لە میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان باس لە سەردانی وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئێران، دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و ئێران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە چالاکی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت" منیش وەک ئێوە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستومە کە ئەو وەفدەی هەرێم هاتوون بۆ ئێران، لەبەرئەوە ناتوانم نە ڕەتی بکەمەوە نە پشتڕاستی بکەمەوە، سەبارەت بە باسکردن و ڕێککەوتنی نێوانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێگری کردن لە چالاکی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران نازم دەباغ وتی " هەمیشە لەمکاتانەدا ئەو باسە هەبووە، لە ئەمساڵیش کە تورکیا پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات بەناوی دەرکردنی پەکەکە، جۆرێک لە تێکەڵاوی دروست دەبێت لە لایەن هەموویانەوە کە ڕێگا لەو لایەنە سیاسییانە بگرن بۆ ئەوەی جارێکی تر لە هەوڵدا نەبن بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی، کێشەی ئەمنی و ئاسایشی دروستبکەن تا پەلاماری ئێران بدەن، وە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەتا لایەنەکانیش چ یەکتی یا پارتی، هەمیشە تەئکیدییان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت کە ئەم کارانە ئەنجام بدرێت چونکە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ یەک گرنگە. "
" دەمێکە وەکو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران لەو هەڵسوکەوت و هاتۆچۆیانە ئاگادار نین "
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تا چەند ئاگاداری سەردانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستانن؟ نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " حەز دەکەم بە ڕاشکاوی شتێک بڵێم، دەمێکە وەکو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران لەو هەڵسوکەوت و هاتۆچۆیانە ئاگادار نین وەک خۆی ، چونکە ئێستا هەموو شتەکان لە هەولێر و سلێمانیەوە لە ڕێگای کونسڵگەرییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، خۆیان لە پەیوەندیدان و شاندەکان ڕێکدەخن، بە تایبەتی ئەو شاندانەی ئەگەر بە فڕۆکەی تایبەت بێن و بگەڕێنەوە کەمتر ئێمە ئاگامان لێیە، منیش وەک ئێوە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستومە کە هاتوون، لەبەرئەوە ناتوانم نە ڕەتی بکەمەوە نە پشتڕاستی بکەمەوە کە هاتون یا نا. "
وتیشی " یەک\ دوو میدیای ئێرانی باسی ئەو سەردانەی شاندی هەرێمییان باسکرد بە ناوی (ئێن ئاڕتیەوە) کە وەک سەرچاوەی ئەو هەواڵە بەکارییان هێنا. "
" من ئەو هەواڵە بە ڕاست نازانم کاک مەسعود نەهاتۆتە ئێران بە نهێنی"
بەشێک لە میدیا لۆکاڵییە کوردییەکان باس لە سەردانی (مەسعود بارزانی) دەکەن بۆ ئێران، سەرەڕای وەفدەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت " من ئەو هەواڵە بە ڕاست نازانم، چونکە، یەکەم سروشت و پڕۆتۆکۆلی کاک مەسعود، لەوکاتەوەی بە درێژایی تەمەنی خۆم لە ئێرانم کاک مەسعود لەو کەسانە نیە بەشێوەی نهێنی هاتبێت بۆ ئێران، چونکە هەمیشە یەکێک لە بابەتەکانی کە (کاک مەسعود) دەهات بۆ ئێران بۆ ئەوەبوو کە (ڕەهبەر) ببینت، ئەمە دەکرێت یەکێکی تر بێت و هاتبێت، بەڵام (جەنابی کاک مەسعود) بەهیچ شێوەیەک نەبووە، من دەتوانم لە ناسینی خۆم بۆ ئەو پیاوە وەکو سەرکردەیەکی سیاسی و کاریزمای کورد ئەوە بڵێم بڕوا ناکەم بە نهێنی هاتبێت بۆ ئێران، لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی ئەو هاتبێت بە نهێنی بیانبینێت، پێم وایە ئەوانە خۆیان دەچنە هەولێر و چاوییان بە(جەنابی کاک مەسعود) دەکەوێت. "
" ئەوە هەم خاڵی لاوازە، وە هەم ئاساییە "
نازم دەباغ وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە، ئایا ئەوە خاڵی لاواز نیە بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کە وەفدێکی هەرێم بێتە تاران و ئێوە ئاگادار نەبن یا ڕێکخەر و بەشداری کۆبونەوەکانیان نەبن؟
لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی " ئەوە هەم خاڵی لاوازە، وە هەم ئاساییە، چونکە سیستمی پەیوەندییەکان زیاتر لە ڕێگای حیزبکانەوەیە، نەک لە ڕێگای حکومەتەوە، بە تایبەتی لە دوای ڕیفراندۆمەوە، چەندین جار شاندی ئێرانی چۆتە هەولێر و سلێمانی چاوی بە لایەنەکان کەوتووە، بەڵام پێم وانیە کەسێک گوێی لەوە بوبێت ئەو شاندانە چاوییان بە سەرۆکی حکومەت یا وەزیری ناوخۆ کەوتبێت بە ئاشکرا، بەڵکو ئەگەر ڕوویدابێت لە چوارچێوەی ئەو پڕۆتۆکۆلەی کە پەیوەندییە حیزبیەکان هەیانە یەک لە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بینیووە، چ یەکێتی یا خود چ پارتی"
( نەگەیشتۆتە مریشکەڕەشە)
سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
نازم دەباغ وتی" وەک دەزانرێت بە هۆی ئەو سیاسەتانەی لەو دواییانە لە عێراقدا پیادەکرا، (جەنابی ئاغای قائانی) چوو سەردانی (جەنابی کاک مەسعود بارزانی) و یەکێتی و لایەنەکانی تری کرد ئەو پەیامەی گەیاند، کە نابێت کورد بەشێک بێت لەو پڕۆسەیەی کە نێوماڵی شیعە تێکدەدات و یا بەشێک بێت کە هەمیشە لەناو عێراق کێشە دەنێتەوە، بۆیە پێموایە هەمیشە بەرزی و نزمی هەبووە لە پەیوەندییەکان، بەڵام وەک کوردەواری خۆمان دەڵێن( نەگەیشتۆتە مریشکەڕەشە). "
" پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانە نەک ئاسایی کردنەوەی"
ڕۆژی دووشەممە فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو " پارتی بەتەنها ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە چونکە هەموویان دۆستی ئێرانن، بەرژەوەندی ئێمە لە هەمووی زۆرترە خێرە ئێمە دژایەتی ئێران بکەین! دۆستایەتی ئێمە لەگەڵ ئێران لەوان قوڵتربووە، سوپاسی ئێران دەکەین لە دۆخێکی زۆر زۆر تەنگانەدا یارمەتی پارتیان داوە ،ئێمە لەدوای ئەوەی جەنازەی بارزانی نەمریان هێنا ئەو چاکەیەی ئێرانمان هەرگیز لەبیرناچێتەوە. "
لای خۆشیەوە نازم دەباغ دەڵێت " لەو قۆناغەی پارتی بەشێک بوو لە هاوپەیمانی سێ قۆڵی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوون، بەڵام پەیوەندییەکانی نەبچرابوون، ئێستاش دوای ئەو قسانەی (کاک فازڵ میرانی-سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی) من دەتوانم بڵێم پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان نەک ئاسایی کردنەوەی، چونکە ئەو ناخۆشی و ناکۆکییە نەبووە کە کەسێک بێتە نێوانیان، بەڵام زۆرجار بەهۆی ئەو سیاسەتانی هەبوون ساردی دروستبووە، بەڵام وەک دەوترێت جارێکی تر کەوتونەتەوە پتەوکردنەوەی. "
سەبارەت بەوەی ئایا کورد لە پیام و هۆشدارییەکانی ڕابردووی ئێران تێگەیشت؟
لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی " من پێم وابێت کورد بەشێوازێکی پەرش و بڵاوی هەریەکە و لێکدانەوە و تێگەیشتی هەبووە، بە تایبەتی ئاگامان لێبوو کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆرتر ڕەچاوی ئەو داواکارییانەی دەکرد بۆ پاراستنی یەکڕیزی نێو مااڵی شیعە یا نەچونە پاڵ هیچ لایەنێک، ئێستاش دوای کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بە سەرۆکایەتی( کاک مەسعود) وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد "هەوڵی بەردەوامی و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران دەدەن لەو ڕووەوە کەوتونەتە هەوڵ و کۆشش. "
" لای پارتی و یەکێتی هەمیشە بابەتێک لەو بابەتانەی کە باسکراوە ئەو هێز و لایەنە کوردییە ئێرانیانەن کە لە کوردستانی عێراقدان. "
پێشتر بە پێی هەواڵێکی کەناڵی (ئێن ئاڕتی ) سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ ئێران، سەرچاوەکە بۆ کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردبوو" رێبەڕ ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم سەرکردایەتی شاندەکەی کردووە و رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی تاراندا کردووە لەبارەی دوورکەوتنەوەی حزبەکانی رۆژهەڵات لە سنورەکانی پیرانشار و کێلەشین. "
دەربارەی ئەم هەواڵە نازم دەباغ دەڵێت" هەمیشە ئەم بابەتە لە ئارادا بووە، وەک دەزانرێت هەموو ساڵێک لە یەکەم مانگی بەهار تا بەشێک لە پایز، ئەم بابەتانە لە ئارادا بوون بەهۆی چالاکی ئەو لایەنە سیاسیە کوردییانەی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان یان سنورەکان دادەنیشن، بابەتەکان هاتونەتەوە ئارا کە چی بکەن لەگەڵ ئەو لایەن سیاسییانە؟ بەتایبەتیش لەمکاتانەی کە تورکیا پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات بەناوی دەرکردنی پەکەکە، جۆرێک لە تێکەڵاوی دروست دەبێت لە لایەن هەموویانەوە کە ڕێگا بگرن لەو لایەنە سیاسییانە بگرن بۆ ئەوەی جارێکی تر لە هەوڵدانەبن بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی، کێشەی ئەمنی و ئاسایشی دروست بکەن تا پەلاماری ئێران بدەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەتا لایەنەکانیش چ یەکێتی یا پارتی، هەمیشە تەئکیدییان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت کە ئەم کارانە ئەنجام بدرێت چونکە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ یەک گرنگە. "
واتە ئێستا باسەکە بەوجۆرەیە کە ڕێگری بکرێت لە حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە هەڕێمی کوردستانەوە نەپەڕنەوە بۆ ناو خاکی ئێران ؟
وەڵامەکەی نازم دەباغ بەوجۆرە بوو" من نازانم، بەڵام ئەگەر باسکرابێت وا باس دەکرێت، ئەگەر باسیش نەکرابێت یا شاندێک نەهاتبێت، یا بە پێچەوانەوە ئەگەر لە ئێرانەوە شاندێک چوبێتە لای پارتی و یەکێتی هەمیشە بابەتێک لەو بابەتانەی کە باسکراوە ئەو هێز و لایەنە کوردییە ئێرانیانەن کە لە کوردستانی عێراقدان. "