Accessibility links

سەعید هەرکی: ئەگەر ئیرادەی سیاسی نەبێت هیچ بۆ موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی ناکرێت


سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لە کاری لیژنەکەیان دەکات بۆ بە دوااچون لەسەر دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی ئەو شارە بۆ موچەی فەرمانبەران.

“ ئه‌وه‌ نزیکه‌ی سێ مانگ زیاتره‌ بۆته‌ شتێکی ڕه‌سمی له‌ سلێمانی که‌ پاره‌ له‌ بانکه‌کان نامێنێت “

دوێنێ چوارشەممە حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو“ دوو هەفتە پێش جەژن لەسەر بابەتی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و کێشەی بانکەکان لەگەڵ لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان کۆبوینەوە وابڕیاربوو سکاڵامان بدەنێ تا دەستەکەمان کاری لەسەر بکات بەڵام تا ئێستا ئەو لیژنەیەی پەرلەمان سکاڵاکەی نەداوینەتێ.“

لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، دەربارەی ئەوەی بۆچی هەتا ئێستا لیژنه‌که‌تان سکاڵای نه‌داوه‌ته‌ ده‌ست ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی که‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی چاوه‌ڕێی سکاڵای ئێوه‌یه‌؟
لە وەڵامدا سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی وتی“ ئێمه‌ سکاڵا ناده‌ینه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی، به‌ڵکو ئێمه‌ به‌دواداچوون ده‌که‌ین، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2022 وه‌ وه‌کو دیارده‌ له‌ سلێمانی به‌دیمانکرد که‌ دیارده‌یه‌ک هه‌یه‌ پاره‌ نامێنێت واته‌ مووچه‌خۆر مووچه‌کانیان وه‌رناگرن ئێمه‌ ته‌سه‌ورمان کرد نه‌وه‌ک حاڵه‌تێک بێت داهاته‌ ناوخۆییه‌کانی سلێمانی وه‌کو پێویست نه‌گه‌یشتبێته‌ بانکه‌کان بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وت دیارده‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نزیکه‌ی سێ مانگ زیاتره‌ بۆته‌ شتێکی ڕه‌سمی له‌ سلێمانی که‌ پاره‌ له‌ بانکه‌کان نامێنێت، ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی دابنیشین ئێمه‌ بۆخۆمان وه‌کو لیژنه‌ی ده‌ستپاکی کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان کرد تایبه‌ت بوو به‌ بابه‌تی نه‌مانی پاره‌ له‌ بانکه‌کانی سلێمانی پێمانوابوو که‌ ده‌بێت به‌دواداچوون بکه‌ین، بۆیه‌ هه‌ندێک له‌ براده‌ران له‌ناو لیژنه‌ی ده‌ستپاکی پێیانوابوو که‌ ده‌بێت لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌نێوان ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی و لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان پێکبهێنرێت ئێمه‌ نوسراومان داوه‌ته‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان به‌ڵام، هه‌تا ئێستا لیژنه‌ی دارایی وه‌ڵامی ئێمه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌ نزیکه‌ی دوو مانگ زیاتره‌ نوسراومان ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کردووه‌ و ئه‌وانیش ئاراسته‌ی لیژنه‌ی داراییان کردووه‌ به‌ڵام هه‌تائێستا وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌. “

هەرکی وتیشی “ سه‌رۆکی لیژنه‌ی دارایی کاک (زیاد)‌ حه‌ق بوو ئه‌و زیاتر خه‌مخۆر بێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ڵام هه‌تا ئێستا وه‌کو پێویست نه‌هاتۆته ‌پێش که‌ به‌دواداچوون بکه‌ین له‌ ده‌روازه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، ده‌روازه‌ی باشماخ و په‌روێزخان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باج و ده‌رامه‌ت و ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ داهاتی سلێمانی لێ کۆده‌بێته‌وه‌ که‌ ئایا داهاته‌کان دێت؟! ئایا داهاته‌کان ده‌درێته‌ بانکی ناوه‌ندی سلێمانی و دواجاریش سه‌ردانی بانکی ناوه‌ندی سلێمانی بکه‌ین بۆئه‌وه‌ی بزانین داهاته‌کان بۆ کوێ ده‌چێت و بۆچی پاره‌ نامێنێت له‌ بانکه‌کاندا؟! به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌تائێستا لیژنه‌ی دارایی وه‌ڵامی ئێمه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌. “

“ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ نوسراوێك فه‌رمی بۆ ئێمه‌ نه‌هاتووه‌ “

لای خۆشیەوە، زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو قسانەدا ڕەتیکردەوە، لیژنەکەیان هیچ داواکارییەکییان لە لیژنەی دەستپاکیەوە پێگەیشتبێت، زیاد جەبار بە دەنگی ئەمەریکای وت “ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ نوسراوێك فه‌رمی بۆ ئێمه‌ نه‌هاتووه‌ كه‌ داوا له‌ئێمه‌ كرابێت كه‌ لیژنه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی پێكبهێنین و سەردانی سلێمانی و خاڵە سنورییەکان بکەین لەگەڵ لیژنەی دەستپاکی، ئێستاش ڕۆژانه‌ هه‌ر نوسراوێك دێته‌ لیژنه‌ی دارایی له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كسه‌ر گروپێكمان هه‌یه‌ له‌وێ دایده‌نێین هه‌موو براده‌ره‌كانمان ده‌یبینن “

“ ئێمه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵکین و حه‌قه‌ ئه‌و گله‌ییه‌مان لێبکه‌ن “

ڕه‌نگه‌ مووچه‌خۆرێک له‌ تۆ بپرسێت و بڵێت تۆ په‌رله‌مانتاریت چ پێویستیت به‌ چاوه‌ڕوانیه؟‌ بۆچی خۆتان ناچن وه‌کو په‌رله‌مانتار پارێزبه‌ندیتان هه‌یه‌ و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ستپاکیت و ئه‌رکی ئێوه‌یه‌ بۆچی خۆتان له‌گه‌ڵ هاوکاره‌کانتان ناچن ئه‌م کاره‌ بکه‌ن؟

لە وەڵامدا سەعید هەرکی وتی “ خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ بکات و هاوڵاتی ئه‌و مافه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێمانوابوو ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵمان بێت زیاتر به‌هێز ده‌بێت بۆ زیاتر به‌ره‌وپێش بردنی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نه‌مانی پاره‌ له‌ بانکه‌کان ئه‌گه‌رنا ده‌توانین به‌ته‌نهاش بچین و به‌ لیژنه‌ش بچین خه‌ڵکیش مافی خۆیه‌تی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵکین و حه‌قه‌ ئه‌و گله‌ییه‌مان لێبکه‌ن. “

“ ڕەنگە دەستکاری پارەی بانکەکان بکرێت، هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چاوه‌ڕێی لیژنه‌ی دارایی دەکه‌ین

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتیشی “ ئه‌وه‌ ڕای که‌سی خۆمه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌ستکاری پاره‌ی بانکه‌کان بکرێت، ئه‌گه‌رنا ته‌مویلی مووچه‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌چێته‌ سلێمانی که‌ 305 ملیار دیناره‌ بۆ ته‌مویل کردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی سلێمانی، باقی ئه‌وه‌ی تر ده‌بێت له‌ داهاته‌ ناوخۆییه‌کانی سلێمانی بێته‌وه‌ سه‌ر 305 ملیاره‌که‌ بۆئه‌وه‌ی مووچه‌ی ته‌واوی مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی بدرێت، به‌ڵام که‌ پاره‌که‌ نامێنێت و پاره‌ به‌ش ناکات ئه‌مه‌ ڕوونه‌ که‌ ده‌ستکاری پاره‌ی بانکه‌کان ده‌کرێت “

سەعید هەرکی جەختیکردەوە “هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چاوه‌ڕێی لیژنه‌ی دارایی دەکه‌ین دواتر ئێمه‌ ئیشی خۆمان ده‌که‌ین وه‌کو لیژنه‌ی ده‌ستپاکی “

“هه‌تا واشمان پێ باشبووه‌ له‌ناو ئه‌و لیژنه‌ لاوه‌کیه‌ سه‌ردانی ده‌روازه‌کانی تریش بکه‌ین “

دەربارەی ئەوەی ئیشه‌که‌تان چی ده‌بێت ؟
لە وەڵامدا سەعید هەرکی وتی “ وه‌کو وتم ئێمه‌ به‌دواداچوونێکی ورد ده‌که‌ین بۆ خاڵه‌ سنورییه‌کان هه‌تا واشمان پێ باشبووه‌ له‌ناو ئه‌و لیژنه‌ لاوه‌کیه‌ سه‌ردانی ده‌روازه‌کانی تریش بکه‌ین له‌وانه‌ سه‌ردانی حاجی هۆمه‌ران و ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل بکه‌ین و بزانین داهاته‌کان چۆنن به‌ڵام له‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌ین. “

“ ده‌توانن له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بپرسن که‌ ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ مانگانه‌ ده‌ڕوات بۆ سلێمانی یان ناڕوات “

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م قسانه‌ی تۆ، یه‌کێتیش ده‌ڵێت به‌ حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌ت سزای سلێمانی ده‌ده‌ن، بەڵام تۆ پێت وایە که‌ ئه‌مه‌ ده‌ستکاریکردنی پاره‌ی بانکه‌کانه‌ له‌نێوان ئه‌مانه‌دا هاوڵاتیان گوێ له‌چی بگرن؟

لە وەڵامدا سەعید هەرکی وتی “ ئه‌و داهاته‌ی که‌ ئیجباره‌ له‌سه‌ر حکومه‌ت بیداته‌ سلێمانی و بداته‌ هه‌ولێر و بداته‌ دهۆک ئه‌وه‌ ڕوونه‌، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی پابه‌نده‌ مانگانه‌ 305 ملیار دینار بداته‌ سلێمانی، ده‌توانن له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بپرسن که‌ ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ مانگانه‌ ده‌ڕوات یان ناڕوات، هه‌موو مانگێک پاره‌که‌ ده‌ڕوات بۆ ته‌واوکاری ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی پێبدرێت ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتی سلێمانی بێت، به‌ڵام که‌ داهاته‌که‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ و ده‌ستکاری پاره‌ی بانکه‌کان ده‌کرێت حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چ گوناحێکی هه‌یه‌؟! “

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند “ ئێمه‌ وه‌کو ئه‌رکی په‌رله‌مانتاری، وه‌کو ئه‌رکی لیژنه‌ به‌دواداچوون ده‌که‌ین، هه‌ر به‌رچاوڕوونیه‌ک هه‌بێت ، هه‌رشتێک هه‌بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیشی تێدا هه‌بێت هه‌م ڕێکاره‌ یاساییه‌کان ده‌گرینه‌به‌ر هه‌میش بۆ ڕای گشتی ڕاستیه‌کان ڕوون ده‌که‌ینه‌وه‌. “

هەروەها وتی“ له‌ڕێگه‌ی داواکاری گشتیه‌وه‌، به‌ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاکیه‌وه‌، سکاڵا ده‌نوسین و ئیشی له‌سه‌رده‌که‌ین و بۆخۆشمان به‌دواداچوونی بۆده‌که‌ین.“

“ ئەگەر ئیرادەی سیاسی نەبێت دەستەی دەستپاکی-ش هیچی پێناکرێت“
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانی بەوەشدا نا، ئەگەر ئیرادەی سیاسی نەبێت ئەوا ناتوانن هیچ بکەن، لەو ڕوەوە سەعید هەرکی وتی“ ڕاستی و دروستی یه‌ک شته‌، له‌م بابه‌تانه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی سیاسی نه‌بێت ئه‌و بابه‌تانه‌ زۆر به‌زه‌حمه‌ت چاره‌سه‌رده‌بن، گریمانێک دابنێین بۆنموونه‌ 99% ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی تێدابێت و پاره‌ی بانکه‌کان به‌ڕۆژی ڕووناک بدزرێن ئه‌گه‌ر براده‌رانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان که‌ لێپرسراوه‌ له‌ زۆنی سه‌وز ئه‌وا ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ لای دکتۆر ئه‌حمه‌ده‌ (سەرۆکی دەستەی دەستپاکی) هیچ ئیجرائاتێکیان پێناکرێت به‌کورتی و به‌پوختی که‌ ئه‌مه‌ له‌چوارچێوه‌ی حیزبایه‌تیه‌که‌ی ئاوایه‌، واقیعێکه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ هه‌موو خه‌ڵکێک ده‌زانێت. “

“ ئەگەر قوباد تاڵەبانی ببینم پێی دەڵێم حه‌قه‌ جه‌نابتان وه‌کو ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن نه‌ک وه‌کو ئۆپۆزیسیۆن“

سەعید هەرکی دەشڵێت“ ئێمه‌ حکومه‌تێکی یه‌کگرتوومان هه‌یه‌ حه‌زیش ده‌که‌ین، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ حکومه‌تێکه‌ له‌ سێ هێزی سه‌ره‌کی پێکهاتووه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی و گۆڕانن،ڕه‌وا نییه‌ حیزبێک به‌ڕۆژ له‌ ده‌سه‌ڵات بێت و به‌شه‌ویش ئۆپۆزیسیۆن بێت ئه‌مه‌ ناکرێت له‌ده‌ستوری هیچ دنیایه‌ک نییه‌ که‌ له‌ حکومه‌تدا بن و وه‌کو ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن، چونکه‌ خه‌ڵکی سلێمانی و خه‌ڵکی هه‌ولێر و خه‌ڵکی دهۆک وه‌کو یه‌کن بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێویست ناکات خه‌ڵکێک سزا بدرێت و قوتی خه‌ڵکێک ببڕدرێت له‌پێناو ئه‌وه‌ی حکومه‌ت لاواز بکرێت ده‌بێت له‌هه‌موولایه‌که‌وه‌ هه‌وڵبدرێت حکومه‌ت به‌هێزبێت. “

هەرکی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی“ من ئه‌گه‌ر کاک قوباد ببینم ده‌ڵێم کاک قوباد ئێوه‌ حیزبی دووه‌من له‌ هه‌رێمی کوردستاندا و پێویسته‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت به‌دروستی له‌حکومه‌ت هاوبه‌شی بکه‌ن به‌و پێوه‌ره‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ به‌شداریکرن نییه‌ بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵک ئۆقره‌ بگرێت و خه‌ڵک ئارامی ببینێت و له‌ خزمه‌تگوزاریدا خۆی ببینێته‌وه‌ حه‌قه‌ جه‌نابتان وه‌کو ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن نه‌ک وه‌کو ئۆپۆزیسیۆن. “

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:46 0:00

XS
SM
MD
LG