دوای 100ڕۆژ لە جەنگ، ئۆکرانیا شەڕ دەکات لە پێناو کات و مانەوەدا، هەوڵدەدات بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرامبەر هێرشی سەرسەختی ڕووسیا لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا خۆی ڕابگرێت، تا چەکی ڕۆژئاوا بگاتە ئەوێ کە زۆر پێویستییەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە داگیرکارییانەی ڕووسیا.
لەگەڵ زیادبوونی قوربانییەکان و بڕێک دواکەوتن لە ناردنی یارمەتی لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا، بەرپرسانی ئۆکرانیا ترسیان لەوە هەیە کە ڕەنگە ئەو یارمەتییە بە خێرایی نەگات.
بەڵێنێکی کۆشکی سپی لەم هەفتەیەدا کە 700 ملیۆن دۆلار چەک لە خۆدەگرێت لە نێویاندا سیستەمی موشەکی پێشکەوتوو، لەلایەن ئەو خەڵکەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە ماڵەکانیان وێران دەبێت و شارەکانیان کاول دەبێت بە چاوێکی پڕ لە گومانیەوە دەڕواننە گەیشتنی ئەو هاوکاریانە.
سێرهی گایدای، فەرمانڕەوای ناوچەی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی پێشڕەوییەکی ڕووسیادا بەشێکی ئەو هەرێمە وێران بووە، دەڵێت "بە ڕاستی ئەو هاوکاریانە دڕەنگ کەوت."
لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانمان هاوکاریمان دەکەن، بەڵام ئەو بڕە چەک و تەقەمەنییەی کە دابینیدەکەن بەس نییە."
لەو کاتەوەی کە ڕووسیا لە 24 ی مانگی 2 ی ئەمساڵدا هێرشە داگیرکارییە بێ پاساوەکانی بۆ ئۆکرانیا دەستی پێکردووە، هەزاران کەس کوژراون و زیاتر لە 6 ملیۆن کەسیش ناچاربوون لەو وڵاتە هەڵبێن.
لە کاتێکدا یەک لەسەر پێنجی ئۆکرانیا لە ژێر هێرشی داگیرکاریدایە، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدەمیر زێلێنسکی ڕۆژی پێنجشەممە لە براتیسلاڤا بە بەرپرسانی ڕۆژئاوای ڕاگەیاند کە شەڕەکە لە "خاڵی وەرچەرخان" دایە، بەپێی ئەوەی کە ئایا ڕۆژئاوا دەتوانێت ئەو چەکانە دابینبکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توانستی بەهێزی ئامێر و کەرەستە سەربازەکانی ڕووسیا یان نا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز