Accessibility links

کۆنگرێسی ئەمەریکا 40 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات


سێناتی ئەمەریکا، وەکو دوا وێستگەی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکان، ڕۆژی پێنجشەممە نزیکەی 40 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد و پڕۆژە یاساکەی ڕەوانەی کۆشکی سپی کرد تا سەرۆک جۆو بایدن واژۆی بکات و ببێتە یاسا.

ئەم کۆمەکەی ئەمەریکایە لە کاتێکدایە کە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتاکە خەریکە پێدەنێتە سێ مانگەوە و واشنتۆن هیواخوازە هاوکارییەکانی یارمەتی ئۆکرانییەکان بدات شەڕەکە ببەنەوە و وڵاتەکەیانی پێ ئاوەدان بکەنەوە.

سێنات بە دەرئەنجامی 86 دەنگی بەڵێ بەرامبەر تەنها 11 دەنگی نەخێر پاکێجی هاوکاری سەربازی، ئابووری و مرۆیی بۆ ئۆکرانیا پەسەندکرد کە تا ئێستا بە گەورەترین پاکێجی هاوکاری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دادەنرێت. تەواوی 11 دەنگی نەخێرەکە کۆمارییەکان بوون.

چەک شومەر، سەرۆکی سێنات و ئەندامێکی پارتی دیموکراتەکان، ڕایگەیاند "ئەمە پاکێجێکی گەورەیە و پێداویستییە گەورەکانی گەلی ئۆکرانیا دابیندەکات لە کاتێکدا خەبات دەکەن بۆ مانەوەیان."

هاوکات بەر لەدەنگدانەکە داوای پشتیوانیکردنی پڕۆژە یاسای دابینکردنی بودجەی حاڵەتی تەنگەتاویشی کرد.

شومەر گوتیشی "بە تێپەڕاندنی ئەم یارمەتییە بە پەلەیە، ئێستا سێنات دەتوانێت بە گەلی ئۆکرانیا بڵێت: یارمەتی بەڕێوەیە. یارمەتی ڕاستەقینە. یارمەتییەکی بەرچاو. یارمەتییەک کە دەتوانێت دڵنیاکەرەوەی سەرکەوتنی ئۆکراینییەکان بێت."

ئەنجومەنی نوێنەران لە 10 ی مانگی 5 دا پڕۆژە یاسای خەرجییەکانی پەسەند کرد بە هەر دەنگێکی "نەخێر" لەلایەن کۆمارییەکانەوە. لە ئەنجومەنی سێنات پڕۆژەکە ڕاگیرا دوای ئەوەی سیناتۆری کۆمارییەکان ڕاند پاوڵ رەتیکردەوە رێگە بە دەنگدانی خێرا بدات.

دیموکراتەکان، پارتەکەی بایدن، زۆرینەن لە هەردوو بەشەکەی کۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران و سێنات) دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئانتۆنی بلینکن، و وەزیری بەرگری، لوید ئۆستن، داوایان لە ئەندامانی کۆنگرێس کردبوو بە خێرایی کاربکەن و لە نامەیەکدا بە سەرکردەکانی کۆنگرێسیان ڕاگەیاندبوو کە سوپا پارەی پێویستی هەیە بۆ ناردنی چەک بۆ کیێڤ تەنها تا رۆژی پێنجشەممە واتە تا 19 ی مانگی 5 ی ئەمساڵ.

کاتێک بایدن پڕۆژە یاسای خەرجییە تەواوکەرەکە واژۆ دەکات دەبێتە فەرمان، کۆی گشتی ئەو یارمەتییانەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا پەسەند کراوە دەگاتە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار لەوەتەی لەشکرکێشی ڕووسیا لە 24ی مانگی 2 ی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە.

پاکێجەکە بریتییە لە ٦ ملیار دۆلار بۆ هاوکاری ئاسایشی، لەوانە مەشق و دابینکردنی کەرەستە و چەک و پشتییوانی. 8.7 ملیار دۆلار بۆ دابیکردنی پێداویستی بۆ ئەو ئامێرە ئەمەریکیانەی کە بۆ ئۆکرانیا نێردراوە، هەروەها 3.9 ملیار دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ئەوروپا.

جگە لەوەش یاساکە ڕێگە بە 11 ملیار دۆلاری دیکە دەدات لە دەسەڵاتی وەرگرتنی پارەی سەرۆکایەتی، کە ڕێگە بە بایدن دەدات ڕێگە بدات بە گواستنەوەی ماددە و خزمەتگوزارییەکان لە پشکەکانی ئەمریکا بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس وەک وەڵامێک بۆ حاڵەتێکی لەناکاو.

5 ملیار دۆلاریش لە خۆدەگرێت بۆ چارەسەرکردنی نەبوونی ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی ململانێکانەوە و نزیکەی 9 ملیار دۆلار بۆ سندوقی پشتیوانی ئابوری بۆ ئۆکرانیا.

لە شەڕەکەدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانی ناچارکراون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و شار و ناوچەکانیشیان وێرانبوون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG