Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر تۆپبارانی ناوچەیەکی گەشتیاری سنووری زاخۆ لەلایەن تورکیاوە


بەردەم نەخۆشخانەی زاخۆ
بەردەم نەخۆشخانەی زاخۆ

پاش ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی تورکیا بۆ سەر پارێزگای دۆهوک لە باکووری عێراق، بەلایەنی کەم هەشت کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش برینداربوون کاربەدەستە باڵاکانی عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی. سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح لە تویتێکدا دەڵێت "ئەو بۆردومانەی تورکیا کە لە دهۆک کرا و بووە مایەی شەهید بوون و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانمان ئیدانەی دەکەین و ناڕەزایش دەردەبڕین. ئەو هێرشە پێشێلکارییە بۆ سەروەری وڵاتەکەمان هەڕەشەو مەترسیشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی. دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵکردن نییە پێشتریش داواکراوە ئەم کارانەی کە پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتین ڕابگیرێن. "

سەرۆک وەزیرانی عێڕاق مستەفا کازمی پاش هێرشەکە شاندێکی باڵای بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە ڕاسپارد سەردانی شوێنی ڕووداوەکە بکەن و داوای لێکۆڵینەوەی لەو ڕووداوە کردووە. هەروەها لە پەیامێکیشدا دەڵێت "توركیا پێشێلكاری روون و ئاشكرای سه‌روه‌ری خاكی عێراقی كردوه‌، عێراقیش مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکانی تورکیا بداتەوە و هه‌مو رێوشوێنێكی پێویستیش بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانمان ده‌گرینه‌به‌ر."

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محەمەد ئەلحەلبوسیش داوای لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت " عێراق نابێت گۆڕەپانێکی کراوە بێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوچەکە و عێراقییەکان بە خوێن باجەکەی بدەن. داوا لە حکومەت دەکەین ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە."

پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا لە سەیرانگەی پەرەخێ سەر بە زاخۆ بەلایەنی کەم هەشت کەس کوژران و 25 کەسی تریش بریندار بوون. کاربەدەستانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن سەرجەم قوربانییەکان گەشتیاری عەرەب بوون.
چیا ئەمین بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری لە قەزای زاخۆ لەلێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا تۆپبارانەکەی تورکیای بۆ سەرناوچەکە پشتڕاستکردەوە و گوتی " بەرەبەیانی ئەمڕۆ (ڕۆژی چوارشەممە) سەیرانگەی پەرەخێ کەوتە بەرهێرشی تۆپەکانی تورکیا کە تیایدا هەشت کەس کوژران کە منداڵێکیشی تێدایە، 25 کەسیش بریندار بوون. ئەمەش لە کاتێکدا بوون کە نزیکەی 200 گەشتیار لە بەغداوە بە ئامانجی گەشتکردن هەتبوونە ناوچەکە."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ چیا ئەمین لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ نەجیب باڵایی گوتیشی توركیا بوونی چەكدارانی پەكەكەی لە ناوچەكە كردووە بە بیانوی ئەم جۆرە هێرشانەی و گوتیشی "بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ڕێگری لە تورکیا بکات تا هەم ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەم ئاسایشی عێراقیش بپارێزێت".
تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی لە باکووری عێراق ئەنجام دەدات و بە بەشێک لە هەڵمەتێکی درێژخایەن لە عێراق و سوریا دژی چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە ناودێری دەکات کە ئانکەرە بە تیرۆرستیان دادەنێت و دەڵێت مەترسین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.

XS
SM
MD
LG