چوار ئەندامی ئەنجومەنی سڕکراوی پارێزگای کەرکوک، هەریەک بە 15 ساڵ زیندانیکردن حوکمدران، کە هەرچوار ئەندامە حوکمدراوەکە، ئەندامی لیستی برایەتی کەرکوکن و لە ئێستادا لە هەولێر نیشتەجێن.
چوار ئەندامە حوکمدراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بریتین لە ( پەروین محەمەد (کورد)، عیرفان کەرکوکلی (تورکمان )، ریازمحەمەد (عەرەب)، ئەدوارد ئەدیشۆ(کریستیان). بڕیاری حوکمدانیان لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرکوکوکەوە و بە تۆمەتی ئەوەی موڵک و ماڵی دەوڵەتیان نەگەڕاندووەتەوە حوکمدراون.
عیرفان کەرکوکلی یەکێک لە ئەندامە حوکمدراوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"مێز و کورسی لە ناو ئۆفیسەکەمدان لە نێو پارێزگای کەرکوک، ستافم ناردووە ڕادەستی بکەنەوە، کەچی دەڵێن دەبێت خۆت ئامادەبیت."
گوتیشی"دەیانەوێت خۆم بڕۆم و دەستگیرم بکەن و سوکایەتیم پێ بکەن، بۆیە حوکمدانم سیاسیە نەک یاسایی."
چوار ئەندامە حوکمدراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە کەرکوکیان جێهێشتووە و لە شاری هەولێر نیشتەجێ بوون، بەڵام تا کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە کۆتایی ساڵی 2019، بەفەرمی ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بوون.
کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن کە حوکمدراون، دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن."
بەڵام عیرفان کەرکوکلی جەختیکردەوە"بەشێوەیەکی غیابی حوکمدراون و مەسەلەکەیان سیاسیە."
کەرکوکلی ڕوونیشیکردەوە، لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 کاتێک کەرکوکی جێهێشتووە، دوو ئۆتۆمبێلی ئەنجومەن و ئۆتۆمبێلێکی خۆی لە نێو ئۆفیسەکەیدا دزراون، گوتی"سکاڵام تۆمارکردووە، بەڵام سکاڵاکەم بەهەند وەرنەگیراوە، سەرۆک وەزیرانیش تەداخولی کردووە و ئەنجامی نەبووە، کەچی حوکمیش دراوم و دەستیش بەسەر موڵک و ماڵم دا گیراوە."
حوکمدانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرکوکەوە، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی لەمپەر دروستکردنی زیاتر بۆ گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شارەکە، بەوپێ یەی سەرجەم حوکمدراوەکان نزیکن لەو حیزبەوە.