Accessibility links

پەرلەمانتارێکی پارتی: ڕێککه‌وتنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆتە ئه‌مری واقیع


IRAQ-POLITICS/PARLIAMENT
IRAQ-POLITICS/PARLIAMENT

ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت" به‌ڕاستی ڕێککه‌وتنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆتە ئه‌مرێکی واقیع، له‌ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتن،‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بۆتە کوتله‌یه‌ک بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی داهاتوو، دەشڵێت "پارتی شتێک داواناکات له ‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقی، دەربارەی کاندید کردنی مالکی بۆ سەرۆک وەزیران، شەنگالی دەڵێت "هه‌رکاتێک به‌رنامه‌یه‌کی حکومی هه‌بێت خاڵی داخوازییه‌کان هه‌رێمی کوردستان و داخوازییه‌کانی پارتی جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌و داخوازیانه‌ش پێویسته‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق بێت بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وکات هیچ ته‌حەفوزمان نابێت له‌سه‌ر هیچ که‌سێک، سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماریش، شەنگالی دەڵێت" پێمان باشە لە ناو 63 پەرلەمانتارە کوردەکان یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژردرێت، بەڵام یەکێتی ئەوە قبوڵ ناکات. "

" جه‌ختمانکرده‌وه‌ له‌سه‌ر له‌ کاندید کردنی کاک ڕێبه‌ر بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری و هه‌تا ئێستا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ برایانی یه‌کێتی"

لە سەرەتای قسەکانیدا شەنگالی ئاماژەی بە کۆبونەوەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان(مەسعود بارزانی) لەگەڵ فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق کرد و ڕایگەیاند" به‌ڕاستی کۆبوونه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی به‌ڕوونی سه‌رنجی له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێکی گرنگ کرد، خاڵێکیان له‌چ هاوپه‌یمانیه‌ک بین و ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ دژی چ لایه‌نێک و پێکهاته‌یه‌ک و کوتله‌ی سیاسیه‌؟ خاڵی دووه‌م، ته‌رکیزی له‌سه‌ر هه‌رسێ بنه‌مای هاوسه‌نگی و هاوبه‌شی و سازان کرده‌وه،‌ له‌ هه‌موو پێکهێنانی شێوه‌ی حکومه‌تدا به‌ دروستی هه‌م هاوبه‌ش بین له‌حکومه‌ت نه‌ک به‌شدار بین، وه‌ هاوسه‌نگیه‌کی ڕاست له‌هه‌موو پۆستێکی حکومه‌تی فیدڕاڵی له‌ بڕیاردان،‌ سازانێک بێت نه‌ک به ‌مانای سازانی پشکداری، به‌ڵکو سازان له‌ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌رخستنی بڕیاری به‌ ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت، مه‌سه‌له‌ی سێیه‌م، جه‌ختمانکرده‌وه‌ له‌سه‌ر له‌ کاندید کردنی کاک ڕێبه‌ر بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری و هه‌تا ئێستا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ برایانی یه‌کێتی. "

" ڕێککه‌وتنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆتە ئه‌مرێکی واقیعی "
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی(ماجید شەنگالی) دەربارەی هاوپەیمانی حزبەکەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت" به‌ڕاستی ڕێککه‌وتنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆتە ئه‌مرێکی واقیعی له‌ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتن، هەر خۆی کوتله‌ی سه‌دری له‌نێو په‌رله‌مان نه‌ما و کورسیان نه‌ما، بۆیه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بۆتە کوتله‌یه‌ک بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی داهاتوو. "

" پارتی شتێک داواناکات له ‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقی "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هیچ دانوستان هه‌یه‌ له‌نێوان ئێوه‌ وه‌کو پارتی له‌گه‌ڵ کوتله‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی؟
ماجید شەنگالی وتی " له ‌پێش دانیشتنی سوێندخواردنی ئه‌ندام په‌رله‌مانانی جێگره‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌دری، کۆبوینەوە له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، به‌ ئاماده‌بوونی عامری و فه‌یاز و حه‌لبوسی و خه‌نجه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌، به‌نگین ڕێکانی و فوئاد حسێن و کاک شاخه‌وان له‌سه‌ر هه‌ندێک گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتن کرا، به‌ڕاستی پارتی شتێک داواناکات له ‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقی. "

" دوای جه‌ژنی قوربان گفتوگۆی جددی و گرنگ هه‌بێت له‌نێو کوتله‌سیاسیه‌کان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و پارتی، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و سیاده‌ ڕه‌نگه‌ پارتی و یه‌کێتی هه‌ندێک گفتوگۆ بکه‌ن "

بە بڕوای شەنگالی لە دوای جەژن گفتوگۆی جدی لە نێوان لایەنە سیاسییە عەراقییەکان دەستپێدەکات، لەو ڕووەوە ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی "من واده‌بینم له‌قۆناغی دوای جه‌ژنی قوربان گفتوگۆی جددی و گرنگ هه‌بێت له‌نێو کوتله‌سیاسیه‌کان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و پارتی، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و سیاده‌ ڕه‌نگه‌ پارتی و یه‌کێتی هه‌ندێک گفتوگۆ بکه‌ن، به‌ڕاستی پێویسته‌ حکومه‌ت پێکبهێنرێت له‌ نزیکترین کاتدا، چونکه‌ دۆخی عێراق ته‌حمول ناکات حکومه‌ت نه‌بێت، ئه‌گه‌ر حکومه‌ت نه‌بێت چاره‌سه‌ر چییه‌ دۆخی په‌رله‌مان به‌ڕاستی خراپترین دۆخه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر نه‌ڕۆیشت، چونکه‌ هه‌ڵبژاردنێکی تر له‌عێراقدا نابێت. "

" پارتی ته‌حه‌فوزی له‌سه‌ر که‌سه‌کان نییه‌ "
ئێوه‌ وه‌کو پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ ته‌حه‌فوزتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر کاندیدی دەوڵەتی یاسا کە باس له‌وه‌ده‌کرێت مالکی کاندیدی فه‌رمیه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق؟
لە وەڵامدا ماجید شەنگالی وتی" مالکی کاندیدی ده‌وڵه‌تی یاسایه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران، وه‌کو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌تا ئێستا بڕیاریان نه‌داوه‌ وه‌ زۆر سه‌رکرده‌کانی خه‌تی یه‌که‌م له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی حه‌زیان هه‌یه‌ ببن به‌ سه‌رۆک وه‌زیران له‌وانه‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادی، عامری سه‌رکرده‌کانی خه‌تی دووه‌م قاسم ئه‌عره‌جی، محمه‌د سودانی، عیدانی هه‌تا ئێستا کازمیش وه‌کو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت "یلعب علی التناقضات" واته‌ له‌سه‌ر ناکۆکی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌وانه‌یه‌ سازان بێت، وه‌کو پارتی ته‌حه‌فوزی له‌سه‌ر که‌سه‌کان نییه‌، ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ که‌سه‌کان ناکه‌ین، به‌ڵکو ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حکومه‌ت و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی دروستی که‌ هاوبه‌ش بین له‌ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، هه‌رکاتێک به‌رنامه‌یه‌کی حکومی تێدا هه‌بێت خاڵی داخوازییه‌کان هه‌رێمی کوردستان و داخوازییه‌کانی پارتی جێبه‌جێ بکرێت ئه‌و داخوازیانه‌ش پێویسته‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق بێت بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وکات هیچ ته‌حفوزمان نابێت له‌سه‌ر هیچ که‌سێک. "

" باوه‌ڕناکه‌م یه‌کێتی قبوڵی بکات "

بۆچی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر کاندیدێکی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار؟
به‌ڕاستی یه‌کێتی سووره‌ له‌سه‌ر کاندیدکردنی به‌رهه‌م ساڵح، ته‌حه‌فوزیش زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح، به‌ڕاستی ئێمه‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار واده‌بینین پۆستێکی شایسته‌ و مافی کورده‌ نه‌ک مافی یه‌کێتی، بۆچی کاندیدی ئێمه وەک کورد‌ بۆ سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵنابژێردرێت، له‌نێوان هه‌ر 63 ئه‌ندام په‌رله‌مانی کورد، پێویسته‌ کوردیش خاوه‌ن بڕیاربن یه‌ک کاندید ببه‌نە ناو پەرلەمانی عەراق، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی یه‌ک کاندید ده‌هێنێت، به‌ڕاستی پێویسته‌ په‌رله‌مانتارانی کورد یه‌ک که‌س کاندید بکه‌ن وه‌کو 2014 به‌رهه‌م ساڵح و فوئاد مه‌عسوم په‌رله‌مانتارانی کورد هه‌ڵبژاردنیان کرد فوئاد مه‌عسوم سه‌رکه‌وت کە کاندیدی کورد بوو بۆ سه‌رۆک کۆمار. "

واته‌ ئێوه‌ پێتان باشه‌ له‌ناو په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کاندا کاندیدێکی هاوبه‌شی کورد دیاری بکرێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار؟

لە وەڵامدا ماجید شەنگالی دەڵێت" به‌ڵێ بژارده‌ی دروست ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ 2018 وه‌ داوامانکردووه‌ به‌ڵام باوه‌ڕناکه‌م یه‌کێتی قبوڵی بکات. "

واته‌ یه‌کێتی ئه‌مه‌ قبوڵ ناکات؟
وەڵامەکەی ماجید شەنگالی بەمجۆرە بوو" به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌کێتی ئه‌مه‌ قبوڵ ناکات،31 بە 63 یە . "

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:56 0:00




XS
SM
MD
LG