Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا و بەرەنگاربوونەوەی خواستی ناتۆ


لەگەڵ ئەوەشدا کە هەروادێ و سەرۆکی تورکیا هەڵوێستی قورستر دەنوێنێت بەرامبەر داوای ئەندامێتی هەردوو وڵاتی سوید و فینلاند لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام یاریدەدەرە سەرەکییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لێدوانەکانیان لەسەر هەمان بابەت کەمتر توندە.

هاوکات کاربەدەستانی ئەمەریکاش دەخوازن بزانن ئایا سەرۆکی تورکیا چەندێک سوورە لەسەر ئەو هەڵوێستە توندانەی بەرامبەر سوید و بەرامبەر وڵاتی فینلاندیش و دەشیانەوێت بزانن چ شتێک دەبێتە مایەی پاشگەزبوونەوەی ئەردۆغان لەو هەڵوێستانەی.

سەرۆکی تورکیا دەڵێت ناتوانێت ڕێگە بدات بە هیچ یەکێک لەو دوو وڵاتە تا ببنە ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەهۆی ئەوەی وەک ئەردۆغان دەڵێت، پشتیوانیکردنیان لەو ڕێکخراوانەی تورکیا بە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆی دایاندەنێت.

سەرۆک بایدن، پشتیوانی لەو داوایانەی وڵاتی سوید و فینلاندیش دەکات و دەشڵێت کار لەگەڵ کۆنگرێس و هەروەهاش وڵاتانی تری ئەندامی ناتۆ دەکات تا بە خێرایی ئەندامێتی سوید و فینلاندیش پەسەند بکرێت.

ئەم دوو وڵاتەی ئەوروپا بە فەرمی داوای خۆیان خستۆتە بەردەم هاوپەیمانێتی ناتۆوە تا ببنە ئەندام و هۆکاری سەرەکی داواکەیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە لەشکرییانەی ڕوسیا دەیانکاتە سەر وڵاتی سەربەخۆی ئۆکراینا.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا

سکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژی چوارشەممە لە برۆکسل ڕایگەیاند کە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە هاوڕان لەسەر فراوان کرنی ناتۆ و دەشڵێت "هەر هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەبێت پێکەوە هاوهەڵوێست بین و هاوڕایشین لەسەر ئەوەی دەبێت ئەم ساتەوەختە مێژووییە بقۆزینەوە."
هەر هەمان ڕۆژ، بەر لە ڕاگەیاندنەکەی یانس ستۆڵتنبێرگ، پەرلەمانی وڵاتی فینلاند لە دەنگدانێکدا 188 دەنگی ئا بەرامبەر 8 دەنگی نا بوونی وڵاتەکەی بە ئەندامی ناتۆ پەسەند کرد.
ئەم داوایەی سوید و فینلاند، دەکرێت وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لێی بڕوانرێت پاش ئەو دەیان ساڵەی لە سەروەختی شەڕی ساردەوە وەک دوو وڵاتی بێلایەن مابوونەوە، بەڵام بڕیارەکەی ڕۆژی 24ی مانگی 2ی کرملن بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا، نیگەرانی و مەترسییەکانی هەردوو وڵاتی زیاتر کرد بە تایبەتیش لە فینلاند ئەو مەترسیانەی زیاتر بوون چونکە سنورێکی درێژی هەیە لەگەڵ ڕوسیای ڤلادمیر پوتندا.
وەها چاوەڕوان دەکرێت هەر 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە خێرایی هەڵسەنگاندن و تاووتوێی داوای ئەندامێتییەکانی سوید و فینلاند بکەن؛ وەک بارێکی ئاسایی ئەو پرۆسەیە لەوانەیە تا یەک ساڵ بخایەنێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دوودڵییەکی ئێجگار گەورەی پێوە دیارە سەبارەت بە ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتەی باڵتیک و گوناهباریشیان دەکات بەوەی بوونەتە شوێنی داڵدەدانی ئەوەی ئەردۆغان بە "تێرۆریست" ناودێری دەکات، وەک ئاماژەیەک بە پارتی کرێکارانی کوردستان.

پێشتر ستۆکهۆڵم و هیلسینکی سزایان سەپاندبووە سەر تورکیا لە پەیوەندی بە شەڕ و هێرشەکانی تورکیاوە بۆسەر ناوچە کورد نشینەکان لە سوریادا.

دوای ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی سوید و فینلاند تا ببنە ئەندامی ناتۆ، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا ئاگاهیداوە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بەوەی لەگەڵ هەر زیادکردنێکی تواناییە لەشکرییەکانی ناتۆ لەو دوو وڵاتەدا، ڕوسیا وەڵامی خۆی دەبێت.

هەر ڕۆژی چوارشەممە، دوای داواکردنە فەرمییەکەی ئەو دوو وڵاتەی ئەوروپا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند هەڵوێستی وڵاتەکەی سەربازیانە دەبێت و بە هەڵوێستێکی چاوەڕوان نەکراویش ناودێری کرد.

ماریا زاخارۆڤا، دەڵێت "ڕێوشوێنێکی سەرسوڕهێن و چاوەڕوان نەکراو دەبێت."
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئانکەرە چەندێک لە مۆسکۆ نزیک بووبێتەوە، هێندە و زیاتریش لە ئەمەریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی تریەوە دورکەوتۆتەوە، ئەمەش سەرئێشەیەکی تر بووە بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ بەتایبەتیش کە حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەستیکرد بە کڕینی موشەکی جۆری ئێس 400 لە مۆسکۆ.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:00 0:00


XS
SM
MD
LG