‌كه‌شی زۆر هێواش ده‌جوڵێت و په‌ره‌سه‌ندنێكی وه‌های به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌ كه‌ به‌خواستی ئێران بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ عێراق بۆ ئێران زۆر ده‌روازه‌ی ڕزگار بوونه‌ و هه‌رگیز ده‌ست به‌رداری نابێت، رۆڵی ئه‌مەریكاش زیاتر چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ده‌خوازن حكومه‌تی عێڕاق دروست بێته‌وه ‌و پرۆژه‌كانیان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌."

خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ئاستێكی خراپی ژیان و گوزه‌راندان، خۆپیشاندانه‌كانی تشرینیه‌كان، ئه‌م گۆڕانكاریانه‌یان له نێو‌ كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقدا كردووه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت به‌رهه‌می ئه‌وان بووه‌، به‌ڵام ئاراسته‌ی سیاسی نێو په‌رله‌مان ئه‌وه‌ ده‌رناخات، حكومه‌تێك دروست ببێت كه‌ دوای داواكاریه‌كانی خه‌ڵك بكه‌وێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر سه‌ردار ده‌ڵێت ''هه‌رچه‌نده‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵك ده‌نگیان نه‌داوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ پرسێك كه‌ بۆچی خه‌ڵك ده‌نگیان نه‌داوه‌، هه‌روه‌ها كێشه‌ی خه‌ڵك نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی مشتومڕ، ئه‌وه‌نده‌ی مشتومڕه‌كان لەسەر باسكردنی دابه‌ش كردنی پۆسته‌كانه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:44 0:00

XS
SM
MD
LG