Accessibility links

هۆکاری هۆشداریدانی نێردە دبلۆماسیەکان بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان


وڵاتانی ڕۆژئاوا و نێردە دپلۆماسیەکان هۆشداری دەدەنە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی هەرێمەکە ، لەکاتێکدا دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان خراپە و لایەنە کوردیەکان پەیوەندیەکانیان لەبچڕان نزیک بووەتەوە، هەروەها پەیوەندی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێش سەقامگیر نییە.

لە تازەترین هۆشداریدا بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دەڵێت"دابەشبوونی هێزە سیاسیەکانی کوردستان مەترسی دەرەکی لەسەر هەرێم زیاتر دەکات، بۆیە پێویستە ناوچەی سەوز و زەرد لەهەرێمی کوردستان کۆتایی بێت."

پلاسخارت بەپێویستیشی زانی گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لایەنەکان کراوە بێت، جەختیشیکردووەتەوە جیاوازی و ناکۆکیە سیاسیەکان، کاریگەریان لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەبووە.

دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە، هۆشداریەکانی پلاسخارت و وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ هەرێمی کوردستان هۆشداری دۆستانەن، نەک نەیارانە، دەڵێت "خەڵکێکی زۆر لە حوکمڕانی هەرێم ناڕازیە، وڵاتان نیگەرانن لەو ئاراستە حوکمڕانییەی هەرێم گرتوویەتیە بەر، چ لەبواری ئازادی، یاخود سیاسی و ئابووری و دادپەروەری، وابڕوات کێشەکان گەورەتر دەبن."

بەبڕوای دکتۆر سەردار عەزیز، دپلۆماتکاران و وڵاتانی ڕۆژاوایی وایدەبینن قۆرخکاری و نەبوونی ئازادی و گرفتە سیاسی و ئابووریەکان، لەگەڵ یەکنەخستنی سوپا و دوو زۆنی، ئەنجامەکەی خراپ دەبێت، بۆیە لە ئێستاوە هەرێم لەو دەرئەنجامانەی کە بۆ داهاتوو دێنە پێشەوە، ئاگادار دەکەنەوە.

دکتۆر سەردار وتیشی"ئەمەریکا پێویستی بەهەرێم و پێویستی بەهێزێکە لەم ناوچەیە لەگەڵیدا کاربکات، بۆیە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و دیموکراسی لێ دەوێت."

فشاری وڵاتانی ڕۆژاوایی و نێردە دپلۆماسیەکان بۆهەرێم و هۆشداریدانیان لە داهاتووی هەرێمەکە، هاوکاتە لەگەڵ لاوازبوونی ڕۆڵی پەرلەمان و میدیا لەهەرێمەکە و فشاری سەریان، هەروەها ئەو مەترسیەی هەیە لەبارەی ئاراستەی حوکمڕانییەکەی، بەتایبەت دابڕانێکی زۆر لەنێوان خەڵک و حیزبەکان لەلایەک و لەنێوان خودی حیزبەکانیش لەلاکەی تر دروستبووە.

دۆخی هەرێمی کوردستان لەو قۆناغە دەرچووە چاکسازی تێیدا ئاسان بێت، بەو پێ یەی هێزە دەسەڵاتدارەکان لەدەست بۆبردنی دەترسن، بەتایبەت قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان متمانەیان نەهێشتووە و حیزبەکانیش زیاتر پشت بە هێز و پارە دەبەستن، وەک لە پێگە جەماوەریەکەیان، ئەمەش بەڕای چاودێران.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بارەی هۆشداری پلاسخارت و نێردەدپلۆماسیەکان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەدەنگی ئەمەریکای وت "نێردپلۆماسیەکان، بەردەوام ڕۆژنامەنوس و چاودێر دەبینن و لە دۆخی خراپی هەرێمی کوردستان تێگەیشتوون، لەوە تێگەیشتوون، درزێکی گەورە لەنێوان خەڵک و حیزبەکاندا دروستبووە، بۆیە هەرێم لەم مەترسیە ئاگادار دەکەنەوە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ترسێکی تریش لەهەبوونی ڕێککەوتن لەنێوان عێراق، ئێران و تورکیا لە ئارادایە بۆ لە قاڵبدانی سیاسی و ئابووری هەرێم، بەتایبەت ئەو وڵاتانە چەند ناکۆک بن، لەمەسەلەی بوونی پەکەکە و هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەناو هەرێم هاوڕان.

بەڵام دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەر پێیوایە، هەرێم لە ئێستادا مەترسی نییە بۆ سەر ئێران و تورکیا، لە ساتی ڕیفراندۆم دا مەترسی بوو، خێرا یەکیان گرت و هەنگاوی کردەییان نا،وتی"بەڵام مەترسیەکە شتێکی ترە، تورکیا بناغەی ئابووری هەرێمە، گرفتەکە ئەوەیە هەم ئەردۆغان متمانەی لەسەر نییە، هەم سیاسەتی تورکیاش ناتوانرێت بۆ درێژخایەن پشتی پێببەسترێت."

دوای هۆشداری نێردە دپلۆماسیەکان، پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی حوکمڕانی هەرێم، کە ماوەی چەند مانگێکە ناکۆکی قوڵ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و چەندین پرسی تر لەنێوانیان لە ئارادایە، هەڵمەتی ڕاگەیاندنیان بۆ سەر یەکتری ڕاگرت.

چاوەڕوانیش دەکرێت هەنگاو بە ئاراستەی لێکتێگەیشتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بنێن، کە ماوەی چەند مانگێکە لەسەر ئەم پۆستە ناکۆکن، پارتی داوایدەکات و دژی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەحە، یەکێتیش بە پشکی خۆی دەزانێت و پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی ناوبراو.

هەردوای هۆشداریەکان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، کۆبوونەوەی بە پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوری حوکمڕانی یەکێتی کرد، جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی موچە لەپارێزگاکە کردەوە، کە پێشتر یەکێتی، پارتی بەگەمارۆخستنە سەر سلێمانی و پارتیش، یەکێتی بەبردنی داهاتی پارێزگاکە تۆمەتبار دەکرد.

یەکێکی تر لەو پرسانەی کە گرفتی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، هاوپەیمانێتی نێوان پارتی و عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدرە، کە ئێران و هێزە شیعەکان ئەمە بەهەوڵدان بۆ درزخستنە نێو ماڵی شیعە و لاوازکردنی پێگەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لێکدەدەنەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا وەفدێکی هەرێم، بەسەرۆکایەتی ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆ سەردانی ئێرانی کردووە بۆ دوو پرس، پرسی یەکەم، هاوپەیمانێتی نێوان سەدر و پارتی و پێدانی ڕوونکردنەوە بە بەرپرسانی تاران، پرسی دووەمیش پەیوەندی بەهێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێرانەوە هەیە.

هەرچەندە زۆرێک لە میدیاکان باس لە سەردانێکی نهێنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئێران و مانەوەی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەکەن، بەڵام نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، بەدەنگی ئەمەریکای وت"مەسعود بارزانی سەردانی ئێرانی نەکردووە."

هۆشداریدانە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواوە، هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاجیاکانی هەرێمەکە، کە ناو بەناو لەدژی قەیرانە لەیەک لەدوای یەکەکان و گرفتی دارایی و ئابووری ئەنجامی دەدەن.

XS
SM
MD
LG