تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕێکنەکەوتوون، لەکاتێکدا لایەنە شیعەکان داوایان لێکردوون، پەلە بکەن لە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێک، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە و بەدوو کاندیدی جیاوە بچنە نێو پەرلەمان.
کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵحە، بەڵام پارتی پێی ڕازی نیە و داوای گۆڕینی دەکات، یەکێتیش تا ئێستا ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوە، پارتیش ڕەتیدەکاتەوە بە کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح ڕازی بێت و ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی بۆ پۆستەکە کاندید کردووە.
شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نیە، پارتی ڕێبەر ئەحمەد کاندیدیەتی و هەوڵی بۆ دەدات ببێتە سەرۆک کۆمار، پارتی پێداگیرە لەسەر پشتگیری کردنی کاندیدەکەی، مەگەر لە حاڵەتێکدا لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوین لەسەر کاندیدێک جێی ڕەزامەندی هەردوولا بێت."
ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی پەلەیانە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆیە داوای ڕێککەوتنیان لەیەکێتی و پارتی کردووە، بەو پێیەی سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەوان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت.
قەیس خەز عەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند"دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار کێشەی بەردەم پێکهێنانی حکومەتە، کێشەی نێوان کوردەکان لەسەر سەرۆک کۆمار قوڵترە لە کێشەی نێوان شیعەکان لەسەر پیکهێنانی حکومەت."
هۆشداریشدایە لایەنە کوردیەکان، گەر لەسەر کاندیدێک ڕێکنەکەون، زۆر چاوەڕوان نابن لەبابەتی دیاریکردن و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
گەر پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەون، ئەوکات ململانێکەیان دەبەنە نێو پەرلەمانی عێراقەوە، دەنگی پەرلەمانتاران کاندیدی لایەکیان بۆ پۆستەکە یەکلایی دەکاتەوە.
عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی، داوای لە کورد کردووە پەلە بکەن لە یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار، بە بەرپرسیارێتی گەورەوە تەماشای ئەم ئیستیحقاقە نیشتیمانییە بکەن.
لایەنە شیعەکان پەلەیان لە پێکهێنانی حکومەت و نایانەوێت ڕەوتی سەدر دەرفەتی زیاتری لەبەردەمدا بێت، تا گرفتیان بۆ دروست بکات، بەو پێیەی سەدر سەرقاڵی جوڵاندنی شەقامە، بۆیە فشاریان خستووەتە سەر یەکێتی و پارتی تا پەلە بکەن لە یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار، بەڵام تا ئێستا یەکێتی و پارتی پێداگیرن لەسەر سەرخستنی کاندیدەکانیان و ڕێکنەکەوتوون.
رێزان شێخ دلێر راوێژکاری پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوایە، حیزبەکەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار و کاندیدەکەشی کەبەرهەم ساڵحە نابێت، بە دەنگی ئەمەریکای وت"دوو ڕۆژ پێش جەژن، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوویەوە و جەختیان لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کێبەرکێکە قورس دەبێت، دەبێت ئیش لەسەر شەخسی پەرلەمانتاران بکرێت، تا دەنگ بە دکتۆر بەرهەم بدەن."
یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆمار بە پشکی خۆی دادەنێت و پێداگیرە لەسەر پشتگیری کردنی کاندیدەکەی کە بەرهەم ساڵحە، بەڵام پارتی ئەو پۆستە بە پشکی کورد دەزانێت و دەیەوێت ڕای هەبێت لە سەر ئەو کەسەی بۆ پۆستەکە کاندید دەکرێت.