ئەلیزابێس بۆرن، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا، ڕۆژی دووشەممە لە یەکەم دەنگدان لە لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمان ڕزگاری بوو کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی چەپڕەوی وڵاتەکەوە پێشنیازکرابوو.
پێشنیارەکە کە پێویستی بە 289 دەنگی بەڵێ بوو تا پەسەندبکرێت. دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە مشتومڕ، تەنها 146 نوێنەر لە کۆی 577 نوێنەری ئەنجومەنی نیشتیمانی پشتگیریان لە داواکە کرد.
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی فەرەنسا، بەناوی فەرەنسای کڕنووشنەبەر،(LFI) ، پێشنیارەکەی دژی بۆرن خستبووە ڕوو. بەڵام بۆرن ئەو لە مەترسی دەرچوو چونکە لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن تەنانەت پێش دەنگدانەکەش ڕەتیانکردبووەوە پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکە بکەن.
لە میانی دیبەیتەکەدا سەرەک وەزیران پارتی LFI تۆمەتبار کرد بەوەی کاتەکانی پەرلەمان لە بابەتگەلێکی گرنگ دوور دەخاتەوە.
بۆرن پێش دەنگدانەکە لە پەرلەمانی فەرەنسا گوتی "بەڕێزان، ئەمڕۆ دەتوانین کار بۆ باشی گەلی فەرەنسا بکەین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " لە بری ئەوە مشتومڕ لەسەر لێسەندنەوەی متمانە دەکەین کە لەسەر بنەمای بانگەشەیەکە کە من نیەتی شتێکم هەبووە، ئەمەش ڕێگرییە لە بەردەم کاری پەرلەمان و لە ئەنجام خواستی گەلی فەرەنسادا."
بۆرن لە مانگی ئایاردا لەلایەن سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆنەوە دەستنیشانکرا، مانگێک پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە تێیدا پارتی ناوەندگەرایی دەسەڵاتدار نەیتوانی جارێکی دیکە زۆرینەی کورسییەکان مسۆگەر بکاتەوە.
ئەلێکسیس کۆربیێر، پەرلەمانتاری باڵای LFI ڕۆژی دووشەممە بە کەناڵی سێناتی گشتی گوت، "هەرگیز قبوڵ ناکەین کەسێک دەسەڵات لەم وڵاتەدا بەدەستەوە بێت و تاکە شەرعیەتییەکەی ئەوەبێت کە لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشانکرابێت."
بۆرنی تەمەن 61 ساڵ بە ڕوونی ئەوەی خستۆتەڕوو کە بە نیازە پشت بە دەنگی پارتی ئۆپۆزسیۆنەکان ببەستێت بۆ دەرکردنی یاسا. کۆمارییە ڕاستڕەوەکانی فەرەنسا ڕۆڵێکی گرنگ لە داهاتووی بۆرندا دەگێڕن.