Accessibility links

ناکۆکی نەوت گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان زیاتردەکات


شرۆڤەکاران دەڵێن سامانی نەوتی عێراق گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی زیاترکردووە تا ئاستێک دەکرێت هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک دروستبکات و وەبەرهێنەران لە وڵاتەکە دووربخاتەوە.

ئەو ناکۆکییە کە لە مێژە هەیە، بەڵام لە مانگی دوودا گەیشتە لوتکە، کاتێک بەغدا لە بنبەستی سیاسیدا بوو و دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانی بە کوردستان کرد نەوتی دەرهێنراو لە خاکەکانی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی فیدراڵی بکات.

پاشان، سەرەتای ئەم مانگە، دادگا لە پایتەختی عێراق گرێبەستەکانی نێوان کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکانی هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی بەغدا سکاڵایەکی دژی هەرێم تۆمارکردبوو.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو کارە بە نادەستوری دادەنێن و بەغدا تۆمەتبار دەکەن بەوەی "فشاری ناڕەوا"ی خستۆتە سەر هەرێمەکە و ڕێکاری یاسایی خۆیان لەوبارەیەوە دەگرنەبەر.

عێراق، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتدا (ئۆپێک)، خاوەنی یەدەگێکی زەبەلاحی نەوتە و داهاتی ئەو کەرتەش لەسەدا 90ی بودجەی حکومەتی فیدراڵی دابین دەکات.

ڕۆژانە عێراق بە تێکڕا 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات، لە کاتێکدا بەرهەمی لە کوردستان نزیکەی 450 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

لە بڕیارەكەی مانگی دوودا هاتووە، یاسایەكی ساڵی 2007 كە لەلایەن هەولێرەوە بۆ ڕێكخستنی نەوت و غاز پەسەندكرا، نادەستوورییە.

بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن سیاسەت ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ناکۆکییەکانی عێراقدا و ئەم ناکۆکیەشە زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە سیاسییەکان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی 10 ەوە نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک و سەرۆک وەزیران.

بیلال وەهاب لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت، "لەو کاتانەی کە ڕێککەوتنی سیاسی هەبوو، دادگاکان تا ڕادەیەک بێدەنگ بوون. بەڵام کاتێک ناتەبایی سیاسی هەبوو، پێچەوانەکەی ڕاست بوو."

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG