Accessibility links

ئه‌مەریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ کۆبوونه‌وه‌ سه‌رەکییە ئاسایشییەکەی ئاسیادا لێدوانی توندیاندا له‌گه‌ڵ چین سەبارەت بە تایوان


ئه‌مەریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ کۆبوونه‌وه‌ سه‌رەکییە ئاسایشییەکەی ئاسیادا که‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ به ‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ تایوان لێدوانی توندیان ئاڵوگۆڕکرد له‌گه‌ڵ چین دا، به‌ڵام شه‌ڕی ئۆکرانیا و وتارێکی دوورودرێژی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سه‌رۆکی ئۆکرانیا زاڵ بوو‌ به‌سه‌ر دانیشتنه‌کاندا.

پێشتر لوید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە گفتوگۆی (شانگری لا) لە سەنگافور ڕایگەیاندبوو کە واشنتۆن ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە بەڕێوەبردنی گرژییەکان لەگەڵ چین و ڕێگریکردن لە ململانێکان لە کاتێکدا بەیژینگ تادێت لە ناوچەکەدا شەڕانگێزتر دەبێت.

زێلێنسکی لە ڕێگەی گفتوگۆییەکی ڤیدیۆییەوە لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراوەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا قسەی کرد و بە نوێنەرانی وتووە کە پشتیوانی وڵاتەکانیان نەک تەنها بۆ شکستپێهێنانی لەشکرکێشی ڕووسیا، بەڵکو بۆ پاراستنی سیستمی بنەما جیهانییەکان زۆر گرنگە.

هەروەها گوتیشی "لە بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیاوە بنەما یاساکانی داهاتووی ئەم جیهانە لەگەڵ سنووری هەرچی لە توانادا بێت یەکلایی دەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ڕووسیا لەنگەرەکانی دەریای ڕەش و دەریای ئازۆڤی داگیرکردووە، بەمەش بۆتەهۆی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی خۆراکی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان.

هەروەها گوتیشی "ئەگەر بەهۆی گەمارۆکانی ڕووسیا نەتوانین خۆراکەکانمان هەناردە بکەین، ئەوا جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی بەهێز و توندی خۆراک و برسێتی دەبێتەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئافریکادا."

چین و ئەمەریکا کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەسەر زۆرێک لە بابەتە هەستیارەکان وەک پرسی تایوان و تۆماری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چین تا چالاکییە سەربازییەکانی لە دەریای باشووری چین لێدوانی توند ئامێزیان ئاڵوگۆڕکردووە، جارێکی دیکە ناکۆکییەکان سەریان هەڵدایەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوید ئۆستین ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی، لەنێویاندا تایوان.

گوتیشی "ئەوە بە تایبەتی گرنگە لە کاتێکدا کۆماری گەلی چین ڕێبازێکی زۆرەملێ و شەڕانگێزانەتری گرتۆتە بەر لەبەرمبەر داخوازییە هەرێمییەکانی خۆیدا".

چین بانگەشەی ئەوە دەکات کە تایوان بەشێکە لە وڵاتەکەی و بەڵێنی داوە ئەگەر پێویست بکات بە زەبری هێز دەیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

ئۆستین ئاماژەی بەوەشکردووە "زیادبوونی ژمارەی ڕووبەڕووبوونەوەی نائارامی و ناپیشەیی لە نێوان فڕۆکە و کەشتییە چینییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا ڕوویداوە و جێی نیگەرانیین".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG