Accessibility links

گروپی چەکداری هەیئەی تەحریر شام چەندین گوند لە هەرێمی عەفرین کۆنتڕۆڵ دەکات


لە عەفرین پێشکەوتن و گەشەسەندنی سەربازی کاریگەر ڕوو دەدەن و سەرچاوە مەیدانییەکانی ناو هەرێمەکەش ڕایدەگەیەنن کە هەیئەی تەحریر شام کە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرا بوو لە سوریا دەربازی ناو هەرێمەکە بوون، چەندین گوندیان کۆنترۆڵ کردووە و لە ناوەندی شاری عەفرین نزیکە بوونەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، شەوی ڕابردوو پاش کشانەوەی گروپی چەکداری فەیلەق ئەلشام لە ناوچەکە، هەیئەی تەحریر شام هێرشی کردە سەر ڕێگای غەزەویە لە نێوان عەفرین و ئیدلب.

هاوکات هەیئەی تەحریر شام بە هاوکاری بزووتنەوەی ئەحرار ئەلشام توانی چەندین گوندی باشوری عەفرین کۆنترۆڵ بکات بەبێ ئەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕێگرییان لێبکەن .

ئەو گوندانەی کە هەیئەی تەحریر شام کۆنتڕۆڵی کردوون بریتین لە بەرادێ، بیێ، باسوفانێ، بۆرج عەڤدالۆ، باسوتێ، عەیندار و کورزێلێ لە ناوچەی شێراوە. هەروەها غەزێویێ، دێر بەلۆت، تەل سێلوور، ئیسکا، دێوا و جەلەمێ لە ناوچەی جندرێس، بەو پێیەش هەیئەی تەحریر شام تەنها 5 کیلۆمەتر لە ناوەندی عەفرینەوە دوورە.

لای خۆیەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، کە ناکۆکی و پێکدادانەکانی نێوان جەبهەی شامی و گروپێک بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی ئەحرار ئەلشام لە گوندەکانی ناوچەی باب سەریهەڵداوە.

گروپەکانی جەبهە ئەلشامی و ئەحراری شام لە چەند گوندێک دەرکرابوون، هەر بۆیەش هەیئەی تەحریر شام بۆ یارمەتیدانی ئەو گروپانە هاتۆتە ناچەکە و چەندین گوندی کۆنترۆل کردووە کە بریتین لە گوندەکانی سوسیان، ئۆلان، هێزوان، عوبێل، شیدودێ، کیێبێ، تل بەتاڵ، قیەر کێلبین و باروزێ.

شایانی باسە زۆربەی گوندەکانی ناوچەی باب کە بوونەتە سەرچاوەی ململانێ گوندی کوردنشینن کە زۆربەی خەڵکی ئەو گوندانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیاوە لە گوندەکانیان دەرکراون.

لەو چوارچێوەیەدا چالاکوانان ڕایانگەیاند، کە سوپای تورک کە بەسەر هەرێمی عەفریندا زاڵە و هەروەها بنکەکانی لە ئیدلب هەن بێدەنگن لە پەرەسەندنی هەیئەی تەحریر شام کە گوایە فەرمانی بە گروپە چەکدارەکانی ناو "سوپای نیشتیمانی سوریا" کردووە دەستتێوەردان نەکەن.

جێی ئاماژەیە، کە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ڕەوشی ناوچەکە ئاڵۆزە و هەیئەی تەحریر شامیش لە شوێنی خۆیانن، تا ئێستا نەپەڕیوونەتە ناو شاری عەفرین، لە کاتێکدا باری نائاسایی و قەدەغەکردنی هاتووچۆ لەو شارەدا ڕاگەیەندراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:27 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG