Accessibility links

ئیسماعیل حەدیدی: دوور نییە پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێنرێتەوە


Iraq Parliament
Iraq Parliament

ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامی ناکۆکیە سیاسیەکان و پێداگیری لایەنەکان لەسەر خواستەکانیان، ڕەنگە عێراق ببات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، چونکە ناکۆکیەکان گەیشتوونەتە نێو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل حەدیدی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار و کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە دەڵێت "دۆخی چەقبەستوویی عێراق بەردەوامە، ناکۆکیەکان لەسەر دەسەڵات و پێگە بەردەوامیان هەیە، ئەم ناکۆکیانە زۆر مەسەلەیان دواخستووە، بیروبۆچوونی لایەنەکان گۆڕانیان بەسەر نەهاتووە، پێداگیری لایەنەکان لەسەر خواستەکانیان بەردەوامە، تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر جۆری حکومەت نیە، حکومەتێکی زۆرینە بێت یاخود تەوافقی بێت."

جەختیشیکردەوە"لایەنەکان هەریەکە و دەیانەوێت ئەو بەرنامانە جێبەجێ بکرێت کە خۆیان باوەڕیان پێیەتی، دۆخەکە زۆر قورسە، بەرەی زۆرینە و تەوافقی هیچ لایەکیان براوە نەبوون، بەڵام تەوافقی تاقیکراوەتەوە و ئەنجامی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەردەمی تەوافقی تێنەپەڕیووە."

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عێراق پێیوایە، دۆخی عێراق هێشتا لەبەردەم مەترسی پێکدادان دا نیە، وتی "هەرکات لایەنەکان هەست بە دڵەراوکێ و ترس بکەن، ڕێکدەکەون و دەڕۆن بۆ تەوافق، تا ئەم ساتە مەترسی نیە، گەر مەترسی لەسەر دەسەڵات و پێگە و و داهاتوویان دروست بێت ڕێکدەکەون، بەڵام بەرنامەی زۆر پێشکەشکراوە و ڕێککەوتن دواکەوتووە و هیچکام لەو بەرنامانەش جێبەجێ نەکراون، جگە لە تەنازول و ڕێککەوتن، چارەسەر بۆ کێشەکان نیە."

وتیشی"گەر ڕێککەوتن نەکرێت، یان دەبێت بچین بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، یاخود بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە، ئەمەش گرفتی گەورە دروست دەکات و پەرلەمانی عێراق ناتوانێت بەمشێوە کاربکات، تەنانەت ناکۆکی گەیشتووەتە نێو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بۆ ئیدارەدانی دانیشتنەکان، ڕەخنە و سکاڵا زۆرە، ڕەنگە دواجار دادگای فیدراڵی بڕیاربدات و یەکێک لە سیناریۆکانیش پێشکەشکردنی سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان."

سەبارەت بەگفتووگۆی نێوان کورد، عەرەب و تورکمانی کەرکوک لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسماعیل حەدیدی کە سەرکردەیەکی کەرکوکی عەرەبی سونەیە دەڵێت"ئەو گفتووگۆیانە دەمێکە هەن و تازە نین، گفتووگۆکانی نێوان کورد و عەرەب و تورکمان لەبەغدا ئەنجامدراون و لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکایەتی کۆمار، بەڵام بە ڕووداوەکانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، گفتووگۆکان ڕاگیراون، نەتەوە یەکگرتووەکان حەزەکەن کارەکانی لیژنەکە تا گەیشتنە ڕێککەوتن بەردەوام بێت، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنی نوسراو نیە."

ململانێی نێوان لایەنە عێراقیەکان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، تەنها قەیرانی سیاسی و ئەمنی دروست نەکردووە، بەڵکو کاریگەری هەبووە لەسەر ئیش و کاری پارێزگا جیاوازەکانی عێراقیش.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00

XS
SM
MD
LG