فەرماندەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگە لە بارەی هێرشە بەربڵاوەکانی شەوی ڕابردووی داعش لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە ڕایدەگەیەنێت، هێزە عێراقیەکان بە شەوان لە بارەگاکانیان دەرناچن، داعشیش بە ناوچەکاندا دەسوڕێنەوە و هێرش ئەنجام دەدەن.
شەوی ڕابردوو، داعش هێرشی کردە سەرگوندی ئیسڵاح ی سەر بە ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، 6 مەسی کوشت و 7 کەسی تریشی بریندارکرد، هەروەها لە ناوچەی بەشیری باشووری کەرکوکیش 6 کەسی تریشی کوشت، لە چەندین ناوچەی تریش هێرشی ئەنجامدا.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەقید بەختیار حەمە ساڵح جێگری لیوای 5 ی هێزی پێشمەرگە، دەڵێت"داعش بە شەوان جوڵەیان زۆرە، ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە، چونکە سوپای عێراق لە بارەگاکانیان دەرناچن، بۆسە و ئۆپەراسیۆنیان نیە، بۆیە داعش 50 مەتر لە دووری بارەگاکانی ئەوان، چیان بوێت، دەیکەن."
فەرماندەکەی پێشمەرگە ڕوونیشیکردەوە، ئەو ناوچانەی هێزەکانی داعشی تێدا دەمێننەوە، ناوچەی چڕ و لەبارن بۆ مانەوە و خۆ حەشاردان، گوتی"هێزە عێراقیەکانیش بە دوایاندا ناگەڕێن."
دەربارەی سود وەرگرتنی داعش لە خراپی کەش و هەوا و خۆڵبارین، بە تایبەت بۆ هێرشەکانی شەوی ڕابردوو، عەقید بەختیار حەمە ساڵح گوتی"داعش شەڕی پارتیزانی دەکات، سود لە خراپی کەش و هەوا و چڕی دارستانەکانیش وەردەگرێت."
بەپێی وتەی فەرماندەکەی پێشمەرگە، لە کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا داعش هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، گوتی"پێشمەرگە سەنگەرەکانی توند و تۆڵکردووە، پلانی تایبەتمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش داناوە."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرماندەکەی پێشمەرگە هۆکاری هێرشی داعشی بۆ سەر گوندنیشینەکان بۆ ئەوە گێڕایەوە تا ترس و تۆقاندن بڵاو بکەنەوە، خەڵک زانیاری لەسەریان نەدەنە هێزە عێراقییەکان.