ڕێکخراوی نەرویجی ئێن ئاڕ سی NRC کە لە کامپی هۆل کاردەکات، دوای ئەوەی دوو کەسی نەناسراو هێرشیان کردە سەر ئۆفیسەیان و هەڕەشەیان لە کارمەندانی ڕێکخراوەکە کرد و کەلوپەلی ئۆفیسەکەیان دزی کارەکانیان ڕاگرت.
شێخموس ئەحمەد بەرپرسی نووسینگەی پەنابەران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دوای ڕووداوەکانی زیندانی غوێران، شانەکانی داعش هێرشەکانیان لە کامپی هۆل زیاتر کردووە.
ئەحمەد لە وتارەکەیدا هۆشداری دایە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مەترسی زیادبوونی چالاکییەکانی داعش و داوای دەستێوەردانی کرد.
لە مانگی چوار و سەرەتای مانگی پێنجدا، شانەکانی داعش ژمارەیەک هێرشیان لە کامپی هۆل ئەنجامداوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە مانگی 4ی ئەمساڵدا 6 کەس لە کامپی هۆل لە لایەن شانەکانی داعشەوە کوژراون.
لە سەرەتای ساڵی 2022 وە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ژمارەی کوژراوان لە کەمپەکەدا گەیشتووەتە 10کەس.
لەلایەکی دیکەوە، لە چوارچێوەی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئاسایشی لە کامپی هۆل لە 23ی مانگی 4دا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەموو بەشەکانی کامپی هۆل و گوندەکانی حەسەکە ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا.
هەروەها لە 2ی مانگی 5دا هێزەکانی ئاسایش 23 ئەندامی شانەکانی داعشیان دەستگیرکرد کە لەناو کامپی هۆلدا بوون، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ شانەکانی داعش لە دەرەوەی کامپەکە.