Accessibility links

بۆچی پرسی لەباربردن هێندە جێگەی مشتومڕە لە ئەمەریکا؟


ئەم هەفتەیە دەیان خۆپیشاندانی فراوانی ناڕەزایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامدران دوای ئەوەی کە ماڵپەڕی پۆڵەتیکۆ بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی دادگای باڵای بڵاوکردەوە کە تێیدا زۆرینەی ئەندامانی دادگا بڕیاردەدەن بۆ لەکارخستنی یاسایەک کە ڕێگەیداوە بە لەباربردن.

بەڵگەنامەکە تا ئێستا بە "بۆچون" دادەندرێت و پێویستی بە چەندین پێداچونەوە هەیە پێش ئەوەی بچێتە بەردەم نۆ ئەندامەکەی دادگای باڵا بۆ دەنگدان لەسەری.

بەڵام لە ئەگەری پەسەندکردنی ڕەشنوسەکە، یاسای ڕۆو ڤی وەید کە لە ساڵی 1973 مافی لەباربردنی دا بە ژنان لە ئەمەریکا بە فەرمی هەڵدەوەشێتەوە.

بەڵگەنامەکە مشتومڕێکی توندی لەناوخۆی ئەمەریکا دروست کردووە. دیموکراتەکان دەلێن پەسەندکردنی ڕەشنوسەکە "گەورەترین سنووردانانە بۆ مافەکان لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا." کۆماریەکان کە دژی لەباربردنن دەڵێن "چەپە توندڕەوەکان" لە ناو پارتی دیموکراتەکان دەیانەوێت "گێچەڵ" بە دادگای باڵا بکەن.

لە هەمانکاتدا، دزەکردنی بەڵگەنامەکە بە ڕوداوێکی دەگمەن دادەندرێت بۆ دادگای باڵا کە پێشتر زۆربەی ڕێوشوێنە یاساییەکانی بە نهێنی هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەردەم فشاری ڕای گشتی.

جیاوازیەکان بۆ پرسی لەباربردن

پرسی لەباربردن یەکێکە لە بابەتە زۆر هەستیارەکان لە کۆمەڵگای ئەمەریکا کە بەدرێژایی دەیان ساڵ هۆکاری مشتومڕی توندی کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی بووە.

جیاوازیەکان لەسەر ئەو بابەتە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی سەرەکی: یەکەم بەرە دەڵێت کە پشتگیری "مافی بژاردە" دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ژن مافی ئەوەی هەیە خاوەن بڕیاربێت لەسەر جەستەی خۆی و ناکرێت کۆمەڵگە یا دەوڵەت ڕێگری لێبکات کاتێک ویستی پەنابەرێتە بەر لەباربردن.

لە بەرامبەردا بەرەی دووهەم دەڵێت کە پشتگیری "مافی ژیان" دەکات بۆ ئاوڵەمە و کۆرپەلە و پێیوایە لەباربردن بریتییە لە کوشتن.

بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە سەنتەری پیو بۆ لێکۆڵینەوە ئەنجامیداوە، نزیکی 59% هاووڵاتیانی تەمەن 18 ساڵ بەسەرەوە لە ئەمەریکا دەڵێن کە دەبێت لەباربردن لە هەموو یان زۆربەی حاڵەتەکان ڕێگەپێدراو بێت. لە بەرامبەردا، نزیکی 39% دەڵێن کە دەبێت لەباربردن لە هەموو یان زۆربەی حاڵەتەکان ڕێگەی پێنەدرێت.

بەشێک لە ئەمەریکیەکان پشتگیری لە هەندێک بەڵگە و بۆچونەکانی هەردوولا دەکەن و زیاتر لەگەڵ ئەوەن کە ئەم پرسە بەگوێرەی بارودۆخ و هۆکارەکانی پاڵنەر بۆ لەباربردن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

مەسعود فەریڤار بەشداری لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە کردووە لە واشنتن.

XS
SM
MD
LG