نوسینگەی سەرۆکی ئوکرانیا ڤلۆدمیر زێلێنسکی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیا بۆ سەر شارۆچکەی باخمووت لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بە لایەنی کەمەوە 3 کەس کوژران.
ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا دەڵێن دوای شکستی ڕووسیا بۆ دەستگرتن بەسەر کیێڤی پایتەختدا، هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەوی و هێرشەکانیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە چڕ کردۆتەوە.
نوسینگەی زێلێنسکی گوتی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە ناوچەی دۆنیسک ئامانجیان هەر یەک لە شارۆچکەکانی مالۆترانیڤکا، دروژگیڤکا، کۆنستانتینیڤکا و باخمووت بووە، کە زیانی بە کارگەکان گەیاندووە و ماڵەکانی ئەو ناوچانەی وێران کردووە.
مۆسکۆ کردارەکانی بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" ناودێر دەکات بۆ داماڵینی چەک لە ئۆکرانیا و پاکتاوکردنی ئەو ناسیۆنالیزمە دژە ڕووسیایانەی کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێن.
ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن، ڕووسیا جەنگێکی بێ پاساوی دەست پێکردووە و هێزەکانی ڕووسیا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکەن. مۆسکۆش ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت تەنها پێگەی سەربازی و ستراتیجییەکانی کردۆتە ئامانج نەوەک خەڵکی سیڤیل.
لەوەتەی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا دەستیپێکردووە زیاتر لە 5 ملیۆن ئۆکرانی هەڵاتوون و ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز