Accessibility links

نوێنەرانی کورد بۆ ڕەخنە گرتن لە پەیماننامەی لۆزان دەچنە شاری لۆزان و ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن


لە ساڵیادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا، نوێنەرانی کوردەکانی ( عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا) ڕۆیشتوونەتە سویسراو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیماننامەیە دەکەن، کە 100 ساڵ لەمەوبەر ئیمزا کراوە و کوردەکان بە هۆکاری نەهامەتییەکانی سەر میللەتەکەیان لێی دەڕوانن، ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدا و بڕیارە سبەینێ یەکشەممەش کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.

پەیمانی لۆزان لە 24 ی مانگی حەوتی ساڵی 1923 لە شاری لۆزانی سویسرا ئیمزا کرا، ئەم پەیماننامە بووە جێگرەوەی پەیمانی سیڤەر و ئەمەش نیگەرانی کوردەکانی لێکەوتەوە، کە تێیدا زۆر بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ گفتووگۆی لەبارەوە کرا، بۆیە کوردەکان ترسیان لە جوڵەی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە هەیە، لە دوای تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر پەیماننامەکەدا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەبدوڵا سوڵتانی یەکێک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوەکەی شاری لۆزانی سویسرا، دەڵێت"بە پەیماننامەی لۆزان کورد توشی نەهامەتی گەورەبوو، بۆیە کۆمیتەیەکمان لە بەشەکانی کوردستان پێکهێناوە و ڕەخنە لە بڕیارەکانی لۆزان دەگرین، تا چیتر کوشت و بڕکردنی کورد بەس بێت، هاتووینەتە لۆزان ڕەخنە لەو تاوانانە دەگرین دەرهەق بە کورد ئەنجامدراون."

عەبدوڵا سوڵتانی ڕوونیشیکردەوە، کورد لەو چوار وڵاتەی دابەشکراوە بەسەریدا بە مافی خۆی نەگەیشتووە، تورکیا دەیەوێت موسڵ و بەشێک لە سوریا ببەستێتەوە بەخۆیەوە لە دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان دا، ئێرانیش جموجۆڵی هەیە، گوتی"بۆیە هاتووین ڕەخنە لەو نەهامەتیانە بگرین کە بەسەر کورد هێنراون، ئێمە تاکە میللەتی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین کیانێکی سەربەخۆمان نیە، وڵاتان دەیانەوێت کورد هەر ژێر دەستە بێت."

بەپێی وتەی عەبدوڵا سوڵتانی، داواکاری سەرەکییان هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسییە بۆ دۆزی میللەتی کورد، گوتی"ئەگینا بێ پێدانی ماف بە گەلی کورد، ئەستەمە ئەو وڵاتانە سەقامگیری ببینن."

عەبدوڵا سوڵتانی یەکێک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوەکەی شاری لۆزانی سویسرا ئاشکراشیکرد، ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و سبەینێش کۆدەبنەوە، جەختیکردەوە"دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و هەموو وڵاتان بێنە سەر خەت بۆ بەرپەرچدانەوەی نەهامەتییەکانی سەر گەلی کورد."

XS
SM
MD
LG