Accessibility links

بەرپرسێکی ئۆکرانیا: میراتی کلتووری ئۆکرانیا لە ژێر هێرشەکانی ڕووسیادایە



جێگری وەزیری ڕۆشنبیری ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند؛ میراتی فەرهەنگی وڵاتەکەی لە ژێر هێرشی ڕووسیادایە و دەبێت پارێزگاری لێبکرێت.

کاترینا چوێڤا جێگری وەزیری ڕۆشنبیری و سیاسەتی ڕاگەیاندنی ئۆکرانیا، لە کۆبوونەوەیەکی نافەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کلتوور و ناسنامەی ئۆکرانیا ئامانجی ئەم شەڕەیە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆمب و موشەکەکانی ڕووسیا زیانیان بە شارەکانی ئۆکرانیا گەیاندووە و وێرانیان کردوون، هەروەها دەیان شوێنی ڕۆشنبیری گرنگیشیان وێرانکردووە.

ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) دەڵێت لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا لە 24 ی مانگی 2 ەوە زیانی گەیاندووە بە 163 شوێنی کولتووری کە پشتڕاست کراونەتەوە. ئەوانیش بریتین لە شوێنە ئاینییەکان، دەیان مۆزەخانە، 30 بینای مێژوویی، 17 شوێنەواری دێرین و حەوت کتێبخانە. زیاتر لە نیوەیان لە ناوچەکانی خارکیڤ و دۆنتسکن. یونسکۆ دەڵێت شوێنە ڕۆشنبیرییەکانی کیێڤی پایتەختیش زیانێکی بەرچاویان بەرکەوتووە.

چوێڤا دەڵێت ئەو ژمارەیە زۆر لەوە زیاترە. ئەو بە ئەنجومەنەکەی ڕاگەیاند وەزارەتەکەی پشتڕاستی کردووەتەوە زیان و وێرانکاری بە لانیکەم بەر 423 کەلوپەلی دێرین و دامەزراوەی میراتی فەرهەنگی و کولتووری کەوتووە.

لەناوبردنی میراتی کولتوری ئەگەری تاوانی جەنگە و پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی لاهای ساڵی 1954 بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی کولتووری لە جەنگ و ململانێکاندا کە ڕووسیا واژۆکەری ڕێککەوتننامەکە بووە.

چوێڤا ئاماژەی بەوەدا کە لەناوبردنی میراتی کولتوری تەنیا پەیکەر و شتەکانی نەگرتۆتەوە.

دوای هێرشێکی ئاسمانی کە لە 15ی مانگی 7 ی ساڵی 2022 دا لە گۆڕەپانی میر و ئاشتی ڕوویدا لە بەردەم کۆشکی ڕۆشنبیری، تەکنەلۆژیا و هۆڵی شارەوانی لە ناوەندی شاری کراماتۆرسکی ئۆکرانیای کردە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە "هەموو تاکە کەسێک هەڵگری کولتوور، زانست و نەریتەکانە."

بەڕێوەبەری ناوەندی میراتی کولتوری جیهانی یونسکۆ، لازار ئیلۆندۆ ئاسۆمۆ، داوای لە ڕووسیا کرد کە ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ پاراستنی شوێنەوارە کولتوورییەکان. ناوبراو لە پاریسەوە گوتی ئاژانسەکە لەگەڵ کیێڤ کاریان کردووە بۆ گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ ئەوەی بە ڕوونی شوێنە پارێزراوەکان نیشان بدرێن و سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی زیانەکانن، لەنێویاندا لە ڕێگەی وێنەکانی مانگی دەستکردەوە."

ئەو گوتیشی "ئەو پشتڕاستکردنەوەیە لە شوێنی ڕووداوەکاندا وادەکات یونسکۆ بتوانێت پەردە لەسەر قەبارەی زیانەکانی شوێنە ڕۆشنبیرییەکان لابدات، هەروەها کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر میراتی کولتووری گوازراوە پشتڕاست بکاتەوە و ئامادەکاری بۆ بوژانەوەی داهاتوو بکات."

هەروەها یونسکۆ پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی پێشکەش بە کەرتی ڕۆشنبیری دەکات و پلانی هەیە یارمەتی ئۆکرانیا بدات بۆ ڕاهێنانی بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا لە ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە میراتی کولتووری ئەو وڵاتەوە.

نوێنەری ڕووسیا سێرگی لیۆنیدچێنکۆ ڕەتیکردەوە کە مۆسکۆ شوێنەوارە دێرینەکان بکاتە ئامانج و دەڵێت پێشوەختە شوێنگە دێرینەکان بۆ سوپاکانیان دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی ڕێوشوێنەکان بگیرێنەبەر.

هاوکات کیێڤی تۆمەتبار کرد بەوەی تەنانەت پێش لەشکرکێشی مانگی دووش کولتور و زمانی ڕووسیای کردۆتە ئامانج.

لیۆنیدچێنکۆ گوتیشی "ڕووخاندنی شوێنەوارەکانی نووسەران، شاعیران، مۆزیکژەنانی ڕووسی و پاڵەوانەکانی جەنگی جیهانی دووەمیان کردۆتە ئامانج، گۆڕینی ناوی ئەو شەقامانەی کە بۆیان تەرخانکراون، دەستبەسەرداگرتنی کتێبی خوێندنگاکان و زمانی ڕووسی و ئەدەبی ڕووسی بە گشتی. ئاماژەی بەوەشکردووە، کیێڤ دەیەوێت "خەڵک دووبارە هاوپابەند بکاتەوە" بۆئەوەی لەبیریان بچێتەوە کە کێن."

چەندین شاری ئۆکرانیا بەڕاستی ناوی هەندێک لە شەقام و گۆڕەپانەکانیان گۆڕی کە پەیوەندییان بە ڕووسیاوە هەبووە دوای لەشکرکێشییەکە و شوێنەوارێکی سەردەمی سۆڤیەت کە هێمای دۆستایەتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بوو لە کیێڤ هەڵوەشایەوە.

نوێنەری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، مۆسکۆ بەشێک لە میراتی ئۆکرانیا لەناو دەبات لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و لکاندنی کریمیا لە ساڵی 2014 دا.

جێگری باڵیۆزی ئێرلەندا جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە کردەوە.

کایت مۆران ڕایگەیاند "کاتێک ناتوانرێت زامنی پاراستنی ئەو شوێنەوارانە بکرێت، کاتێک بارودۆخەکان ڕێگەپێدراوبوون ئەوا پێویستە بنکەیەکی بەڵگەسازی دروست بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لێپرسینەوە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت."

XS
SM
MD
LG