سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە دوای ماوەیەک لە گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بە دەستپێشخەرییەکەوە سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکاندا کۆبوویەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکان وەک نێچیرڤان بارزانی خۆی ئاماژەی بۆ کرد، پێکەوە کارکردنی لایەنەکانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کوردستان.
لە سەردانەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا بۆ سلێمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جگە لە بەشداریکردنی لە مەراسیمێکی کۆتایهاتنی خولی ئەفسەران و پێشمەرگە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە قەڵاچوالان کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە دوای زنجیرەیەک کێشە و ناکۆکی دێت لە نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پرسەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەناردەکردنی غاز و چەند بابەتێکی دیکە، کە دوورە پەرێزیی خستبووە نێوان ئەو دوو حزبە.
هەرچی یەکێتی نیشتیمانییە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا بەگرنگ لە قەڵەم دەدەن، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: ئەوەندەی بە بیرم بێت لە دوای حکومەتەوە تاوەکو ئێستا سەردانی لەم شێوەیە بۆلای لایەنەکان نەکراوە، گرنگە ئێمە ئێستا لە بەغدا و هەرێم کۆدەنگی و لێک نزیکبوونەوە لە نێوان تێکڕای لایەنەکاندا هەبێت.
ڕۆشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی دایە بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان، بەتایبەت دەیەوێت کۆبوونەوەیەکی لوتکە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان یەکێتی و پارتیدا ڕێکبخات، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
بڵێسە جەبار فەرمان ڕێکخستنی ئەو کۆبوونەوەیە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: بێگومان دیداری هەموو حزبەکان و کۆکردنەوەیان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ خۆی پەیامێکی گەورەیە بۆ هەموو نەیارەکانی هەرێمی کوردستان، کەوا بتوانن پێکەوە بڵێن ئێمە ئەو چەقبەستوویەمان تێپەڕاندووە، ئەمە خۆی پەیامێکی گەورەیە بۆ نەیارانی کورد چ لە ناوەوەی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات.
ئەجێندای گفتوگۆکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکانیش بریتیبوو لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان بە ڕاشکاوی گەیاندووەتە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: ئێمە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداین، بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراقی، ئێمە پێمان وایە پێویستە فراکسیۆنە کوردییەکان بە یەک ستراتیژی نیشتمانی لە بەغدا کار بکەن و نەبینە هۆکاری تێکدانی ناوماڵی شیعە، وە ناکۆکییە سیاسییەکان تێبپەڕێنین بۆ ئەوەی زیان نەگەیەنێت بەو مافانەی کورد لە دەستووری عێراق بەدەستیهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان خراپە، پەیوەندیی خراپی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری هەبووە لەسەر خراپ ئیدارەدانی خەڵک، بەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتییە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان ڕێکبکەون و چیتر کێشەی حزبە بنەڕەتییەکان نەبێتە هۆکار بۆ ڕاگرتنی ژیانی خەڵک.
بە ڕای چاودێرانی سیاسییش، کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زۆرن و تەنها بە سەردان و کۆبوونەوەیەک ناتواندرێت چارەسەر بکرێن، بەگرنگیشی دەزانن مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ لە خاکی هەرێمی کوردستان بکرێنە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان.
کەمال ڕەئوف، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: من پێموایە کێشەکان زۆرن و بە سەردانێک و دوو سەردان چارەسەر نابن، بەڵام لە لایەن بەشێک لە یەکێتییەکان بەتایبەت قوباد تاڵەبانی و لەلایەنی پارتیشەوە نێچیرڤان بارزانی حەزیان بە ئاشتی و تەبایی هەیە، ڕەنگە ئەمانە بتوانن ڕۆڵ ببینن لەوەی کە باڵە سقورەکانی نێوان یەکێتی و پارتی خاوبکەنەوە و هەندێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێت.
یەکێک لەو لایەنانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی سەردانی نەکردن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، وتەبێژی جوڵانەوەکە دەڵێت، ئەوان بەفەرمیی رەتیانکردووەتەوە پێشوازی لەو کۆبوونەوەیە بکەن، چونکە پێیان وایە ئەگەر ئەجێندایەکی وازح و جددی نەبێت لە پشت دانیشتنەکانەوە، ئەوا دانیشتنی پرۆتۆکۆلین و جددی نین.
هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: ناکرێ ئەوان بێن لەم دۆخەدا باری لاری خۆیان بە ئێمە ڕاست بکەنەوە، وە ئێمە ناتوانین باری لاری ئەوان ڕاست بکەینەوە، تا ١٠٠٪ دڵنیا نەبین ئەوەی کە ڕوودەدات لە بەرژەوەندیی خەڵکە، وە هەرگیز نایەین ئەو دەنگانەی خەڵک متمانەی پێ کردووین، بیخەینە رەهنێکی واوە، هیچ داهاتوویەکی دیاری نەبێت، لەم دۆخە نائاساییەدا دانیشتنی ئاسایی چ واتایەکی هەیە بۆ خەڵکی کوردستان.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەن سیاسییەکان، نێچیرڤان بارزانی ئێوارەی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی/هەڵەبجەی پارتی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی گشتیی جەختکردنەوەیە لەسەر پێکەوەکارکردن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆبوونەوەکانیان لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: بەخوا باشترە لە جاران، شەڕی ڕاگەیاندن و فەیسبووک و ئەو شتانە ئێستا زۆر زۆر کەمبووەتەوە و من هیوادارم هەر نەمێنێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی کوردستان و خەڵکی کوردستان نییە، ئێمە دەبێت لەسەر میزی گفتوگۆ دابنیشین و کێشەکان پێکەوە چارەسەربکەین، چونکە ئێمە ئایندەمان هەر پێکەوەیە لەگەڵ ئەم لایەنانە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی ببێتە دەروازەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە و دانووستانەکان لەنێوان لایەنەکاندا، لەکاتێکدا کە هێشتا پرسی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە دوو مانگە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن پەکی کەوتووە.