Accessibility links

ئاری هەرسین: لێدوان و بۆچونەکانی د. فوئاد حسێن نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق دەکات ئێمه‌ش به‌شێكین له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق


ئاری هەرسین
ئاری هەرسین

ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە و سلێمانی دەڵێت" لێدوان و بۆچونەکانی د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق دەکات ئێمه‌ش به‌شێكین له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق. ئه‌گه‌ر 52 جار لێم بپرسن هه‌ر هه‌مان وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌.

هەرسین دەشڵێت" ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكی له‌ ژێر كاریگه‌ری لایه‌نی سیاسی یان سۆشیال میدیا واده‌زانن پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ندرمه‌ی توركیایه‌، ئێمه‌ جه‌ندرمه‌ی توركیا نین، ئێمه‌ وەکو چۆن په‌یوه‌ندی زۆر خۆشمان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی زۆر خۆشیشمان له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه،‌ به‌ڵام ئێمه‌ پۆلیس و سه‌رباز و جه‌ندرمه‌ی توركی نین، ئه‌مه‌ سه‌لماندی كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی. "

" ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ هه‌ڵوێستێكی زۆر زۆر ئاساییه‌ "

هەڵوێست و کاردانەوە و لێدوانەکانی د. فوئاد حسێن لەسەر تورکیا و تۆمەتبار کردنی بە تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ، بۆتە جێی سەرنج، چونکە هەندێک پێیان وایە لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام وەزیری دەرەوەی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئەو هەڵوێستە توندانەی بەرامبەر بە تورکیا هەیە.

بەڵام ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە هەڵەبجە و سلێمانی دەڵێت " ئێمه‌ وەکو پارتی دیموكراتی كوردستان نەک له‌گه‌ڵ توركیا له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكان نێوانمان خۆشه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و ئوردن و ئیماراتیش نێوانمان خۆشه‌ ئه‌مه‌ له ‌لایەک، لە لایەکی تر كاك فوئاد حسێن ئێستا له ‌پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌ ئینسان كه‌ چووه‌ پۆستێكی حوكمیه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتێک دەکات، د. فوئاد حسێن نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی عێراق دەکات له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، لای وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یەکگرتووەکان له‌ كۆنفڕانس و ئه‌و كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی دەکات ،ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ هه‌ڵوێستێكی زۆر زۆر ئاساییه‌ كه‌ وڵات بۆردومانكرابێت یان هێرشی كرابێته‌سه‌ر له‌ لایه‌ن حكومه‌تێكی تره‌وه‌ هه‌ڵوێستی ده‌بێت ئه‌وه‌ش له ‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دایه‌، دوای ئه‌وه‌ "جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان"هه‌ڵوێستێكی زۆر ڕاشكاوانه‌ی هه‌بوو سه‌رۆكی حكومه‌تیش ئه‌ندامی مەکته‌بی سیاسی حیزبەکه‌ی ئێمه‌یه‌ ئیتر ئه‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئه‌م هه‌ڵویسته‌ گرفتێک بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ حیزبەکه‌ت به‌رپرسی یەکه‌مه‌ دروست ناكات؟
ئاری هەرسین وتی " بۆچی ده‌بێته‌ گرفت؟! ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یربكرێت ڕووسیا و ئۆكرانیا له‌وپه‌ڕی شه‌ڕدان كه‌چی خه‌ریكن ڕێككه‌وتنامه‌ واژوو دەکه‌ن له‌سه‌ر فرۆشتنی گه‌نمی ئۆكرانیا له‌ڕێگه‌ی ده‌ریای ڕه‌شه‌وه‌ به ‌نێوه‌ندگیری توركیا This is politics\ ئه‌مه‌ سیاسه‌ته‌ واته‌ خه‌ڵک سیاسه‌ت دەکات، هه‌موو شتێكیش ده‌بێت له‌سیاسه‌تدا شتێكی عه‌جایب نییه‌ و یەکه‌مجاریش نییه‌ له ‌مێژووی مرۆڤایه‌تی شتی واڕووبدات. "

ڕۆژی ڕابردوتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا جگە لەوەی ڕەتیکردەوە، تورکیا تۆپبارانەکەی گوندی پەرخی ئەنجام دابێت، هاوکات هۆشداریدا به‌ به‌رپرسانی عێراق كه‌ ئاگاداری لێدوانەکانیان بن له‌سه‌ر تۆمه‌تباركردنی توركیا له‌ تۆپبارانەکەی گوندی پەرخ، هاوکات بەشێک لە میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێم بڵاوییان کردەوە "تورکیا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ به ‌تایبه‌تی له‌سه‌ر لێدوانەکانی دكتۆر فوئاد كه‌ زیاتر دۆخەکه‌ ئاڵۆزتر نەکات."

بەڵام ئاری هەرسین ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت "من شتی وام نه‌بیستووه‌، وه‌ زۆریشم له‌لا سه‌یره‌ لایه‌نێكی سیاسی ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێک بێت یان حیزبێک بێت هه‌ركه‌سێک بێت په‌یامی وا بۆ پارتی بنێرێت! بۆچی به‌ ئادرێس-ناونیشانی پارتی؟! بۆچی به‌ ناونیشانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران ناینێرێت! ئه‌وه‌ چ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌سه‌ر پارتیه‌وه‌ !؟خۆ فوئادحسێن ته‌نها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پارتی نییه،‌ به‌ڵكو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ شتێكی زۆر نامۆیه‌ و دووره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌. "

" من تێناگه‌م چۆن ده‌بێت حزبەکان له‌وڵاتێكدا هه‌ڵوێست وه‌ربگرن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دراوسێتی و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه! "

هەروەها سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌وترێت هه‌ندێک به‌ڵێن به‌ دكتۆر فوئاد دراوه‌ له‌لایه‌ن شیعەکانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پارتیش نه‌یكاته‌وه‌ به‌ وه‌زیر، ئەوا ئه‌وان له‌سه‌ر پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ده‌یهێڵنه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌تا چه‌ند دروسته‌؟

لە وەڵامدا ئاری هەرسین وتی " ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌و لایه‌نه‌ شیعانه‌ و له کاك فوئاد حسێن بپرسرێت من ئاگاداری ئه‌و شتانه‌ نیم. "

ئێوه‌ وەکو پارتی دیموكراتی كوردستان وەکو به‌رپرسانی حزبەکه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ توند و جددییه‌ی عێراقدان سه‌باره‌ت به‌ توركیا له‌ ئێستادا؟
وەڵامەکەی ئاری هەرسین بەمجۆرە بوو " ئینسان كه‌ حزبی سیاسی بوو نوێنه‌ری خۆی نارده‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ ئیتر ئه‌وه‌ی له‌حكومه‌تدایه‌ كه‌ هه‌ڵویستی وه‌رگرت مانای وایه‌ هه‌ڵوێستی حزبیشه‌، كاك مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه،‌ من تێناگه‌م چۆن ده‌بێت حزبەکان له‌وڵاتێكدا هه‌ڵوێست وه‌ربگرن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دراوسێتی و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه!‌ ئه‌و شتانه‌ ئیشی حكومه‌ته‌، ئایا له‌ئه‌مه‌ریكادا مه‌عقوله‌ له‌سه‌ر بابه‌تێكی ده‌ره‌وه‌ له‌ پێش حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكادا حزبی دیموكرات یان حزبی كۆماریی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت!؟ ئه‌ی كه‌واته‌ نوێنه‌ری بۆچی ناردۆته‌ ناو حكومه‌ته‌وه؟!‌ ئه‌ی حكومه‌ت هه‌ر له‌و حزبه‌ نییه‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ له‌باره‌گای بارزانییه‌وه‌ كه‌ جه‌نابی كاك مه‌سعود سه‌رۆكی حزبی ئێمه‌یه‌ به‌یاننامه‌ ده‌ركراوه‌. "

ئه‌ی باره‌گای بارزانی بۆچی به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد له ‌پێش حكومه‌تدا به‌یاننامه‌کەی ده‌ركرد‌؟

لە وەڵامدا ئاری هەرسین وتی" كه‌واته‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ڕوونه‌ ئیتر هه‌ركه‌سێكی تر له‌ناو پارتیدا هه‌ر تێبینییەکی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بۆچی كه‌سی خۆیه‌تی بۆچی فه‌رمی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌باره‌گای بارزانییه‌وه‌ ده‌رچووه‌. "

" لێدوانەکانی فوئاد حسێن نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق دەکات ئێمه‌ش به‌شێكین له‌ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌گه‌ر 52 جار لێم بپرسن هه‌ر هه‌مان وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌. "

ئایا بۆچوون و لێدوانەکانی دكتۆر فوئاد بەرامبەر بە تورکیا لە ئێستادا، بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌؟

لە وەڵامدا ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی\هەڵەبجە(ئاری هەرسین) وتی" بۆچوونی دكتۆر فوئاد بۆچوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقه،‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق دەکات، ئێمه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكین له‌ده‌وڵه‌تی عێراق. "

واتە ئێوه‌ وەک پارتی ڕازین له‌و لێدوانانه‌ی دكتۆر فوئاد؟

لە وەڵامدا ئاری هەرسین وتی" لێدوانەکانی فوئاد حسێن نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق دەکات، ئێمه‌ش به‌شێكین له‌ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌گه‌ر 52 جار لێم بپرسن هه‌ر هه‌مان وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌. "

" ئەو خەڵکە وادەزانێت پارتی جەندرمەی تورکیایە، ئێمە جەندرمەی تورکیا نین"
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق، لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، عێراق بەڵگەی هەیە کە تۆپبارانەکە کاری تورکیا بووە، جگە لەوەی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، دەستبەجێ تورکیا ناچار بکات هەموو هێزە سەربازییەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، بەشێک لە خەڵکی ستایشی ئەو هەڵوێستە راشکاوانەی وەزیری دەرەوەی عێراقیان کرد و پێییان وابوو بۆ کەسێک کە لە پشکی پارتیە هەڵوێستەکە چاوەڕواننەکراوبوو، ئەگەرچی هەندێکی تر لێکدانەوەی جیاوازییان هەبوو.

بەڵام ئاری هەرسین دەڵێت" Im not surprised \من سه‌رسام نیم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكی له‌ژێر كاریگه‌ری لایه‌نی سیاسی یان سۆشیال میدیا واده‌زانن پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ندرمه‌ی توركیایه‌، ئێمه‌ جه‌ندرمه‌ی توركیا نین، ئێمه‌ وەکو چۆن په‌یوه‌ندی زۆر خۆشمان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی زۆر خۆشیشمان له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه،‌ به‌ڵام ئێمه‌ پۆلیس و سه‌رباز و جه‌ندرمه‌ی توركی نین، ئه‌مه‌ سه‌لماندی كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی. "

" با گله‌یی بكات ئه‌وكاته‌ به‌یەکه‌وه‌ قسه‌ دەکه‌ین "

سەبارەت بەوەی ئایا توركیا گله‌یتان لێناكات له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌؟
ئاری هەرسین بەمجۆرە وەڵامی دایەوە" با گله‌یی بكات ئه‌وكاته‌ به‌یەکه‌وه‌ قسه‌ دەکه‌ین. "

ئه‌ی پێشبینی ناکەن بەهۆی ئەو هەڵوێستەتانەوە، توركیا ئابڵوقه ‌بخاته‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان؟
لە وەڵامدا ئاری هەرسین وتی" ئێمه‌ دوو دراوسێین هه‌م عێراق و توركیا هه‌م هه‌رێمی كوردستان و توركیا ئه‌م دراوسێتیه‌ كۆمه‌ڵێک به‌رپرسیارێتی ده‌خاته‌سه‌ر شانی هه‌ردوو لایه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوولامان سوودمه‌ند ده‌بین له‌ ڕه‌فاقه‌ت و هاوكاری یەکتری، ئایا قه‌باره‌ی بازرگانی له‌نێوان عێراق و توركیا، هه‌رێمی كوردستان و توركیا چه‌نده‌؟ خۆ له‌م بازرگانیه‌دا ته‌نها هه‌رێمی كوردستان و عێراق قازانج ناكات، ئه‌ی توركیا قازانج ناكات!؟ له ‌تێپه‌ڕبوونی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌تڕانزێت به‌ناو خاكی توركیادا ئایا وڵاتی توركیا قازانج ناكات!؟ وڵاتی توركیاش بای ئه‌وه‌نده‌ سیاسیەکانیان پێگه‌یشتوو و كامڵه‌ كه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن ئه‌وان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ناده‌ن. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:11 0:00
XS
SM
MD
LG