سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز کرد پشتیوانییەکی تەواو لە ئۆکرانیا بکات، شۆڵزی تۆمەتبار کرد بەوەی زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو دەرەنجامانەی کە لەسەر پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ ڕووسیادا دروست دەبێت.
لێدوانەکانی زێلێنسکی لەگمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا بوو لەگەڵ کەناڵی گشتی زێد دی ئێفی ئەڵمانیدا، لەکاتێکیشدا بوو کە هەواڵ هەن لەسەر ئەوەی ڕەنگە شۆڵز ڕۆژی پێنجشەممە بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەردانی کیێڤ بکات.
زێلێنسکی گوتی " دەمانەوێت ڕاوێژکار شۆڵز دڵنیاییمان بداتێ لەسەر ئەوەی ئەڵمانیا پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات. خۆی و حکومەتەکەی دەبێت بڕیار بدەن، ناکرێت مامەڵەیەک هەبێت لەنێوان ئۆکرانیا و پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیاشدا."
لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی فۆکەس لە زاری ڕۆژنامەی لا ستامپای ئیتاڵییەوە بڵاویکردەوە ڕۆژی پێنجشەممە سێ ڕابەری ئەوروپا سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەکەن، پێشتریش ڕۆژنامەی ئەم بیڵد زۆنتاگی ئەڵمانیا بڵاویکردبۆوە کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی پێش کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت سەردانی کیێڤ دەکەن. بەڵام بەدیاریکراوی ئاماژەی بە ڕۆژەکە نەدابوو.
هێشتا ئەڵمانیا ئەم هەواڵانەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز