Accessibility links

پوتن لەگەڵ خامەنەیی و ئەردۆغاندا بەجیا کۆدەبێتەوە


ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ئایەتوڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە، ئەمە یەکەم گەشتی پوتنە بۆ دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی 2.

هه‌روه‌ها له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران، پوتین یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی له‌ دوای له‌شكركێشییه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌یه‌كی ناتۆ کە سەرۆکی تورکیا رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغانە ئه‌نجامدا بۆ تاوتوێكردنی رێككه‌وتنێك كه‌ هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ لەرێی ده‌ریای ڕه‌شی ئۆكرانیاوە ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و هه‌روه‌ها تاوتوێکردنی پرسی ئاشتیش له‌ سووریا بکات.

گەشتەکەی پوتن، کە تەنها چەند ڕۆژێک دوای سەردانەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دێت، کە سەردانی ئیسرائیل و سعودیەی کرد، پەیامێکی بەهێز دەداتە ڕۆژئاوا سەبارەت بە پلانەکانی مۆسکۆ بۆ دروستکردنی پەیوەندی ستراتیژی نزیکتر لەگەڵ ئێران و چین و هیندستان لە بەرامبەر سزاکانی ڕۆژئاوادا.

گرتە ڤیدیۆییەکانی کۆبوونەوەی پوتن لەگەڵ خامەنەیی پیشانی دەدات کە ڕێبەری ڕووسیا و سەرۆکی ئێران چەند مەترێک لە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامییەوە دوورن و پێکەوە دانیشتوون، لە ژوورێکی ئاسایی ڕەنگ سپی دا. لە ژوورەکەدا تەنیا ئاڵایەکی ئێران و وێنەیەکی ئایەتوڵا خومەینی ڕێبەری کۆچکردووی شۆڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە دەبینرێن.

یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن لە مۆسکۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە "پەیوەندی لەگەڵ خامەنایی زۆر گرنگە. دیالۆگێکی متمانەپێکراو لە نێوانیاندا پەرەی سەندووە لەسەر گرنگترین پرسەکانی کارنامەی دووقۆڵی و نێودەوڵەتی". دەشڵێت "لە زۆربەی پرسەکاندا هەڵوێستەکانمان نزیکن یان هاوتان."

لە کاتێکدا ئێران لە ژێر گەمارۆ ئابوورییەکانی ڕۆژئاوادایە و تووڕە و ناکۆکی هەیە لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی تاران و کۆمەڵێک پرسی دیکە، سەردانەکەی پوتن لە کاتی خۆیدایە.

پوتن لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، ئیبراهیم ڕەئیسی، کۆبووەوە. ڕه‌ئیسی دوای وتووێژەکەیان ڕایگەیاند "هه‌ردوو وڵاته‌که‌مان ئه‌زموونی باشیان هه‌یه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئه‌مه‌ش ئاسایشی زۆری بۆ ناوچه‌که‌مان دابینکردووه‌. هیوادارم سەردانەکەت بۆ ئێران هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی سەربەخۆمان زیاتر بکات."

ئێران بە هاندانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دوای جەنگی ئۆکرانیاوە گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە بە پشتیوانی ڕووسیا دەتوانێت فشار بخاتە سەر واشنتۆن بۆ پێشکەشکردنی بەرژەوەندی زیاتر بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015.

بەڵام زیادبوونی مەیلی ڕووسیا بەرەو پەیژینگ لە چەند مانگی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی بۆ چین بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی تارانە لەو کاتەوەی داناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 دا سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

لە مانگی 5 ی ڕابردوودا، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بۆ چین بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە، چونکە مۆسکۆ داشکانێکی زۆری لە نرخی نەوت بۆ بەیژینگ کردووە.

پێش هاتنی پوتن، كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران و كۆمپانیای گازپرۆم (GAZP.MM)ی بەرهەمهێنەری گازی ڕووسی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان بە بەهای نزیكەی 40 ملیار دۆلار واژۆ كرد.

پرسی سوریا و ئۆکرانیا

لە بەرنامەی کاری دانوستانە سێ قۆڵییەکانی ڕۆژی سێشەممەدا کە تورکیاش دەگرێتەوە، هەوڵەکان خراوەتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لە سووریا، کە ئەردۆغان هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێی کردووە بۆ درێژکردنەوەی "ناوچەی ئارام" بە قووڵی 30 کیلۆمەتر لە سنووری وڵاتەکەیەوە. مۆسکۆ و تاران هەردووکیان دژایەتی هەر جۆرە کارێکی لەو جۆرەی تورکیا دەکەن.

خامەنایی بە ئەردۆغانی گوتووە "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا زۆر گرنگە و هەر هێرشێکی سەربازی لە باکوری سوریا بەدڵنیاییەوە زیان بە تورکیا و سووریا و تەواوی ناوچەکە دەگەیەنێت و سوودی بۆ تیرۆریستان دەبێت. "

ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە "تیرۆر" وەک نیگەرانی و هەڕەشەیەکی هاوبەش بۆ ئێران و تورکیا دەمێنێتەوە، هەروەها ئەو دوو وڵاتە پێویستیان بە ئەنجامدانی شەڕە دژی هەموو هەڕەشەکان، لەنێویاندا شەڕڤانانی کورد لە تورکیا، سوریا و ئێران لەلایەن ئانکەەرە بە تیرۆریست دادەنرێت.

هەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا لە سوریا هێرشکردنە بۆ سەر هێزە کوردیەکان واتە یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە کە بەشێکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و بەشێکی زۆری باکوری سوریایان کۆنترۆڵکردووە و لەلایەن واشنتۆنەوە وەک هاوپەیمانێکی گرنگ دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش سەیر دەکرێت.

پوتن کە ئەمساڵ تەمەنی دەبێتە 70 ساڵ، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی پەتای کۆڤید-19 و دواتر قەیرانی ئۆکرانیا گەشتی دەرەوەی کەمی کردووە. دوایین گەشتی بۆ دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە مانگی 2 دا بۆ چین بوو.

هەروەها دانوستانە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر پلانێک دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بخرێتەوەگەڕ.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ڕووسیا، ئۆکرانیا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەیە لە ئۆکرانیاوە لە ڕێی دەریای ڕەشەوە.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG