Accessibility links

فشاری عێراق بۆ سەر کەرتی نەوتی هەرێم چڕتر دەبێتەوە


عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بە ئامانج کردنی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، هەرێمەکە ناچاربکات پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی بکات و مل بۆ بڕیارەکانیشی بدات، بەڵام تا ئێستا ئەم کێشمەکێشە بەردەوامی هەیە و هیچ لایەکیان براوە نەبوون.

هەرکات ناکۆکی نێوان هەرێم و عێراق سەرهەڵبداتەوە، عێراق ئەو کۆمپانیا نەوتی یە بیانیانە دەکاتە ئامانج کە مامەڵەی نەوتی یان لەگەڵ هەرێم هەیە، چونکە پێیوایە خۆڕاگری هەرێم وابەستەیە بە مانەوەی ئەم کۆمپانیایانەوە.

کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان چووە نێو هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە و هێزە شیعە دەسەڵاتدارە ناڕازیەکانی توڕەکرد، خێرا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی هەڵدایەوە و کۆی پرۆسەکەی بە نایاسایی و نادەستوری ناوبرد، دواتریش فشاری وەزارەتی نەوت بۆ سەر کۆمپانیا بیانیەکان زیادیکرد.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، دووجار بە کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی کۆرومۆر لە ناوچەی قادرکەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ، کە دوا هێرشیان ڕۆژی هەینی بوو، گومان دەکرێت هێرشەکان لەلایەن گروپە میلیشیاکانەوە و لە سنوری کەرکوکەوە ئەنجام بدرێن.

محەمەد حسێن شارەزای بواری کەرتی نەوت پێیوایە، لایەنی عێراقی وایدەبینن خۆڕاگری کەرتی نەوتی هەرێم وابەستەیە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانەوە، تا ئەم کۆمپانیایانە بەردەوام بن و نەوت بفرۆشن، هەرێم پێداگیر دەبێت لەسەر هەڵوێستەکانی، گوتی"گەر عێراق توانی کۆمپانیا نەوتیەکان هەراسان بکات و کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمییان پێ جێبهێڵێت، ئەوکات کەرتی نەوتی هەرێم کۆتایی دێت و حکومەتی هەرێم ناتوانێت درێژە بەم پرۆسیسە بدات، ئەمە تێگەیشتنی لایەنی عێراقیە، بۆیە کۆمپانیا نەوتیەکان دەکاتە ئامانج."

کۆمپانیا نەوتیەکان، نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم بەرهەم دەهێنن و دواتر ئەو نەوتە بە بازاڕ دەکرێت و پارەکەی دەبێتە سەرچاوەی بەشێکی گرنگی ئابووری هەرێم، سەرباری فشارەکانی حکومەتی عێراقیش بۆ سەریان، بەڵام هێشتا بەردەوامن لە کارکردن لە هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە عێراق حەوت لەو کۆمپانیایانەی داوەتە دادگا کە مامەڵەی نەوتی لەگەڵ هەرێم دەکەن، تا ناچاریان بکات هەرێم جێبهێڵن، بەڵام تا ئێستا ڕێوشوێنە یاساییەکانی عێراق کاریگەری نەبووە لەسەریان، چونکە بەرژەوەندیەکانیان لەنێوخۆیی هەرێمە وەک لە عێراق.

دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"عێراق سێ ئامانجی هەیە لە بە ئامانج کردنی کەرتی نەوتی هەرێم، نوخبەی عێراقی بڕوایان وایە هەرێمی کوردستان گەر فیدراڵییە دەبێت داهاتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، گەر کۆنفیدراڵیشە دەبێت خۆی بژێنێت و داوای پارە لە عێراق نەکات، هەروەها فشارە بۆ سەر پارتی کە چووە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر، ئینجا وەزیری دارایی عێراقیش ئەم فشارانە بەردەوامی پێدەدات تا لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، چونکە دۆخێک خوڵقێنراوە، مەسەلەکە پشتگیری شەقامی عێراقی هەیە."

دادگای فیدراڵی عێراق کۆی پرۆسەی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی و نادەستوری ناوبردووە، فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیش ڕایگەیاندووە"پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەرکێکی دەستوری و یاسایی یە، بۆ هیچ لایەنێک نیە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بکات." لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت ئەو کێشەیە بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی داهاتووی عێراق چارەسەر بکات.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"یەکێک لە مەرجەکانمان بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی پەرلەمان، دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازە لە حکومەتی داهاتووی عێراق."

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق دژی نەوت و گازی هەرێم، ئەو مەترسیەی دروستکردووە کە شەرعیەتی بەکارهێنانی هێز بداتە عێراق دژی ئەو کێڵگە نەوتیانەی، کە هەمیشە دامەزراوە نەوتیەکانی عێراق، هەرێم بەدەست بەسەرداگرتنیان تۆمەتبار دەکات بە تایبەت کێڵگەی خورمەڵە، ئەم کارە زیانێکی گەورە بەسەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، هەروەک دوای بڕیارەکانی دادگای عێراقیش، تا ئێستا دووجار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی کۆرومۆر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:10 0:00

XS
SM
MD
LG