Accessibility links

دەیان سەربازی دیلی ئۆکرانی لە هێرشێکی مووشەکیدا دەکوژرێن


پێدەچێ دەیان دیلی جەنگی ئۆکرانیا لە هێرشێکی موشەکی ڕۆژی هەینیدا کوژرابن و مۆسکۆ و کیێڤ یەکتریان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کردووە.

ئەم ڕووداوە وەک سێبەرێک باڵیکێشا بەسەر هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنی دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانی برسێتی جیهانی کە لە جەنگەوە سەرچاوەی گرتووە و لە ئێستادا پێیناوەتە شەشەمین مانگەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند؛ لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر ئەو زیندانە لە شارۆچکەی ئۆلێنیڤکای هێڵی پێشەوە، لە بەشێک لە پارێزگای دۆنێتسک کە لەلایەن جوداخوازانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، 40 دیلی زیندانی کوژراون و 75 کەسیش برینداربوون.

ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا ڕایانگەیاندووە کە کیێڤ تۆمەتبارە بەوەی کە بە موشەکی HIMARS کە دروستکراوی ئەمەریکایە ئەو گرتوخانەیەیان کردووەتە ئامانج.

هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕەتیدەکەنەوە هێرشیان کردبێتە سەر ئەو گرتووخانەیە و دەیخەنە ئەستۆی هێزەکانی ڕووسیا و ڕایانگەیاند کە تۆپخانەکانی ڕووسیا ئەو زیندانەیان کردۆتە ئامانج.

ستافی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دەڵێت "بەم شێوەیە داگیرکەرانی ڕووسیا دەیانەوێت ئامانجە تاوانکارییەکانیان بهێننە دی، تۆمەتبارکردنی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی 'تاوانی جەنگ'، هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان و لە سێدارەدانەکان."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە؛ لە زیندانەکەدا دیلەکانی جەنگی ئۆکرانی تێدایە و هەشت کارمەندی زیندانیش برینداربوون. لە زاری دێنیس پوشیلین سەرکردەی جوداخوازەکانەوە کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتگیری دەکرێت؛ بڵاویکردەوە کە لەنێو ئەو 193 کەسدا کە لەوێ دەستبەسەرکراون، هیچ کەسانی بیانیان تێدا نییە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن پەیامنێرێکی جەنگی ڕووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە کارمەندانی سەربازی کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانی دەکرێن، بەناو پاشماوە سووتاوەکانی ئەو شوێنەدا دەگەڕێن کە بە وتەی ئەوان ئەو شوێنە زیندانە.

بنمیچی بیناکە داڕووخاوە و پاشماوەی سوتاوی تەرمەکان دەبینران.

بەجیا ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کە لە هێرشێکی موشەکی ڕووسیا بۆ سەر شاری میکۆلایڤ لە باشووری ڕۆژهەڵات، کە لەنگەرێکی ڕووبارییە و دەڕوانێت بەسەر دەریای ڕەشدا، لانیکەم پێنج کەس کوژراون و حەوت کەسیش برینداربوون، لە کاتێکدا ڕووسیا لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا بۆردومانی هێڵەکانی پێشەوەی ئۆکرانیا دەکات.

ڤیتالی کیم پارێزگاری ناوچەکە لە ڕێگەی تۆڕی تەلەگرام ڕایگەیاند؛ موشەکێک لە نزیک وێستگەیەکی گواستنەوەی گشتی کەوتووەتە خوارەوە.

ڕووسیا کە ڕەتیدەکاتەوە خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج، دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی لەسەر دۆخەکە نەدا، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش نەیتوانی ڕاپۆرتەکانی بەرەکانی جەنگ پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG