Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چین پڕۆژە یاسایەک پەسەند دەکات


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە یاسایەکی بۆ پاڵپشتیکردنی پیشەسازی چیپ پەسەند کرد بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کە کێبڕکێ لەگەڵ چیندا دەکەن و هەوەها بۆ بەرهەمێنانی زۆرتری ئەم کەرەستەیە کە لە ئیستادا لە بازاڕەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی کەمییە و کاریگەری لەسەر هەموو شتێک داناوە، لەوانەش لە سەر ئۆتۆمبێل، چەک، ئامێری جل شۆردن و یارییە ڤیدیۆییەکان.

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدات کە لە ئەنجومەنی سیناتدا بە دەنگی ئەرینی 64 بەرامبەر بە 33ی دەنگی نەرینی هەردوو حیزبەکە پەسەند کراوە. ئەگەر پڕۆژە یاساکە وەک چاوەڕوان دەکرێت، پەسەند بکرێت، ئەوا سەرۆک جۆو بایدن سەرەتای هەفتەی داهاتوو واژۆی دەکات بۆ ئەوەی بە فەرمی برواتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاسای "چیپس و زانست" نزیکەی 52 ملیار دۆلار وەک یارمەتی حکومەت بۆ بەرهەمهێنانی نیمچە گەیەنەری ئەمەریکایی دابین دەکات.

هەروەها یاساکە زیاتر لە 170 ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی توێژینەوە زانستییەکانی ئەمەریکا لە ماوەی پێنج ساڵدا دابین دەکات بۆ ئەوەی باشتر بتوانن ڕکابەری لەگەڵ چیندا بکەن.

چەک شومەر سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات لەبارەی پڕۆژە یاساکەوە گوتی "ئەم یاسایە بڕیارە هەلی کار بە مووچەیەکی باشەوە بهێنیتەوە ئاراوە و یارمەتیدەربێت لە دابینکردنی پێداویستیەکان و زنجیرەکانی و هەروەها کەمکردنەوەی تێچووەکان" و گوتیشی "پڕۆژەکە بەرژەوەندییە ئاسایشییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا دەپارێزێت."

ژمارەیەک لە سیناتۆرەکان ڕەخنە لە پڕۆژە یاساکە دەگرن، وەک سیناتۆر بێرنی سەندەرز لە ئەنجومەنی سینات کە پێیوایە پڕۆژەکە زیاتر لە بەرژەوەندی بەرهەمهێنەرانی چیپدایە و دەڵێت قازانجێکی زۆریان بۆ ڕەوانە دەکات.

XS
SM
MD
LG