بهپێی بهرپرسێكی ئۆكرانیا و بهڵگهنامهیهكی ئۆكرانیا كه دەست ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتهرز کەوتووە، ئۆكرانیا داوای لە توركیا کردووە كهشتی بارهەڵگری ژیبك ژۆلی كه ئاڵای ڕووسیای لەسەرە و بارێكی دانهوێڵهی ئۆكرانیای ههڵگرتووه ڕابگرێت و دەستی بەسەردا بگرێت کە له بهندهری بێردیانسكی داگیركراو لەلایەن ڕووسیاوە ڕەوانە کراوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی دەریای ئەو وڵاتەوە دەستی کەوتووە، ڕایگەیاند کەشتی بارهەڵگری ژیبێک ژۆلی کە 7 هەزار و 146 تۆنی دەگوازێتەوە، یەکەم باری نزیکەی 4 هەزار و 500 تۆن دانەوێڵەی لە بێردیانسکەوە بارکردووە. بەرپرسەکە گوتیشی خاوەنی ئەو دانەوێڵەیە ئۆکرانیایە.
لە نامەیەکدا کە بەرواری 30 ی مانگی 6 بۆ وەزارەتی دادی تورکیا ڕەوانەکراوە، داواکاری گشتی ئۆکرانیا بە جیا بڵاویکردووەتەوە، کە ژیبک ژۆلی دەستی هەبووە لە "هەناردەکردنی نایاسایی دانەوێڵەی ئۆکرانی" لە بێردیانسکەوە و بە 7 هەزار تۆن بارەوە بەرەو قەرەسوو (دەریای ڕەش)ی تورکیا بە ڕێکەوتووە، کە بارێکی گەورەترە لەوەی کە بەرپرسەکە ئاماژەی پێکردووە.
وهزارهتی دهرهوهی توركیا دهستبهجێ وهڵامی داواكاری لێدوانی نەدایەوە لهسهر هاتنی كهشتی ژیبهك ژۆلی بەرەو سنورە ئاوییەکانی تورکیا.
کۆمپانیای KTZ Express کە بنکەکەی لە کازاخستانە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرزی پشتڕاست کردەوە کە کەشتی بارهەڵگری ژیبێک ژۆلی خاوەندارێتی کۆمپانیاکە دەکات بەڵام ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیای گرین لاینی ڕووسی تایبەت بە کەشتی بە کرێ گیراوە، کە سزاکان نایگرێتەوە.
کۆمپانیای KTZ Express ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاوێژ بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و پابەندی هەموو سزا و سنووردارکردنەکان دەبن.
ئۆکرانیا ڕووسیای بە دزینی دانەوێڵە لەو خاکانە تۆمەتبار کردووە کە هێزەکانی ڕووسیا لە دوای دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکەی لە کۆتایی مانگی 2 ەوە دەستیان بەسەردا گرتووە. كرملین ڕەتیكردەوە ڕووسیا هیچ دانەوێڵەیەكی ئۆكرانیای تاڵانکردبێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز