Accessibility links

نوێنەری پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا: دەستی تێکدەرانە لە پشت هێرشکردنە سەر کۆرومۆرەوەیە


نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا ڕایدەگەیەنێت، هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە سنوری قەزای چەمچەماڵ کاری تێکدەرانەیە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە لیژنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و عێراق سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هێرشەکان.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید عادل زەنگەنە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا، دەڵێت"هەر ئۆپەراسیۆنێک لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت کە بە بۆشایی ئەمنی هەژمارد دەکرێن، دەبێت بەهەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپا بێت، هەرچەندە پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەش بۆ ئەو ناوچانە دواکەوتووە، بەڵام بیرۆکەی ئەنجامدانی کاری سەربازی هاوبەش لەو ناوچانە هەیە."

بازگەیەکی سنوری ناحیەی زنانەی سەربە قەزای خورماتوو، کە بە بازگەیەکی ستراتیژی دادەنرێت و ناوچەکانی خورماتوو دەبەستێتەوە بە ناحیەی زنانە و ناوچەی کۆرومۆرەوە، لەلایەن سوپای عێراقەوە داوادەکرێت بکرێتە بازگەیەکی هاوبەش، لەکاتێکدا لەساڵی 2003 ەوە لە ژێر کۆنترۆڵی کورددایە، بەڵام پێشمەرگە ڕازی نیە و عێراقیش کۆڵ نادات، هەموو ڕۆژێک هێز دەنێرێتە سەر بازگەکە، لەوبارەیەوە عەمید عادل وتی"تەنها ئەو بازگەیە نییە، گەر داوای ئەو بازگەیە بکرێت، بازگەی تریش هەیە و دەبێت بکرێتە هاوبەش."

سەبارەت بەئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنە هاوبەشەکەیان لەو موشەکانەی کە ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرومۆر کران، فەرماندەکەی پێشمەرگە وتی"هەندێک ڕاگەیاندن زانیاری بڵاوکردووەتەوە، گوایە موشەکەکان لەسنوری پێشمەرگەوە هاویژراون، ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە، لیژنەکەمان بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە، دەستی تێکدەر پێشتر هەبووە، دەبێت ئەو دەستانە ببڕدرێن کە زیان بە کێڵگەو سەنگەرەکانی سوپا و پێشمەرگە دەگەیەنن، دەتوانین بڵێیین، ئەو کارانە ئیشی گروپە لە یاسا دەرچووەکانن."

دەربارەی ئەوەی گومان لەچی ناوچەیەک دەکرێت کە موشەکەکانی لێوە هاوێژرابێت، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا، دەڵێت"هیشتا لیژنەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید عادل زەنگەنە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا، لەبارەی ئەو زانیاریانەی لە ڕاگەیاندنەکان لە بارەی شوێنی هاویشتنی موشەکەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە لەسنوری پێشمەرگەوە هاوێژراون، وتی"ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتەوە، ڕەنگە هەندێک زانیاری دزەی کردبێت، بەڵام ئەوە ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان نەبوو."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00

XS
SM
MD
LG