فەهد حامد قائیمقامی شەنگال بە وەکالەت دەڵێت ”بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شەنگال، بە پێی ئامارەکان 700 خێزانی شەنگال ئاوارەبوونەتەوە، بەشێک لەوانە بەرەو کەمپەکانی کوردستان هاتوون بەشێکیش لەوانە بەرەو چیاکانی شەنگال چوون، دەشڵێت” بەردەوام خەڵک شەنگال بەجێدەهێڵن بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکەکەی لە هەڵگیرسانی شەڕ، بە وتەی قائیمقامی کاتی شەنگال، تا ئێستاش هێزەکانی یەپەژە لەناو شەنگالدان، و تورکیاش ڕاست ناکات لە بیانووی بوونی پەکەکە لەشەنگال. ”
” ئێستا شەڕ لە شەنگال نیە ”
فەهد حامد لەسەرەتای قسەکانیدا وتی” ئێستا شەڕ لە شەنگال نیە، بەڵام خەڵکەکە بەتەواوی دەترسن و دڵە ڕاوکێییانە، بە سەدان خێزان ئاوارە بوون، هەر ئێستا کە قسەی تێدا دەکەم بە دەیان خێزان خۆیان کۆدەکەنەوە شەنگال بەجێبهێڵن. ”
قائیمقامی شەنگال دۆخی شەنگالی بە خراپ ناوبرد و وتی” دۆخەکە زۆر خراپ و زەحمەتە، ئەوە چەند ساڵە لە %30 ی خەڵکی شەنگال گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئەوە جارێکی تر ئەو خەڵکەش ئاوارە بوونەوە، بە هەزاران خەڵک جارێکی تر چونەوە کەمپەکان و ئاوارەبونەوە، چونکە ڕاستە ئێستا شەڕ نیە بەڵام خەڵک دەترسن بەیانی و دوو بەیانی شەڕ هەڵبگیرسێت. ”
” هێزەکانی یەپەژە لە شەنگال ماون”
قائیمقامی شەنگال وتیشی” هێزەکانی یەپەژە لە شوێنی خۆیان ماون و شوێنەکانیان چۆڵ نەکردووە لە شەنگال. ”
بە وتەی قائیمقامی شەنگال، تورکیا ناو بەناو” هەر مانگی جارێک بۆردومانی شەنگال دەکات”
” خەڵکی شەنگال نە داوای پۆستی وەزارەتەکان دەکەن نە داوای پۆستی سەرۆک کۆمار، تەنها ژیانێکی ئارامییان دەوێت ”
فەهد حامد ئەوشی وت” خەڵکی شەنگال جگە لە ئاشتی و ژیانێکی ئارام هیچی تری ناوێت، نە داوای پۆستی وەزارەت دەکەن، نە داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن، بەڵکو بە تەنها داوای ژیانێکی ئارام دەکەین بۆ شەنگال، خەڵکی شنگال دەیەوێت نەبێتە قوربانی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، کێشەکانی نێوان ئێران و تورکیا. ”
” خەتای پەکەکە نیە”
هەرچەندە لە پێشوتر هەریەکە لەحەیدەر شەشۆ بەرپرسی هێزی ئێزیدخان لە شەنگال، وە عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حکومەتی هەرێم لە هێزەکانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکەیان) بە هۆکار بۆ گرفتەکانی شەنگال ناوبردبوو.
بەڵام قائیمقامی شەنگال ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت” من ناڵێم خەتای پەکەکەیە، بەڵکو خەتاکە هی حکومەتی عێراقی و هی تەماح و چاوتێبڕینی هەرێمی و دەولییە لەسەر شەنگال. ”
فەهد حامد وتیشی” تورکیا ئەگەر بیانووی پەکەکەی لە شەنگال هەیە، پەکەکە لەناو گوند و کەمپەکانی شەنگالدا نین، بەڵکو لە قەندیل و چەندین شاری کوردستانی تورکیادا پەکەکە هەیە، بۆ ناچنە ئەوێ هێرشیان بکەنە سەر، بەڵام ئەمە تەنها بیانووە کە نیەتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی خەڵکی شەنگال نەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەو نیەتەش هەریەکە لە تورکیا و هەولێر و بەغدادن، کە نایانەوێ خەڵکی شەنگال بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، خەڵکی شەنگالیش نایەوێت بکەوێتە ناو ئەو حسابات و کێشە سیاسیانە. ”
قائیمقامی شەنگال ئەوەشی وت” بەپێی ئەو ئامارانەی لای ئێمە هەن لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو زیاتر لە 700 خێزان لە شەنگال ئاوارە بوونەتەوە، تا ئێستاش ژمارەکە لەزیادبووندایە، چونکە خەڵک بەردەوام ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن، خەڵکەکە دەچنە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و یان دەچنە چیاکانی شەنگال. ”