ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ئەو پرسیارەیە کە ناوەندە ناوخۆیی و جیهانییەکان پرسیاری لە بارەوە دەکەن و هەندێکجاریش لەناو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکاندا جوگرافیای هەرێمی کوردستانی خستووەتە ناو ناوچە مەترسیدارەکان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، ڕۆژنامەنوسان دەڵێن دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازن بەدەر لە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی، لە بەرامبەردا سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێن یاسای کاری ڕۆژنامەوانی تا ڕادەیەکی باش لە دادگاکان کاری پێدەکرێت.
نوسەر و ڕۆژنامەنوسان ئاماژە بە خراپی دۆخی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن مەودای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی تاریکدا تێپەڕ دەبێت و لە دادگاکاندا یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنوساندا بەکار ناهێنرێت، لە بەرامبەردا نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێت لەگەڵ ئەوەی ئاستەنگ هەیە بەڵام پێشکەوتنی باش هەیە لە بواری ئازادی ڕۆژنامەوانیدا.
ئاسۆس هەردی نوسەر و ڕۆژنامەنوس لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بەداخەوە ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان ئەمرۆ یەکێک لە تاریکترین ڕۆژەکانی خۆی ئەگوزەرێنێت، ڕۆژانە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان دەبینین، دەستگیرکراوەکانی بادینان ئەوەی پیشانداین کە ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە چ ئاستێکدایە، زاڵبوونی میدیای حیزبی و کەوتنە ژێر باری سیستەمی دادوەری لە ژێر هەژموونی لایەنە سیاسیەکان جێگەی مەترسیدارە."
حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئێمە یاسای کاری ڕۆژنامەوانیمان چاپ کردووە و داومانەتە دەست دادگاکان، بەڵام ئێستا یاساکە تاڕادەیەکی باش بەکاردەهێنرێت لە دادگاکاندا، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە پێویستە جارێکی تر پێناسەی ڕۆژنامەنوس بکرێتەوە."
سالم حەمەخان سکرتێری لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە پاشەکشەدایە و پێویستە کار لەسەر ڕاستکردنەوەی چەمکەکان بکرێت و ژینگەیەکی ئارام بۆ بەدەست گەیشتنیان بە زانیارییەکان بۆ فەراهەم بکرێت، ڕێگریکردن لە ڕۆژنامەنوسان بەردەوامە."
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و سەنتەرەکانی دیکەی داکۆکی لە مافەکانی ڕۆژنامەنوسان، ئاگاداری ئەو ڕاپۆراتانەن کە فیدراسیۆن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاویان دەکەنەوە، بەڵام هەنگاوی پێویست لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە ئاڕاستە بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکان تا ئێستا نەنراوە، کە بەردەوام ڕۆژنامەنوسان دەگیرێن و تیرۆریش دەکرێن.