کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە گرێ کوێرەی پرۆسەی سیاسی عێراق ئاڵۆز دەکات، بە شێوەیەک دەرگا بۆ چەندین ئەگەر دەکاتەوە، کە ڕەنگە لە ئایندەدا بەرۆکی پرۆسەی سیاسی عێراق بگرێتەوە.
هەرچی لایەنە کوردییەکانە، پێیان وایە کشانەوەی ڕەوتی سەدر، کەلێن لە پەرلەمانی عێراق دروست دەکات، بەڵام بە هەلیشی دەزانن بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە وەرەقەیەکی سیاسی هاوبەشەوە بڕۆنە بەغداد، چونکە کشانەوەی سەدر بە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەدر و پارتی و سوننەکان لە قەڵەم دەدرێت.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیوایە "بە کشانەوەی سەدریـیەکان هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە."
"بە کشانەوەی سەدریـیەکان هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە، لە سەرەتاوە نەدەبوو پارتی و یەکێتی بەو جۆرە دابەش ببن و ناکۆکیـیەکانیان بگاتە ئاستی "عینادی سیاسی" و ئەو بنبەستە گەورەیە و ئەم دۆخە دروست ببێت."
فەرمانی کشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتەکەی موقتەدا سەدڕ بۆ سۆران عومەر جێی سەرسوڕمان نەبوو "شتێکی چاوەڕوانکراوبوو لە موقتەدا سەدر کە ڕەنگە هاوپەیمانێتیـیە سێ قۆڵیـیەکە جێبهێڵێت یان تاک لایەنە بڕیارێک بدات یاخود پەرلەمانتارەکانی بکات بە ئۆپۆزسیۆن، بە کشانەوەی سەدریـیەکان پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە، بەڵام کەلێنی تێدەکەوێت."
هەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، کە ڕکابەری پارتی دیموکراتی کوردستانی هاوپەیمانی سەدر بوو لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقدا، پێیان وایە دەکرێت کشانەوەی سەدر بکرێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی کورد پێداچوونەوە بە کارنامەی خۆیدا بکات لە بەغداد.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کشانەوەی سەدر بە دەرفەتێک بۆ لایەنە کوردییەکان دەبینێت هەتا بە ڕێکەوتنێک بگەن.
"بە کشانەوەی ئەندامانی ڕەوتی سەدر قۆناغێکی نوێی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەستپێدەکات. کشانەوەی سەدر هەرچی ئەنجامێکی هەبێت بۆ کورد قۆناغێکی نوێ دەبێت، بە تایبەتی پارتی لە هاوپەیمانی سێ قۆڵی دێتە دەرەوە و دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پیاداچوون بکەین بۆ کارنامەی خۆمان لە بەغدا، وە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسیـیەکانی تر هەنگاوێک بگەڕێنەوە و پێکەوە وەرەقەیەکی کوردستانی هاوبەش ئامادەبکەین."
دابەشبوونی سیاسی لایەنە کوردییەکان لە بەغداد بەسەر هەردوو بەرەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی، هێندەی تر دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزتر کرد و بە چەقبەستنی دۆخی سیاسی عێراق لێکدەدرێتەوە.
لە ئێستادا کاروان یاروەیس لەگەڵ ئەوەدایە، لایەنە کوردیەکان یەکگرتووبن تەنانەت ئەگەر دەستکەوتیشیانن نەبێت.
"ئێمە پێمان باش بوو کورد نەبێتە بەشێک لە ململانێی ناو ماڵی شیعە و پێمان وابوو شیعە یەک لایەنبن و ئێمە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین. کورد یەکگرتوو بێت ئەگەر دەستکەوتیشی نەبێت بە کەمترین زیان لێی دێتە دەرەوە."
سەرۆکی فراکسیۆی کۆمەڵی دادگەرییش ئومێدەوارە ناکۆکی نێوان لایەنە ئاڵۆزتر نەبێت. " سەبارەت بە مەترسی ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی چەکداری نێوان لایەنە شیعەکان، دەڵێت هەرچەندە کوشتن و تەسفیەکردنی یەکتر هەیە، بەڵام هیوادارە بەوە نەگات."
لە دوای کشانەوەی رەوتی سەدرەوە. چەند سیناریۆیەک باسیان لێوە دەکرێت. لەوانە بە ئۆپۆزسیۆن بوونی سەدر لە دەرەوەی پەرلەمان، یاخود جوڵاندنی شەقام، هاوکات هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش بە یەکێکی دیکە لە سیناریۆکان دادەنرێت.
سۆران عومەر پێیوایە، خەڵک خواستی دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان نییە " ئەگەر خەڵک خواستیان هەبێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێکی نوێ، ئەوا زۆر هێز و لایەن پێیان باشە هەڵبژاردن بکرێتەوە، بەڵام ئاستەمە خەڵکی ئەو خواستەیان هەبێت بەهۆی تێپەڕبوونی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردن و هیچ ئەنجامێکی نەبووە جگە لە شەڕی سیاسی، بۆیە بەبێ بینینی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردن، چۆن دەنگدەر دەچێتەوە بۆ هەڵبژاردن؟."
کاروان یاروەیس. بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات. کە ئێستا کاتی چارەسەرکردنی کێشەکانە لە ڕێگەی گفتوگۆوە "کێشەکان نابێت سڕبکرێن، بەڵکو دەبێت چارەسەربکرێن، لەسەر ئاستی عێراق پێویستە هەموو لایەنە سیاسیـیەکان گفتۆگۆی جدی بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی باڤڵ تاڵەبانی گەیشتووەتە بەغدادی پایتەخت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقیـیەکان. یەکێتی و پارتی دوو هێزی بەرپرسیارن لە چارەنووسی هەرێمی کوردستان، وە هەتا ڕۆژێک زووتر دابنیشن کەمتر کێشەکانی نێوانیان قوڵ دەبێتەوە و کەمتر زیانیان پێدەگات."
دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا تێڕوانینی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بزانێت سەبارەت بە کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئامادە نەبوون لەم بارەیەوە لێدوان بدەن.