Accessibility links

کۆریای باکوور دان بە جیابوونەوەی دوو هەرێمی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا دەنێت 


سەرکردەیەکی جوداخواز و ئاژانسێکی هەواڵی دەوڵەتی ڕووسیا ڕایانگەیاند ڕۆژی چوارشەممە دوو هەرێمی جیابووەوەیی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە لەلایەن رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن، لەلایەن کۆریای باکوورەوە وەکو دەوڵەتی سەربەخۆ ناسێندران.

ئه‌م هه‌نگاوه‌‌ كۆریای باكور ده‌كاته‌ ته‌نیا سێیه‌م وڵات له‌ دوای روسیا و سووریا كه‌ دان به‌ دوو هەرێمی جیابووەوەی دۆنێتسک (DPR) و كۆماری گه‌لی لوهانسک (LPR)دا بنێن، کە دەکەونە ناوچه‌ی دۆنباسی ئۆكرانیا.

دێنیس پوشیلین، سەرۆکی هەرێمی دۆنێتسک، لە پۆستێکیدا لە کەناڵی تێلیگرامی خۆیدا رایگەیاند هیواخوازی "هاوکارییەکی بەرهەمدار" و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەگەڵ کۆریای باکوور، کە دەوڵەتێکی دابڕاو و چەکداری ئەتۆمییە و زیاتر لە 6,500 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

باڵیۆزخانەی کۆریای باکوور لە مۆسکۆ لە کەناڵی تێلیگرامی خۆی وێنەیەکی مەراسیمێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سین هۆنگ چۆل باڵیۆزی کۆریای باکوور لە مۆسکۆ بڕوانامەی دانپێدانانی بە ئۆلگا ماکیێڤا نێردەی DPR بەخشی.

دواتر ئاژانسی (تاس)ی روسیا بڵاویكردەوە، باڵیۆزخانەی كۆریای باكور لە مۆسكۆ دووپاتی كردەوە كە رۆژی چوارشەممە دانی بە سەربەخۆیی هەردوو قەوارەكەدا ناوە.

ڕووسیا کە لە ساڵی 2014ەوە پشتیوانی لە ناوچەکان کردووە، لە سەروبەندی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا دانی بەو ناوچانەدا ناوە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە کیێڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە نایاساییان داناوە.

كۆریای باكور پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ لكاندنی كریمه‌ له‌لایه‌ن روسیا له‌ ساڵی 2014 ده‌ربڕیبوو.

XS
SM
MD
LG