وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارانەی دراون بۆ ئەوەی لە داهاتی نەوت پارەی موچە دابەش بکرێت، تا ئاستێکی باش کێشەی کەمی پارەی کاش لەبانکەکانی سلێمانی چارەسەردەکات، چونکە داهاتی ناوخۆ دەبێتە پارەی کاش و دەچێتە بانکەکان.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت "پێشتر سلێمانی دەبووایە لەداهاتی خۆی، 82 ملیار دیناری تەرخان کردبا بۆ موچەی ئەم دەڤەرە، ئەم پارە کاشەمان بەئاسانی پێ کۆنەدەکرایەوە، بۆیە گرفتی پارەی کاش لە بانکەکان دروستبوو."
گوتیشی"ئەو بڕیارەی درا کە لە داهاتی نەوت، موچە دابەش بکرێت، داهاتی ناوخۆ دەبێتە پارەی کاش لە بانکەکان و کێشەکە تا ئاستێکی باش چارەسەر دەکات."
سەبارەت بە ئەنجامی ئەو لیژنانەی پێکهێنران بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی داهاتی سنوری سلێمانی، سەمیر هەورامی دەڵێت"بە شەفاف کردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات ئامانجی سەرەکیمانە، چەند لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراون و قۆناغی باشیان بڕیووە، پێش ئەو لیژنانەش، لیژنەیەکی تریش بە فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەت پێکهێنراوە و بەداتا داهاتەکان ڕوونکراونەتەوە."
مانگانە لەکاتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دا، یەکێک لەو گرفتانەی هەمیشە دووبارە دەبێتەوە، خراپ دابەشکردنی موچەی خانەنیشینانە بە شێوەیەک تا ئێستا چەندین خانەنیشین لە نۆرەی وەرگرتنی موچەکانیان دا گیانیان لەدەستداوە، لەوبارەیەوە هەورامی گوتی"شێوازی پێدانی موچە بەخانەنیشینان گرفتێکی تازە نیە و پەیوەست نیە بەمەسەلەی نەبوونی پارەی کاش لە بانکەکاندا، بەڵکو هۆکارەکەی کەمی ژمارەی بانک یاخود ناوەندەکانی دابەشکردنی موچەیە بەراورد بە زۆری ژمارەی خانەنیشینان، بۆ ئەمەش هەندێک هەنگاو نراوە وەکو باشکردنی شوێنی وەرگرتنی موچە، هەروەها حکومەتیش سەرقاڵی گفتووگۆیە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا و سەبارەت بەو 10 بڕیارەی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لەبارەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە دەریکردوون، سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم گوتی"هەموو بڕیارێکی حکومەت دەبێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام وردەکاریەکەی لە وەزارەت بپرسرێت باشترە."