بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیری بەریتانیا دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی وەزیرەکانی و زۆربەی پەرلەمانتارانی پارتەکەی، پارتی پارێزگاران، داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێکرا و سیاسەتمەدارانی هەموو لایەک پێیان گوت دەستبەجێ پۆستەکەی بەجێبهێڵێت.
لەبەردەم ئۆفیسەکەی، ١٠ داونینگ ستریت، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕاگەیاند بۆ میدیاکان و پاڵپشتیکەرانی لە نێویاندا هاوسەرەکەی، کاری، کە بە جلێکی سوورەوە دەرکەوت و منداڵە کۆرپەکەیانی لە باوەشدا بوو.
جۆنسن ڕوویکردە خەڵکی بەریتانیا و گوتی، "دەمەوێت بزانن چەندە خەفەتبارم کە ئەمڕۆ واز لە گرنگترین پۆستی جیهان دەهێنم." بەڵام جۆنسن لە گوتارەکەیدا بە هیچ شێوەیەک داوای لێبوردنی نەکرد یاخود دانی بەوەدا نەنا هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت، تەنیا باسی لە دەستکەوتەکانی خۆی و پارتەکەی کرد.
دەست لەکارکێشانەوەکەی جۆنسن بەتایبەتی دوای ئەوە هات دوو وەزیر،لە ناویاندا وەزیری دەرەوە، ڕۆژی پێنجشەممە دەستیان لەکارکێشایەوە و گوتیان جۆنسن توشی سکانداڵێکی هێندە گەورەوە بووە کە هیچی دیکە شیاو نییە تا سەرکردایەتی وڵات بکات.
دیارترین دەستکەوتی جۆنسن جیاکردنەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا، کە یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی. جۆنسن یەکێک بووە لە گەورەترین پاڵپشتیکەرانی ئۆکرانیا و سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە دوای دروستبوونی شەڕی ڕووسیا کە بۆتە وێرانبوونی بەشێکی گەورەی.
لە دواین گوتاریدا وەکو سەرۆک وەزیران، جۆنسن بە ئۆکرانیاییەکانی گوت کە دوای ڕۆیشتنی ئەویش لە پۆستەکەی، "ئێمە لە بەریتانیا بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنتان."
جۆنسن بەڵێنی پاڵپشتیکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوویدا و گوتی داهاتووی وڵاتەکەمان "زێڕینە."