لە پڕۆژەیەکی شەش مانگیدا و بە پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک ڕێکخراوی بیانی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشەپێدان، خانمانی هەڵەبجە و هەرزەکاران لە چۆنیەتی بەدەستخستنی مافەکانیان هۆشیار دەکرێنەوە، هەروەها هاوکاری ژمارەیەک لە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە دەکرێت تا پڕۆژەی بچووک پێشکەش بکەن و ببنە خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیان و ئەوانیش بتوانن خانمی دیکە بخەنە سەرکار.
بە پشتیوانی و کۆمەکی درایی یەکێتی ئەوروپا پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی مافەکانی خانمان و منداڵان لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا سیمینارێک لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان و بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێکخراوی نوێ بە بەشداری خانمان و چالاکوانان گفتوگۆیان لەسەر کرا، کە تێیدا توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان و هۆکار و چارەسەرەکان خرانە ڕوو.
بەناز محەمەد سەرپەرشتیار لە پڕۆژەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" پڕۆژەکە شەش مانگ دەخایەنێت سێ مانگی بۆ خانمانە و سێ مانگی کۆتایی تایبەت بە هەرزەکارانە، لە چوار چێوەی پڕۆژەی گەشەپێدانە و لەلایەن ڕێکخراوی یو پی پی ئیتاڵی و ڕێکخراوی مەسەلە هاوکاری دەکرێت و کار لەسەر شیکردنەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر دەکرێت و یەکێتی ئەوروپاش پشتیوانی پڕۆژەکەیە."
ڕەنگین سەلام یەکێک لە وانەبێژانی پڕۆژەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە بابەتەکەیدا جۆرەکانی توندوتیژی بۆ ڕوون کردوونەتەوە و بڕیاری 1325 ئەنجومەنی ئاسایش بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە و جەخت لە پاراستنی ژنان و بەشداری سیاسی ژنان لە پێگە ئیداریەکان دەکات کە تا ئێستا 92 وڵات بەشدارن، لەگەڵ ئەوەی عیراق بەشدارە لە بڕیارەکەدا بەڵام جێبەجێی ناکات."
لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا دوای ڕاهێنانی ژنان 20 خانم دیاری دەکرێن، دواتر لەو 20 خانمە 6 خانمیان پڕۆژەی بازرگانی بچوکیان لێ وەردەگیرێت. بەناز محەمەد ڕایگەیاند "هاوکاری مادی دەکرێن لە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانیان و ئەمەش ئامانج لێی ئەوەیە کە خانمان ببنە خاوەن ئابوری خۆیان."
ساڵانە و بە پێی بەدواداچوونی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خانمان ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە خانمان لە هەرێمی کوردستان ڕوویان لە هەڵکشانە، بەهێزی فاکتەرە کۆمەڵایەتیەکان زۆرجار ڕێگرە لە گەیاندنی کێشەکان بە دادگاکان و نەبوونی سەرچاوەی ئابووری سەربەخۆ و ناهۆشیاری خانمان لە بەرامبەر مافەکانیان بە هۆکارەکانی زیاد بوونی حاڵەتەکانی توندوتیژ دەزانن.