Accessibility links

هەرێمی کوردستان؛ جوگرافیایەکی لە بیرنەکراو لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە پێشێلکردنی ئازادی


دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی جارێکی-ئەحمەد زێباری
دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی جارێکی-ئەحمەد زێباری

ئەمڕۆ 3 ی مانگی 5، ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریییە، دەنگی ئەمەریکا لەو بارەیەوە ئەم ڕاپۆرتەی ئامادە کردوو.

، ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ، هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوی ئەو ناوچانەی تری جیهاندا دێت کە تیایاندا پێشێلکاری دژ بە ڕۆژنامەوانان و ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت.

لە دواین ڕاپۆرتدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە دوایین ڕاپۆرتیدا لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان دەڵێت: لە هەرێمی کوردستانی عێراق هێزەکانی ئاسایشی لە دەرەوەی یاسا ڕەفتاردەکەن، دادگاکانی کوردستان سەربەخۆ نین، ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بگێڕن "

“ ئەو کەسانەی ڕاپۆرت دەگوازنەوە بە ویژدان نیین و دروست ناگوازنەوه“
ڤیان عەباس سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە دهۆک، ناوهێنانی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە شتێکی ئاسایی ناودەبات و دەڵێت " بە ڕاشکاوی دەیڵێم ئەو کەسانەی ڕاپۆرت دەگوازنەوە بە ویژدان نیین و دروست ناگوازنەوه، ‌من ئێستا لە هەرێمی کوردستانم، ئێمە دەبێت وەکو سەندیکا کۆبوونەوەیەک بکەین لەسەر ئەو بابەتە و ڕای خۆمان دەرببڕین وەکو لقی دهۆک من ناتوانم بە تەنها قسە بکەم ئەوە ڕای خۆمە دەڵێم بێویژدانییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و بەرامبەر پارێزگای دهۆک ئەگەر کاری ڕۆژنامەنووسی بێت ئێمەش ڕەخنە دەگرین. ئەوە شتێکی زۆر نۆرمەڵە ئەو کەسانەی ڕاپۆرت دەنووسن مرۆڤن و فریشتە نیین، کاری ڕۆژنامەنووسی کارێکی زۆر قورسە بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان وەکو عێراق زۆر ئاڵۆزی هەیە، کاری ڕۆژنامەنووسی کارێکی زۆر زەحمەتە. "

“ ساڵی 2021 ساڵێکی ڕەش و وەیشومە بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان و بۆ ئازادی ڕادەربڕین“

لای خۆشیەوە، کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت" بێگومان هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک پشکێکی بەرکەوتووە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی دەکاتەوە یان ڕێکخراوە نێوخۆیی و بێلایەنەکان، بەڵام کەم تا زۆر ئەو کێرڤە لە ئاستێکی هەڵکشانی زۆردا نەبووە حاڵەتەکان نەگەیشتوونەتە ئاستی مەترسی، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2021 دا کێرڤی هەڵکشان زۆر زیادی کرد هەتا گەیشتە ئەوەی داهێنان لە حوکمدانی خەڵک لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوە بێت بەڵام پێشتر ئەوە نەبووە، بەڵام ساڵی 2021 ساڵێکی ڕەش و وەیشومە بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان و بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا چونکە زیاتر لە 82 کەس دەستگیرکراون لەسەر وتن و لەسەر بڵاوکردنەوە و لەسەر دانانی لایک و ئیمۆجی و دروستکردنی گروپی چاتکردن لە نێوان خۆیاندا، ئەگەر هاتوو لێکۆڵینەوە کرا و بابەتەکە مەترسی بێت وەکو ئەوەی بانگەشەی بۆ کرا دەتوانم بڵێم بەپێی یاسای (4) ی تیرۆر دەتوانرێت دادگایی بکرێن."

ڕۆژنامەنوس-کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان
ڕۆژنامەنوس-کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان


“ دابەشبوونی زۆنەکان“

لە دوای دەستگیرکردن و حوکمدانی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، هەر زوو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە چاودێری مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانان سەرەڕای ئیدانە کردنییان، دەستبەجێ داوای ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەکرد.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت“ بەشێکی ڕاپۆرتەکە باسی بەندکراوەکانی بادینانە. دەڵێت بەندکراوەکان دەڵێن دانپێندانانەکانیان لە ژێر ئەشکەنجەدا لێوەرگیراوە بەڵام دادوەری دادگاییەکە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکات ئەو بانگەشانەی پشتگوێخستووە. بەندکراوەکانی بادینان ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسین کە حکومەتی هەرێم بە سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی هەرێم تۆمەتباریان دەکات.

بەڵام سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم (کاروان ئەنوەر) دەڵێت“ ئەو لقەی کە من سکرتێری لقەکەم نەحاڵەتی حوکمدانمان هەیە و نەحاڵەتی، دەستگیرکردنمان هەیە و نە حاڵەتی تیرۆرمان هەیە. “

دەشڵێت“ ئەوە یەکەم جارە لە ساڵی 1992 وە کە ڕۆژنامەنووسێکی هەرێمی کوردستان لەسەر بڵاوکردنەوە بخرێتە زیندانەوە و حوکم بدرێت بەسەریدا. ئەمساڵ دەتوانم بڵێم بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشێیەکی زۆر مەترسیداردایە بۆ دواوە بەرامبەر بە وتن و بەرامبەر بە خۆپیشاندان هەرێمی کوردستان وەک سەرتاسەری باسدەکرێت لەڕاپۆرتەکاندا بەڵام ئەگەر وردی بکەینەوە ئایا هەرچوار پارێزگاکەی وەکو یەک وایە ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هاوڵاتی دەیکات. “

کاروان ئەنوەر وتیشی“بەپێی ڕاپۆرتەکان ئێمە دەکەوینە حاڵەتی پاشەکشەوە، کێشەمان ئەوەیە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا دەیەوێت خەڵک چاوترسێن بکات کاتێک لە شیلادزێ خەڵک دەگیرێت و حوکم دەدرێت بۆ ئەوەیە کە بە هەمان شێوە لە گەرمیانیش خەڵک بترسێت و چاوترسێن بێت. “

“تا ئێستا لە دهۆک کەس لەسەر ڕۆژنامەنووسی حوکم نەدراوە“

لە بەرامبەردا ڤیان عەباس سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی دهۆک کە ناوچەکەی لە سنووری لقەکەی بەردەوام باس دەکرێت دەڵێت“ ڤیان دۆخی کاری ڕۆژنامەنوسان بە شێوەیەکی گشتی ناڵێم پێرفێکتە- تەواوە بەڵام باشە، تا ئێستا کەس لە دهۆک لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی حوکم نەدراوە، ئەگەر باسی دەستگیرکراوانی بادینان دەکەن، بەڵام بابەتی ئەوان بابەتی ڕۆژنامەنووسی نییە، هەندێکیش لەوان ڕۆژنامەنووس نیین، بۆ نموونە ئەگەر باسی کەسێک بکەم کاک ئومێد بەرۆشکی کەسێک بوو ڕۆژنامەنووس بوو لەسەر بابەتێک دەستگیر کرابوو ئێمە وەکو سەندیکا زۆر بەرگریمان لێکرد لەبەر ئەوەی بابەتەکەی بابەتی ڕۆژنامەنووسی بوو بەڵام ئەگەر بابەتی بێت و ڕۆژنامەنووسی نەبێت ئێمە ناتوانین پشتی پێ ببەستین چونکە پشت دەبەستین بە بابەتی فەرمی دەکەین بۆ نموونە وەکو سەندیکا بۆ ئێمە لە دادگا و لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەکە نووسراوی فەرمی بۆ ئێمە بێت ئێمە پشت دەبەستین بەو نووسراوە بەڵام ئەگەر بابەتی چالاکوانی مەدەنی بێت یان بابەتی هەر هاووڵاتیەکی ئاسایی بێت ئەو بابەتی ڕۆژنامەنووسی نییە واتە دەبێت ڕۆژنامەنووس لە کاتی کاری ڕۆژنامەنووسیدا پێشێلکاری دژی کرابێت. “

“دەبێت فاتیحە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیا بخوێنیین. “

هەر یەکە لە بەرپرسی لقەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان جەخت دەکەنەوە کە ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسان زیاتر لە سنوورەکانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان فەراهەم کراوە.

کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت“ ئەمە قسەی ئەو خەڵکەیە کە لە دەرەوە دێن، یەکسەر هەست دەکەن کە دوو ژینگەی میدیایی جیاواز هەیە، من ئەو دەسەڵاتەم هەیە کە لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان بکەم بە تایبەتی لە کاتی پشێوییەکاندا، بەڵام ئایا سکرتێری لقی هەولێر یان سکرتێری لقی دهۆک ئەو دەسەڵاتەی هەیە! ئەم زۆنەیان ئازادی زیاتری تێدا فەراهەمه،‌ بەڵام ئەو زۆنەی تر کەمتر، حکومەتی هەرێم دەزگایەکی هەیە بەڕێز دیندار زێباری سەرپەرشتی دەکات بۆ به ‌درۆخستنەوەی ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیانە کە دەردەچن هەر ڕاپۆرتێک کە دەردەچێت بەرپەرچی دەداتەوە. “

کاروان ئەنوەر وتیشی“ ئێمە خەفەتەکەمان ئەوەیە لە ترۆپکی ئازادیدا بووین لە ساڵی 2005 هەتا ساڵی 2012 وتراوە هەرێمی کوردستان مێرگە سەوزەکەیە بەڵام لە عێراق تیرۆر بەرقەرار بوو، بەڵام ئێستا پێچەوانە بۆتەوە لە عێراق ئازادی زیاتر هەیە ئەگەر بەراوردبکرێن ئەوان پێشکەوتوون. ئەو زۆنە میدیایەی کە لە دهۆک هەیە ئایا یەکسانە بەو زۆنە میدیایەی لە سلێمانی هەیە؟، ئەگەر بەم شێوازە بڕوات ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی وتن بەم پاشەکشێە بەردەوام بێت وەکو ئەوەی لە ساڵی 2021 دا بوو ئەوا دەبێت فاتیحە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیا بخوێنیین. “

“لە دهۆک و هەولێر ئازادی ڕادەربڕین زیاتر هەیە لەچاو سلێمانی و عێراق “
بەڵام سکرتێری لقی دهۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت“ لە دهۆک و هەولێر ئازادی ڕادەربڕین زیاتر هەیە لەچاو سلێمانی و عێراق، ئەو دۆخە خراپەی ئێستای سلێمانی هەیە ڕۆژنامەنووسی بوێریشی هەیە و ناتوانێت قسە بکات، ئێمە لێرە ڕەخنەمان هەیە و دەڵێن دەبێت ئەوە چارەسەر بکرێت بەڵام ئەو لەوێ ناتوانێت قسە بکات. “

هەرچەندە سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت” ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕادەربڕین لە عێراق زیاترە لە ئێستادا، بەڵام سکرتێری لقی دهۆک دەڵێت“ ناتوانین بەراورد بکەین واتە لە عێراق زۆر زۆر خراپە بەدڵنیاییەوە دۆخی ڕۆژنامەنووسی هەرێمی کوردستان لە عێراق باشترە، ئێستا چەند خەڵکی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین چونکە دۆخەکە لای ئێمە زۆر باشترە.“

“ داخستنی ئێن ئاڕتی لە سلێمانی،،، کوشتنی ڕۆژنامەنووسان -ڕاکردنی ڕۆژنامەنووسان لە زۆنەکانەوە“

“هەرێمی کوردستان بەرەو سۆماڵ بوون و بەرەو جیبۆتی بوون دەڕوات“

لە کاتێکدا سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی دەڵێت“ئازادی لە سلێمانی زیاترە، بەڵام دەنگی ئەمەریکا ئەوەی لە کاروان ئەنوەر پرسی، ئەی سەبارەت بە داخستن و هەڵکوتانە سەر کەناڵی ئێن ئاڕتی دەڵێی چی؟

لە وەڵامدا کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وتی“ من خۆم لەو کەناڵە بووم کە هاتوونەتەسەر کەناڵەکە لە کاتی ئیشکردندا کۆمەڵێک خەڵکی عەشایر هاتن کەناڵەکە بسوتێنن من هەر لەوێ بووم وەکو سکرتێر ئەمانە هەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێرە (سلێمانی) شامی شەریفه، بەڵام ‌ بە گشتی بە بەراورد بە زۆنی تر لێرە خۆپیشاندان دەکرێت و قسە بە حکومەت دەوترێت و لێرە دێت و دەڕوات و تێدەپەڕێت بەڵام ئەو 82 حاڵەتەی کە لە ڕاپۆرتەکاندا باسدەکرێت هەر 82 حاڵەتەکە 52 حاڵەتیان ڕۆژنامەنووسیین و 30 دانەیان خۆپیشاندەری مامۆستا و فەرمانبەرانن لە ناو ڕاپۆرتی ئێمەدا بە کەیسی بادینان باسی کردووە، گرتنێک بەم لێشاوە هەتا ئێستا کوردستان بەخۆیەوە نەیببینیوە، 80 کەس دەستگیربکرێن و بەشی زۆریان دوو ساڵە هەتا ئێستاش لە زینداندان نەدادگایی کراون و نە ئازاد کراون ئەمەش خۆی لەخۆیدا پێشێلکارییە، ئەگەر تاکی کورد ڕاپۆرتەکە بخوێنێتەوە هەست دەکات هەرێمی کوردستان بەرەو سۆماڵ بوون و بەرەو جیبۆتی بوون دەڕوات ئەو وڵاتانەی کە بە هیچ شێوەیەک مافی وتن و مافی بڵاوکردنەوەی تێدا نییە.

کاروان ئەنوەر دەشڵێت“ هەتا ئێستا بە دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە هەولێر و لە دهۆک ڕایانکردووە و لە سلێمانی دەژین کە ئاوارەی وڵاتی خۆیانن، هەندێکیان هەر چوونەتە ئەوروپا دابنیشن دەسەڵاتی هەولێر ئەم دوو ئیدارەییە جیادەکاتەوە یان ئەم دوو میدیایە جیادەکاتەوه. “

هەروەها ڕایگەیاند “تائێستا 5 کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنووسیمان هەیە تەنها تەقەکەری یەک کەسیان لە زینداندا حوکمدراوە بەسەریاندا واتە چوارەکەی دیکەیان بەتاڵن و دەسوڕێنەوە ئەو کەیسانەش نازانرێت داخراون یان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بە تەنها تەقەکەری کاوە گەرمیانی حوکمی زیندانی هەمیشەیی بەسەردا دراوە. “

لای خۆیەوە سکرتێری لقی دهۆکی ڕۆژنامەنووسان ڕەتیکردەوە کە ڕۆژنامەنووس لە دهۆک و هەولێرەوە لەبەر مەترسی سەر ژیانیان چوبێتنە سلێمانی و دەڵێت“ من ئاگام لەوە نییە با ناوەکان بڵێت، ئەوە شتێکی ئاساییە چەند کەسی هەولێر و سلێمانیش هەن لە دهۆک دەژین و ڕۆژنامەنووسن، ئەوە پێکەنیناویە و قسەیەکی جوان نییە واتە مەعقولە خەڵکی هەولێر دهۆک بن و نەتوانن لە سلێمانی بژین یان کەسێکی سلێمانی نەتوانێت لە هەولێر و دهۆک بژی. “
ڤیان عەباس زیاتر وتی“ ئەمە مەسەلەی هەلی کاره،‌ بۆ نموونە دەوترێت دەزگایەکی ڕاگەیاندنی گەورە لە هەولێر دەکرێتەوە بۆیە پێویستی بە ڕۆژنامەنووس هەیە لە هەموو شارەکان ئەمە پەیوەندی بە ئیشەوە هەیە و هەلی کارە، سنووری پارێزگای دهۆک بچووکە لەبەر ئەوە ئیشی ڕاگەیاندن زۆر کەمە لەوێ واتە دەتوانم بیژمێرم چەند دەزگای ڕاگەیاندن هەن واتە ڕۆژنامەنووس هەیە حەزدەکات ئیشەکەی گەورەتر بکات و لە کەناڵێکی تر کاربکات هەلی کار هەبوو بێت و حەز بکات بچێتە سلێمانی گرنگ ئەوەیە ئیشێک بێت حەز و توانی ئەوی تێدا دیار بێت ئەوە شتێکی زۆر ئاساییە و پەیوەندی بە هەلی کارەوە هەیە و پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە. “

“ ئەزمونی زیندانی ڕۆژنامەنوسێک... “

دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی جارێکی-ئەحمەد زێباری
دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی جارێکی-ئەحمەد زێباری

ئومێد بەرۆشکی ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆی دیاری ناوچەی بادینان، لەسەر حەوت سکاڵا کە پەیوەندی هەبوو بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە لە 18-08-2020 دەستگیرکرا، لەسەر یەکێک لەو کەیسانە کە تایبەت بوو بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی لەسەر ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان نوسیبووی بە “تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بەو هۆیەوە بۆ ماوەی ساڵێک حوکمدرابوو، بەڵام پاش لێوبردە تایبەتیەکەی سەرۆکی هەرێم بە کەمکردنەوەی ماوەی حوکمی زیندانی کراوانی بادینان، ئومێد بەرۆشکی لە 22-02-2022 ئازاد کرا. “

بەرۆشکی لە لەدوانێکیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی“ زیندانیکردنی ئێمە لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی، ئازادی ڕادەڕبڕین و کاری چاڵاکی مەدەنیانە بوو، کە وەکو ڕۆژنامەنووس قبۆلمان نەکردبوو لەناو بازنەی حیزبی دەسەڵاتداری بادینان دا ئیش بکەین، ئێمە بە پیشەیانە دەنگی ئازار و کێشەکانی خەڵکمان دەگەیاند ."

سەبارەت بە ڕەوشی زیندانیکردنی وەک ڕۆژنامەوانێک؟ بەرۆشکی وتی“ بێگۆمان ڕۆژنامەنووسێک یان هەر کەسێک بە بێ تاوان دەستگیربکرێت و سزابدرێت، و تێکەڵ بە کەسانی تاوانباربکرێت، ئەمە سەرپێچی مافی مرۆڤە، و تایبەت ئەگەر ڕەوشی زیندان لە ڕووی گۆزەران و ژیانکردنەوە لە کواڵێتیێکی کەمدابێت . “

ئومێد ئەوەشی وت“ ڕەوشی ئازادی ڕادەڕبڕین و تایبەت ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم تایبەت لە بادینان لە ئاستێکی خراپدایە، بەردەوام لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنیەکاندایە، کە ئەگەر لە دەرەوەی سیاسەتی دەسەڵاتی دەڤەرەکە ئیشت کرد ئەوا توشی گرفت دەبێ“.

“ تەقینەوەی کێشەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێم و بەرەو دوو ئیدارەیی سەندیکا “

لە میانەی بە دواداچونی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، لەسەر گرفتەکانی بەردەم ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، بۆ دەنگی ئەمەریکا دەرکەوت لە ڕێگای زانیارییەکانەوە، کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم و لقی سلێمانی ناکۆکی توند لە نێوانیاندا هەیە، بە جۆرێک هەرچەندە(کاروان ئەنوەر) وەک سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان قسەی بۆ کردین، بەڵام حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان وتی“ ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە سکرتێری لقی سلێمانی لە پۆستەکەی لادراوە، وتیشی“ ئامادە نیم هیچ قسەیەکی تر لەو بارەوە بکەم“

“ دەڵێن دەبێت سلێمانی وەک هەولێر و دهۆک بێت “

دەربارەی کێشەکانی نێوان سەندیکای ڕۆژنامەنوسان و لقی سەندیکاکە لە سلێمانی، کاروان ئەنوەر جەختیکردەوە، کە تا ئێستا خۆی سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانە لە سلێمانی و وتیشی“ کێشەکانی ئەم سەنیکایەی هەولێر و نەقیبی سەندیکا لەگەڵ ئێمە ئەوەیە کە دەڵێن، ئەم سەندیکایە نابێت ئازادتر بێت، دەڵێن دەبێت سلێمانی وەک هەولێر و دهۆک بێت، نە من وەک سکرتێری لق نە خەڵکەکەی قبوڵییان نیە سلێمانی وەک هەولێر بێت، من وەک ئەخلاقێکی ڕۆژنامەوانی خۆم قسە لەسەر پێشێلکارییەکان و لێدان لە ڕۆژنامەنووس لە هەولێر و دهۆک دەکەم مافی خۆمە. “

“ ئایا سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لادراوە لە پۆستەکەی؟“

کاروان ئەنوەر دەشڵێت“ کێشەکە دەرکردنی من نییە ، چونکە من دەرنەکراوم لە پۆستەکەی خۆمم(سکرتێری لقی سلێمانی) بەڵام ئەگەر بێن جیاوازی بکەن لە نێوان سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆک، بەس لقی سلێمانی سەندیکا توانیویەتی سەد هێندە خزمەت بە خەڵک و ڕۆژنامەنووسان بکات لەم دەڤەرە، بۆ یەکەم جار لقی سلێمانی توانی بۆ خولی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەنووسان بباتە دەر، تیمی ڕۆژنامەوانی نەک تیمی ئەنجومەنی سەندیکا و نەقیب، چونکە نەقیب هەمیشە خۆی لە ناو فڕۆکەدایە دەڕوات بەڵام تا ئێستا جگە لە ئەنجومەنەکە یەک ڕۆژنامەنووسی لەگەڵ خۆی نەبردۆتە دەرەوە، ئێمە لقی سلێمانی توانیومانە زەوی بدەین بە ڕۆژنامەنووس، کتێبیان بۆ چاپ بکەین، جل و بەرگی تایبەتی ڕۆژنامەوانان بە خۆڕایی دابین بکەین بۆ ڕۆژنامەنووسان کە تا ئێستا سەندیکا نەیتوانیووە یەک هێلەگ دروست بکات بۆ ڕۆژنامەنووسان. “

وتیشی“ ئەوەندەی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەوانان چالاکە، هێندە لقەکانی تر چالاک نین، دەرکردنی من بە دەستی نەقیب نییە، چونک من بە هەڵبژاردن هاتوم، نوێنەری حزبێکم لە ناو سەندیکا کە (یەکێتی نیشتمانی کوردستانە)، یەکێتی نیشتمانی پێم بڵێ وەرە دەرەوە من دێمە دەرەوە ئێستا، بەڵام حاکم ئازادی نەقیبی سەندیکا بۆی نییە بە من بڵێت، ئەم پیاوە قسەی خۆی دەشکێنێت، ئەگەر ئەو دەڵێت، چوار واژۆم کۆکردۆتەوە بۆ لادانی من ، ئەوە من چوار هەزار واژۆ کۆ دەکەمەوە بۆ لادانی ئەو ئەگەر بە واژۆ کۆکردنەوە لادان دروست دەبێت، ئەمە خەوێکی بەرتەسکبوونەوەی حزبییە کە چاوییان بە سلێمانی و چالاکییەکان و ئازادی ئم شارە هەڵنایەت، لێرە خەڵک هەمووی ئازادانە ڕەخنە دەگرێت. “
کاروان ئەنوەر جەختیکردەوە“ کە وەک سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە لە کارەکانی، چونکە وەک ئەو دەڵێت “هیچ کێشەیەکمان نیە و بڕیارەکەش یاسایی نییە چونکە چونکە سەندیکا پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای خۆی هەیە. “

سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی دەشڵێت“ تا ئێستا لە سلێمانی کێشەمان نییە و نوێنەری پارتیش لە سەندیکا دەوامی خۆی ئاسایی دەکات، خۆی سلێمانی و سەندیکا و ڕۆژنامەنووس و خەڵکەکەشی جیاوازن، ڕۆژنامەنووسی خەسێنراو لە سلێمانیدا نییە، هەمووی خەڵکی چالاک و بە جەرگن، بەڕەش دەڵێن ڕەش، بە سپیش دەڵێن سپی، من خۆم چەندین جار چوومەتە ناو خۆپیشاندانەوە.

“ لە سلێمانیەوە دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکەین... بەڵام لە هەولێرەوە هەیە“

کاروان ئەنوەر وتیشی“ لە سلێمانی دوو ئیدارەیی بۆ سەندیکا قبوڵ ناکەین لە لقی سلێمانی شتی وامان نییە، بەڵام لە هەولێرەوە هەیە ماوەی هەشت ساڵە لە هەولێرەوە یەک دینارییا نەناردووە بۆ لقی سلێمانی، واتە لەسلێمانیەوە نەکراوە بەڵام بەداخەوە کێشە حزبییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەری هەبووە لەسەر نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان “

سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی هۆشداری دا بە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم و وتی“ ئەگەر عاقڵ نەبن واتە بە لۆژیک مامەڵە نەکەن لەگەڵ سلێمانی، ئەوا ئێمە ئەوەی لە ژێر بەڕەیە دەیخەینە سەر بەڕە کەچی بەرامبەر بە سلێمانی کراوە ئەوکات بابەتەکە دەبێتە بابەتی ڕای گشتی، و دەبێتە ئەوەی چۆن دەیانەوێت قاچی سلێمانی بشکێنن و سلێمانی بخەنە سەر ئەژنۆ. “

“هەر لەبەر شان و شەوکەتی سەندیکا نەبووایە، من ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەم لەسەر نەقیبی سەندیکا و ئەوانەی واژۆی لادانی منیان کردووە، ئەوا ئێمە دەتوانین چوار هەزار واژۆ دژی ئەوان کۆبکەمەوە. “

کاروان ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد“ بە سیفەتی پلە حزبیەکەم کە ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندن و سەرنووسەری سایتی فەرمی یەکێتیم چل و دوو ساڵە لەو حزبەدام هەرکات بەو سیفەتە لێدوانم دابێت، ئەوە ئەوان لە هەوڵێرەوە لێییان توند کردومەتەوە، من یەک جانتا نووسراوم هەیە ئەگەر بڵاوی بکەمەوە ئەوا دەبێت نەقیب هەرچی ئەو باڵەیە لە ناو لقی سەرەکی سەندیکا لە هەولێر (کە پارتی و ئەوانەی لەگەڵ نەقیبن) پاڵپشتی دەکەن ئەوا دەبێت قفڵ بدەن لە دەرگا و پەنجەرە و جانتایان کۆبکەنەوە و بڕۆن چونکە زۆر بێ ئیتیکی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لەو سەندیکایە کراوە. “

کاروان ئەنوەر وتیشی“ هەر لەبەر شان و شەوکەتی سەندیکا نەبووایە، من ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەم لەسەر نەقیبی سەندیکا و ئەوانەی واژۆی لادانی منیان کردووە، ئەوا ئێمە دەتوانین چوار هەزار واژۆ دژی ئەوان کۆبکەمەوە، بەداخەوە کار گەیشتۆتە ئەوەی کۆمەڵێک شتیان وتووە زۆر بێ مۆراڵانە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم، ئەم پیاوەی خۆی ناو ناوە نەقیبی سەندیکا ، خۆی نازانێت و ڕۆژنامەنووس نییە، کاکە سلێمانی نە بە من لغاو دەگیرێت نە بە ئازاد، نە بە پارتی نە بە یەکێتی، سلێمانی جیاوازە کە هاتیتە سلێمانی دەبێت خزمەتی بکەیت، ڕۆژنامەنووسی سلێمانی جیاوازە لە شوێنەکانی تر. “

“ماوەی هەشت ساڵە پارە لە هەولێرەوە نانێرن بۆ لقی سلێمانی سەندیکا“
سکرتێری لقی سلێمانی دەشڵێت“ ماوەیەکی تر من بە هەموو نوسراوەکانی خۆی(نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان) بە بەڵگەوە لەبەردەم هەموو کەناڵەکان دەیخەمەڕوو، کە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان چۆن دژایەتی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی دەکات، مەعقولە نەقیب وتویەتی من چۆن دەهێڵم شوقە دابەش بکرێت بەسەر ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی، ئەی ئەوانەی هەولێر و دهۆک چی؟! مەعقولە هەموو مانگێک پارە لە حکومەت بۆ سەندیکا وەردەگرن، کەچی ماوەی هەشت ساڵە یەک دینار نانێرن بۆ سلێمانی ؟! ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بڵێین(ستۆپ) ئەمە سلێمانیە و لقی سلێمانیە، ئەگەر من شەرعیەتم نەبێت کە بە هەڵبژاردن هاتووم، ئەوا تۆ وەک سەندیکا لە 15 ی مانگی حەوتی 2015 وە شەرعیەتت نەماوە وەک سەندیکا، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێن کۆنگرە بکەن نایکات، کە دەڵێت پارە نییە بۆیە کۆنگرە ناکەم وتویانە ئەوە پارە، ئێستا هەر کۆنگرە ناکات ئەمەش بۆ ئەوەیە خەڵک زمانی ببرێت ، وەداد حسێن زمانی بڕدرا و پەنجەی شکێنرا، سەردەشت عوسمان گولەیەک نرا بەناوی دەمیەوە و لە پشتە سەریەوە هاتەدەر بۆ ئەوی خەڵک قسە نەکات لەسەر ئەم بابەتانە، کۆمەڵە خەڵکێک و باڵێک لەناو حزبێک دەیانەوێت ئەم سەندیکایە ئاوا کار بکات کە ئەوە دەست نادات، کاتی ئەوەش هاتووە کە ئیتر هەموو نهێنیەکان ئاشکرا بکرێن. “

لای خۆشیەوە بژار حەکیم جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم سەبارەت بە کێشەکانی نێوان سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و لقی سلێمانی بە تەنها ئەوەندەی بە دەنگی ئەمەریکا وت“ ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئێستا لە سەندیکادا هەن پێویستیان بە چارەسەر هەیە بۆیە دەبێت بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەین. “

هەروەها سکرتێری لقی دهۆکی- ڕۆژنامەنووسانی هەرێم (ڤیان عەباس) دەڵێت“ ئەگەر ئەو کەسانەی نوخبەن بابەتەکە بکەن دوو ئیدارەیی ئەو قسەیە زۆر جوان نییە لای من. “

“ سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تێوەگلاوە هێندەی نەماوە دوو لەت ببەت “

ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکانی دەرەوەی حزبەکان، بە تایبەت دەرەوەی پارتی و یەکێتی باس لە ڕەنگدانەوەی کێشە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکەن لەسەر سەندیکای ڕۆژنامەنووسان.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەنووس (محەمەد ڕەئوف) سەرنووسەری سایتی درەو میدیا دەڵێت “ئەو کێشە و قەیرانە بەردەوامە دروستکراوانەی کە یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان خوڵقاندوویانە لە پێناو بەردەوامیدان بە تەمەنی خۆیان، تەواوی کایە جیاوازەکانی گرتووەتەوە و ئەستەمە بوارێک لە بوارەکانی ژیان ببینیت کاریگەری ئەو کێشانەی لەسەر نەبێت، سەندیکای رۆژنامەنووسانیش هاوشێوەی هەموو سەندیکاکانی تری کوردستان دابەشبووە بەسەر حزبەکاندا. “

محەمەد ڕئوف
محەمەد ڕئوف


محەمەد ڕەئوف وتیشی “ سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تێوەگلاوە و بە تایبەتیش ماوەیەکە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کەوتووە ژێر فشاری بەرپرسانی باڵای سەندیکای رۆژنامەنووسان و هێندەی نەماوە بە تەواوی سەندیکا دوو لەت بکات، ئەوان دەڵێن بەرپرسی لقی سلێمانیمان دەرکردووە و ئەملاش دەڵێت ئەوە فشاری سیاسیەو جێگەی قبوڵکردن نییە.

سەرنوسەری درەو میدیا دەشڵێت“لە بنەڕەتدا سەندیکای رۆژنامەنووسان لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبەکان دانراوەو نەقیب و جێگر و بەرپرسی یەکەمی لقەکان بۆ یەکێتی و پارتی و بەشەکانی تریش بەسەر حزبەکاندا دابەشبوون، نیەت و ئاڕاستەی دوو ئیدارەیی کە لە ئێستادا بە زەقی دەرکەوتووە و بە شێوەی پراکتیکی لە زۆربەی بوارەکاندا بوونی هەیە و جێبەجێدەکرێت.

محەمەد ڕەئوف جەختیشی کردەوە“ کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی بوارەکانی ترو سەندیکاکانیش جێهێشتووە، بە جۆرێک ئێستا (43% بە 57%) لە بودجە و پرۆژەکان و بەنزین و نەوتی سپی و کارەبا و ئاو جێبەجێدەکرێت و تەنانەت دەیانەوێت لە کوشتن و تاوان و مردن و منداڵبوون و هاوسەرگیری و تەڵاقیشدا ڕێژەی دوو ئیدارەیی ڕەنگبداتەوە. “

ڕاشیگەیاند“ بۆیە ئەم پرسی دوو ئیداریە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانیش هاوشێوەی سەندیکاکانی دیکە ڕەنگیداوە و بە تەواوی درک بەو دابڕانە دەکرێت و لەو کاری سەربەخۆ و نەگەڕانەوەیە بۆ یەکدی دەکرێت، حکومەت حکومەتی یەکگرتووە بەرەو دوو ئیدارەیی دەڕوات سەندیکایەک کە بۆخۆی لکێندراوی دوو سەندیکایە چۆن لەت نابێت؟ “

XS
SM
MD
LG