Accessibility links

هەرێم و بەغدا لە ململانێی سیاسییەوە بۆ شەڕی یاسایی


حکومەتی عێراق فشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی زیاتر دەکات، ململانێی نێوان هەرێم و بەغداش، لەململانێی سیاسی یەوە سەری کێشاوە بۆ ململانێی یاسایی، بەڵام دیار نییە، ململانێ یاساییەکان چی هەنگاوێکی تریان بە دوادادێت.

سەرباری سکاڵا تۆمارکردن لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان بەبیانووی پابەندنەبوون بە دەستور و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبە لەلایەن پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی یە وە، تا ئێستا چەندین بەرپرسی کورد و بە دیاریکراوی بەرپرسی پارتی دیموکرات و نزیک لەو حزبە دراون بە دادگا.

سکاڵابارانکردنی بەرپرسانی کورد لەکاتێکدایە، دوای بە نادەستوری ناوبردنی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە لایەن فیدراڵی عێراقەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەو کۆمپانیایانەی لەگەڵ هەرێم گرێبەستیان هەیە، جوڵەی یاسایی دەستپێکردووە، ئەمەش ناکۆکی و وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان دامەزراوە یاساییەکانی عێراق و هەرێم دروستکردووە.

محەمەد حسێن لێکۆڵەری بواری ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای وت"فشارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لەهەرێم کاردەکەن، تا ئێستا کاریگەریان نەبووە، بەڵام ئەمە پرۆسیسێکە دیارنیە کەی و لەکوێ تەواو دەبێت، عێراق لەیەککاتدا کۆمەڵێک دۆسیەی یاسایی دژی کۆمپانیاکان جوڵاندووە و کۆمپانیایەکی یاسایی بەکرێ گرتووە، تا لە دادگاکانی لەندەن و پاریس سکاڵایان لەسەر تۆماربکات."

ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دەسەڵات و نەوت تازە نیە، بەڵام چوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نێو ڕێککەوتنی سێ قۆڵی لەگەڵ سەدر و عەرەبی سونە، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێرانی توڕەکردووە، بۆیە بەرپرسانی هەرێم پێیانوایە ئەو توڕەی یە هۆکاری تۆخکردنەوەی ئەمجارەی فشارەکانی سەر هەرێمە.

تا ئێستا هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە دادگای فیدراڵی، بانگهێشتی دادگا کراوە، سزای 6 ساڵ زیندانیکردن بۆ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و سزای 15 ساڵی زیندانیکردن بۆ 4 ئەندامی تری ئەو ئەنجومەنە دەرکراوە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بۆ دەنگی ئەمەریکا، چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردنی تریش بۆ هەندێک بەرپرسی تر بەتۆمەتی جیاجیا دەکرێت.

هەر دوای قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا و توڕەبوونی هێزە شیعەکان لەسەر پشتگیری پارتی دیموکرات بۆ ڕەوتی سەدر، دادگای فیدراڵی پرۆسەی نەوت و غازی هەرێمی بەنادەستوری ناوبرد، عالیە نوسەیفی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاساش سکاڵای تۆمارکرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی کرد، بەبیانووی پابەند نەبوون بەدەستورەوە.
شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، وتی"ڕێککەوتنی سێ قۆڵی بۆ گۆڕینی سستمی حوکمڕانیە، دژی هیچ لایەک نییە."

لای خۆشیەوە دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد پێیوایە، گرژی نێوان هەرێم و بەغدا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت ناکۆکی نێوانیان بڕیاری گرتن و قسەی جیاوازی دادگاکانی هەردوولای بە دوای خۆیدا هێناوە، وتی"هۆکاری بارگرژیەکان سیاسین، ڕێککنەکەوتن لەسەر پێکنەهێنانی حکومەتی عێراق ئەم بارگرژیانەی قوڵترکردووەتەوە، بارگرژیەکانیش ڕووی دارایی و سیاسی و یاسایی یان هەیە، دیارنیە کاردانەوەی هەرێم بەرامبەر بڕیارەکانی عێراق چی دەبێت."

سەرباری سکاڵابارانکردنی بەرپرسانی کورد و فشارخستنە سەر کۆمپانیا نەوتیەکان، بەڵام هێشتا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاردانەوەی توندنەنوێنراوە، گەرچی لە وەڵامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پرۆسەی نەوت و غازی هەرێمی بە دەستوری ناوبرد.

محەمەد حسێن ی لێکۆڵەری بواری ئابووری بەدووری دەزانێت کۆمپانیا نەوتیەکان، کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، وتی"ڕەنگە چاوەڕێی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بکەن، تا بەردەوام بن لە کاری خۆیان، ئەو کۆمپانیایانە پلانی ئەوەیان هەیە، لەمساڵدا وەبەرهێنان و بەرهەمی نەوتی زیاد بکەن، چونکە بازار و نرخی نەوت باشە، بۆیە تا پێیان بکرێت لەهەرێم دەمێننەوە."

وتیشی"ڕەنگە چۆنیەتی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ کۆمپانیاکان گرنگ نەبێت، گرنگ ئەوەیە ڕێکبکەون و ئەوان بەردەوام بن، کۆمپانیاکان نیگەرانن لەو دۆسیانەی لە بەغدا و لەئەوروپاش لەدژیان جوڵێنراوە، بۆیە شەڕە یاساییەکە دەستیپێکردووە، بەڵام دیارنیە کەی و چۆن کۆتاییان دێت."

چاودێران پێشبینی ئاڵۆزتربوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن، گەر کێشەکانی نێوانیان بە گفتووگۆ چارەسەر نەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولایان پەنایان بردووەتە بەر یاسا، تا شەرعیەت بدەنە هەنگاوەکانی داهاتوویان بەرامبەر بە یەکتری.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:20 0:00

XS
SM
MD
LG