Accessibility links

پۆستی سەرۆک کۆمار گرێ کوێرەکەی پڕۆسەی سیاسی عێراق


تا دێت ململانێکان لە گۆرەپانی سیاسی عێراق زیاتر دەبن و کورد وەک بەشێکی سەرەکی لە عێراق لەناو قوڵایی ململانێکاندایە، لەلایەکی ترەوە یەکێتی و پارتیش تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ڕێکەوتنی تاک لایەنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆکارێکی دواخستنی پرۆسەی سیاسی عێراق دەزانێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێکەوتن و خۆ جیا کردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەنە کوردیەکان لە سەرەتاوە لە بەرژەوەندی کورد نەبووە، وە پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانی نەیانتوانی بگەنە ڕێکەوتن، بۆیە پارتی دەستیکردۆتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان.

"سەرەتا بەوە دەستیپێکرد لایەنە کوردستانیەکان بەیەکەوە وەفد بنێرن بۆ بەغداد، بەڵام دیارە وا دەرنەچو پارتی دیموکرات وەفدێکی نارد بۆ ئیستیتڵاع چوو بەڵام ئیستیتڵاعی نەکرد، تاک لایەنە لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکان ڕێکەوتنی ئیمزا کرد، وە دەیانەویست حکومەتی زۆرینە دروست بکەن، وە هەموو شیعەکانی تری عێراق و لایەنە کوردستانیەکان تەهمیش کران، بۆیە هیچ لە بەردەمیان نەمایەوە بێجگە لە بەرگریکردن لە خۆیان. ئەوان سەرکەوتوو نەبوون سێ قۆڵی، چەند جارێک کۆبوونەوە کرا نەیانتوانی پەرلەمانتارەکان ببەنە قاعە کە پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمە زەرەرێکی گەورەی دا لە پڕۆسەی سیاسی ئێستا. یەکێتیش بە دوای ئینتیقامەوە نییە، وەک هەرێمی کوردستان هەوڵ بدەین بە یەک بەرنامەی هاوبەش بە یەک هەیئەتی هاوبەش بەشداری بکەین لە گفتوگۆ لە عێراق."

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق سەعدی پیرە پێیوایە، تەنیا پۆست کە بەدەست یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە مابێت لە ئێستادا پۆستی سەرۆک کۆمارە، بۆیە ئەوان بە موڵکی یەکێتی نیشتمانی دەزانن و دەستبەرداری نابن و دیاریش نییە ئایا دەگەنە ڕێکەوتن یاخود نا.

"مەسەلەی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکە لەو پۆستانەی کە لە دوای پرۆسەی ڕزگاری عێراق و دامەزراندنی عێراقی نوێ لای یەکێتی بووە، من پێم وایە حاڵی حازر موناقەشەکردن لەسەر ئەوەی کە پارتی حەزی لێیە ئەو پۆستەی هەبێت، ئێمە وەڵامان ئەوەیە ئێوە سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی دامەزراوەی دادوەری، سەرۆکایەتی ئاسایشی هەرێمی یان نیشتمانی، وەزیری دەرەوە، لە فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگەش دەورتان هەیە، تەنیا پۆست لە سەرۆکایەتیەکان کە مابێت بۆ یەکێتی ئەم سەرۆکایەتی کۆمارەیە، خۆ ئەگەر پارتی داوای ئەوەش بکات ، کە پارتی شەو و ڕۆژ باسی شەراکەت دەکات، کام شەراکەت و هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی، نازانم دەگەینە ڕێکەوتن یاخود نا بەڵام لە گفتوگۆ بەردەوامین."

سەبارەت بە دەنگۆی دەستبەرداربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، سەعدی پیرە دەڵێت " تا ئێستا بە ڕەسمی ڕانەگەیەنراوە، ئەوە نوقتەیەکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسی، چونکە هیچ هەنگاوێک دەست پێناکات ئەگەر پرسی سەرۆک کۆمار بەڕێوەنەچێت."

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات، کە چوارچێوەی هەماهەنگی فشار لە یەکێتی و پارتی دەکەن بۆ پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.

" بەو شێوەیە نییە بەڵام دەڵێن کە دەبێت پەلە بکەین چونکە وردە وردە متمانە کەم دەبێتەوە، خەڵک 9 مانگە چاوەڕێیە ئەوەش ماوەیەکی کەم نییە."

ئەمە لە کاتێکدایە دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، درز و ناکۆکی کەوتووەتە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە لە پەرلەمانی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:16 0:00

XS
SM
MD
LG