مۆسکۆ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی تەنیا سێ ڕۆژدا 1730 چەکداری ئۆکراینی لە ماریوپۆڵ خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان کردووە و لانیکەم 700 کەسیان لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا خۆیان بەدەستەوەداوە. ئەم بانگەشەی خۆبەدەستەوەدانە زۆر گەورەتر لەوەی کیێڤ دانی پێداناوە.
ئەنجامی کۆتایی خوێناویترین شەڕ کە ئەوروپا لە چەند دەیەی رابردوودا دیوویەتی هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە لەکاتێکدا چارەنووسی سەدان سەربازی ئۆکرانی نادیارە کە لە گەمارۆیەکی نزیکەی سێ مانگیدا لە کارگەیەکی پۆڵای فراواندا خۆیان ڕاگرتبوو.
ئۆکرانیا، کە دەڵێت ئامانجی گەشتنە بە ڕێکەوتنێک بۆ گۆڕینەوەی دیل لەگەڵ رووسیا، رەتیکردۆتەوە بڵێت چەندیان لەناو کارگەکەدا بوون یان لێدوان لەسەر چارەنووسی ئەوانی دیکە بدات، لەو کاتەوەی پشتڕاستی کردەوە زیاتر لە 250 کەس لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا خۆیان ڕادەستی رووسیا کرد دوای ئەوەی لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە فەرمانی چەکدانانیان پێکرا.
دێنیس پوشیلین، سەرۆکی ئەو جوداخوازانەی کە لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن و کۆنترۆڵی ناوچەکە دەکەن، وتی نزیکەی نیوەی شەڕڤانان لەناو کارگەی پۆڵادا بوون و ژێرزەمین و تونێلەکانی کارگەکە لەو چەند هەفتەیەی بۆردومانی ڕووسیادا پاراستبوونی.
پوشیلین بە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئینتەرنێتی سۆلۆڤیۆڤ لایڤی گوت، "زیاتر لە نیوەیان پێشتر ڕۆیشتوون - زیاتر لە نیوەیان چەکەکانیان داناوە. با خۆیان ڕادەست بکەن، با بژین، با ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی تۆمەتەکان ببنەوە بۆ هەموو تاوانەکانیان."
گوتیشی بریندارەكان چارەسەری پزیشكییان بۆ كراوە لە كاتێكدا ئەوانەی تەندروستیان باشبووە گەیەندراونەتە گرتوخانەیەکی تایبەت بە زیندانیانی شەڕ بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ناتوانن بە ئاشکرا لێدوان لەسەر چارەنووسی ئەو شەڕڤانانە بدەن، چونکە دانوستان لە پشت پەردەوە بۆ رزگارکردنیان بەردەوامە.
ئۆلێکساندەر مۆتوزاینیک، وتەبێژی سەربازی ئۆکرانیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەوڵەت ئەوپەڕی هەوڵ دەدات بۆ رزگارکردنی سەربازەکانمان. بڵاکردنەوەی هەر زانیارییەک دەکرێت ئەو پرۆسەیە بخاتە مەترسییەوە."
ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە کە ڕازی بووبێت بە گۆڕینەوەی زیندانییەکان. زۆرێک لە بەرگریکارانی ئازۆڤستاڵ سەر بە یەکەیەکی ئۆکراینن کە ڕەگی ڕاستڕەوی توندڕەویان هەیە و بە فەوجەکەی ئازۆڤ ناسراون. مۆسکۆ بە نازی ناویان دەبات و دەڵێت دەبێت لەسەر تاوانەکانیان دادگایی بکرێن. ئۆکرانیا بە پاڵەوانی نیشتیمانی ناویان دەبات.
کۆتایی هاتنی شەڕ لە ماریوپۆل کە گەورەترین شارە تا ئێستا ڕووسیا دەستی بەسەردا گرتووبێت، ڕێگە بە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەدات، بانگەشەی سەرکەوتنێکی دەگمەن بکات لەو لەشکرکێشییەی کە لە 24ی شوبات دەستی پێکردووە، ئەمەش کۆنترۆڵی تەواوەتی دەریای ئازۆڤ وپارچەیەک خاکی نەپچڕاو بەدرێژایی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا بە ڕووسیا دەدات.
ئۆکرانیا دەڵێت لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا لە بۆردومانەکانی ڕووسیا کە شارەکەی وێران کرد، دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا. خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکان هەژمار نەکراوە بەڵام لانیکەم بە هەزاران کەسە، ئەمەش وایکردووە لانیکەم لە دوای جەنگەکانی چیچان و بەڵکانی ساڵانی نەوەدەکانەوە ببێتە خوێناویترین شەڕ لە ئەوروپا.
مۆسکۆ ڕەتیدەکاتەوە لە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت"یدا بۆ داماڵینی ئۆکرانیا لە چەک و "پاککردنەوەی لە نازییەکان،" خەڵکی مەدەنی کردبێتە ئامانج. ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا لە شەڕێکی بێ پاساودان و هەزاران هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە.
سەرچاوە: رۆیتەرز