سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، کە ڕێکخراوەکەی تایبەتە بە چاودێریکردنی کاروباری پەرلەمان و وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاماژەبەوەدەکات، ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بەراورد بە خولەکانی پێشوو، لاوازترین خول بووە لە ڕووی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیەوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ژمارەی پەرلەمانتارانی هەرێم زۆرە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان، پێویستە ژمارەکە لە 111 پەرلەمانتارەوە بۆ 55 پەرلەمانتار کەم بکرێتەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەروەر عەبدولرەحمان دەڵێت"پەرلەمانی کوردستان تاکە مەرجەعی سیاسی و یاسایی گەلی کوردستانە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوس سازەکان، کەچی ماوەی دوو مانگە و بەهۆی ململانێی سیاسیەوە داخراوە، بەو هۆیەوە بەدواداچوونی نەکردووە بۆ ئەو هەموو قەیرانەی بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە."
ڕوونیشیکردەوە، یەکتری تۆمەتبارکردنی لایەنەکان و پەرلەمانتاران، مەزاجی خەڵکی تێکداوە، هێرشکردنیان بۆ سەر یەکتری لەکاتێکدایە لەناو هۆڵی پەرلەماندا بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن، سەرۆکی حکومەت کۆمەڵێک سەردانی بۆ دەرەوە ئەنجامداوە، کەس نازانێت بۆچی چووە، ناکۆکی هەیە لەسەر جۆری سەردانەکان، کەچی پەرلەمان هیچ بەدواداچونێکی بۆ ئەو سەردانانە نەکردووە.
دکتۆر سەروەر دەڵێت"کۆمەڵێک پرۆژە یاسا کەڵەکەی کردووە و ئیشیان لەسەر ناکرێت، دواکەوتنی هەمیشەیی هەڵبژاردن کە لە هەرێم بووەتە نەریت و یەکێکی ترە لە قەیرانەکان."
پارتی دیموکراتی کوردستان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات و هۆشداریش دەدات لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەڕێگەی بەکارهێنانی زۆرینەوە، لەکاتێکدا یەکێتی و بەشێک لە لایەنەکان دژی هەڵبژاردنن و داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەن، لەو بارەیەوە سەرۆکی ئینستتیوتی پەی دەڵێت"لەڕووی یاساییەوە، گەر پەنجا زائید یەکی پەرلەمانتاران دەست لە کاربکێشنەوە، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، واتە گەر پارتی توانی دەست بە 56 پەرلەمانتار لەکاربکێشێتەوە، لەڕووی یاساییەوە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئایا لەڕووی واقیعیەوە لایەنێک دەتوانێت ئەمە بکات، بێگومان مەسەلەکە پێویستی بەڕێککەوتن و سازانە."
جەختیشیکردەوە"پارتی دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام ناتوانێت حوکمڕانی کوردستان بەتەنها بکات، بەهۆی واقیعی هەرێمەوە، بەتایبەت لەدێگەڵە بەملاوە یەکێتی تێیدا باڵادەستە و لەولاشەوە پارتی باڵادەستە، بۆیە هەڵبژاردن پێویستی بە سازانە."
لە ئێستادا کورسی کەمینە و پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان بووەتە چەقی ململانێ کە 11 کورسی یە، لەو بارەیەوە دکتۆر سەروەر عەبدولرەحمان وتی"کورسی کەمینەکان و پێدانی ماف پێیان یەکێکە لەڕووە گەشەکانی هەرێم، بەڵام دەبێت کەمینەکان خۆیان خاوەنی کورسی خۆیان بن، خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، خۆیان نوێنەر بنێرنە پەرلەمان، دەستخستنە کاروباری کەمینەکان ناڕەزایەتی لای لایەنەکان دروستکردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەکو ڕێکخراوێکی مەدەنی پرۆژەیان داوەتە پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، وتی"ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان زۆرە، کورسی کەمینەکانیش بەراورد بە ژمارەیان زۆرە، بۆیە پێویستە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ نموونە بۆ 55 پەرلەمانتار کەم بکرێتەوە، ئینجا دەبێت پێکهاتەکان تۆماری دەنگدەرانی خۆیان هەبێت، خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، نەک لایەنی تر لەبری ئەوان دەنگ بدات."
سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بەلاوازترین خول ناوبرد، وتی"پەسەند کردنی بودجە، حساباتی خیتامی و بەیانی مالی، ئەم خولەی پەرلەمان هیچکام لەمانەی نەبینی، ئینجا سەرباری سەدان قەیران، پەرلەمان لیپێچینەوەی لەگەڵ هیچ وەزیر و بەرپرسێک نەکردووە."
جەختیشیکردەوە"چوار دەستەی سەربەخۆی سەربە پەرلەمان هەن، دەستەی مافی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری، ماوەی سەرۆک و کۆمیسیارەکانیان بەسەرچووە، یاسا دەرکراوەکانیش لەڕووی ژمارە و کواڵێتیەوە وەکو پێویست نەبوون، لەگرفتی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگرفتە نێوخۆییەکان، پەرلەمان ڕۆڵی نەبووە."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بە زۆر ناوبرد، گوتی"گەر ژمارەی کورسیەکان کەمبکرێتەوە، پەرلەمانێکی پوختمان دەبێت، لە ڕووی داراییشەوە بارگرانی سەر بودجە کەم دەبێتەوە، کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکان هاوکاریش دەبێت تا لایەنەکان، کەسانی لێهاتوو بنێرنە پەرلەمان."