بەڕێوەبەری بەنداوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا ئێران وەڵامی عێراقی نەداوەتەوە تا گفتووگۆ بکەن بۆ بەردانەوەی ئاو و بەشکردنی زیانەکانی وشکە ساڵی، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە هەوڵەکانی تورکیاش بۆ دروستکردنی بەنداوێکی تر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بەرپرسانی عێراقی نیگەران کردووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت"دووەم ساڵە لەسەر یەک، کەم بارانی و کەمی بەفربارین، کاریگەری هەبووە لەسەر دەغڵ و دانی جوتیاران و ئاستی ئاوی نێو بەنداوەکانی هەرێم، جگە لە گرفتی کەم بارانی و گۆڕانکاریەکانی کەش و هەواش، ئێران چەندین بەنداوی لەسەر ڕووباری سیروان و زێی بچوک دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە ئاو کەم بڕژێتە نێو سیروانەوە."
ڕوونیشیکردەوە، بەنداوی حەمرین لە پارێزگای دیالە، توشی گەورەترین کێشە بووە، تەنها 10%بۆ 15% ئاوی تێدا ماوە، بۆیە ئەو ئاوەی لە بەنداوی دەربەندیخانەوە بەری دەدەینەوە، بەشی پێداویستیەکانی ئەوان نەکات، وتی"ئێمە تەرکیزمان لەسەر بەردانەوەی ئاوە بۆ خواردنەوە و باخداری و پێداویستیە هەنوکەییەکان، تا بتوانین ئاوی خەزنکراوی دەربەندیخان تا زستانی داهاتوو بەش بکات."
ڕەحمان خانی باسیلەوەشکرد، لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق و بە ئاگاداری وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی هەرێم، پلانێکیان داناوە تا بتوانن تا زستانی داهاتوو ئاو بۆ خەڵک دابین بکەن، بەشێوەیەک بەنداوە بچوکەکان بەشی گوندەکانی دەوروبەریان بکەن، هەروەها بەپێی پێویست ئاو بۆ ناوچەکان بەربدەنەوە.
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری بەنداوە ئاویەکان، هەرێمی کوردستان تەنها گیرۆدەی کەم ئاوی نەبووە، بەڵکو کێشەی گەورە لە وڵاتانی دراوسێ و عێراقیش دروستبووە، بەو پێ یەی سەرچاوەی ئاوی بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لەهەرێمەوەیە،وتی"گەر ناوچەکانی عێراق گرفتی کەم ئاویان هەبێت، خۆ هەرێم ناتوانێت بڵێت بەشی خۆمان ئاومان هەیە."
گوتیشی"ئێمە وڵاتی سەرچاوە نین، بەشێک لە سەرچاوە ئاویەکانمان لەدیوی ئێران و تورکیاوەن، بۆیە گەر لە ناوچەکانی تری عێراق گرفتی کەم ئاوی هەبێت، کێشە بۆ ئێمەش دروست دەبێت."
ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوە ئاویەکانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، دووڕۆژ لەمەوبەر لەبەغدابوون، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ گفتووگۆی نێوان ئێران و عێراق لەسەر گرفتی کەم ئاوی دیارینەکراوە، هەوڵەکانی عێراق بەردەوامە، تا زیانەکانی کەم ئاوی لەگەڵ ئێران بەش بکات، وتی"چونکە لە شەتولعەرەبەوە تا دەگاتە زێی بچوک، بەشێکی زۆری ڕووبار و چەمە هاوبەشەکان وشکبوون، لقەکانی ڕووباری دیجلە کە سەرچاوەکەیان لە ئێرانەوەیە 18%ە، کاریگەری ئەم ڕێژەیە زۆر زۆرە، چونکە سەرچاوەی بەدیلیان نیە، بۆ نموونە ڕووباری سیروان جگە لە دیوی ئێران، بەدیلی تری نیە تا کێشەکە چارەسەر بکرێت، لەهەڵەبجەوە تا بەغدا، خەڵک پشتیان بەئاوی سیروان بەستووە، بۆیە کاریگەریەکەی زۆر زۆرە، تەنانەت یاسای دەعمی تەواریش کە بڕیارە لەپەرلەمانەوە دەربچێت، بەشێکی بۆ گرفتەکانی وشکەساڵی لەدیالە تەرخان دەکرێت."
وەک بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم بە پشت بەستن بەقسەی بەرپرسانی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق ئاماژەی بۆکرد، تورکیا هاوکار ترە و بەشێک ئاو بۆ دیجلە و فورات بەردەداتەوە، وتی"گفتووگۆش کراوە لە نێوان عێراق و تورکیا، ڕێژەیەک ئاو دیاری بکرێت و بەربدرێتەوە بۆ عێراق، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هەروەها تورکیا دەیەوێت بەنداوێکی تریش دروست بکات، ئەمەش عێراقی نیگەران کردووە، بڕیارە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایەتی نامەیەک ئاراستەی ئێرانیش بکات لەسەر کێشەی ئاو."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوە ئاویەکانی هەرێم باسیلەوەکرد کارکردن بەردەوامە لەو بەنداوە بچوکانەی بڕیارە جێبەجێ بکرێن، بەڵام ئەو بەنداوانەی لە ناو پلانی ستراتیژیدان، پێویستیان بە ڕێککەوتنە لەگەڵ عێراق، وتی"لەگەڵ عێراق گفتووگۆمان کردووە، تا ئەو بەنداوانەی خۆمان پێمان دروست دەکرێت و گونجاون لەگەڵ دیراسەی ستراتیژی عێراق جێبەجێیان بکەین، ئەو بەنداوانەشی پەیوەستن بەهەردوولامانەوە، بێن جێبەجێی بکەن، تا بڕێکی زیاتر ئاو خەزن بکەین."