Accessibility links

ڕوفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانیەکان گەیەنرانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر


ڕۆژی شەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەیان بەرپرس و کاربەدەستی باڵای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە کاربەدەستانی عێراقی و جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسوڵی بەشێک لە وڵاتان بەشداریان لە مەڕاسیمی گەڕاندنەوەی 100 ڕوفاتی ئەنفالکراوی بارزانیەکاندا کرد.

دوای 39 ساڵی چاوەڕوانی کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕوفاتی 100 کەسی تریش گەیەنرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە مەڕاسیمێکدا لە دەڤەری بارزان و لە گۆڕستانی ئەنفالی بارزان بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە چین و توێژی جیاجیا ڕوفاتەکان بەخاک بسپێردرێن.

لە مەڕاسیمەکەدا عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی" 39 ساڵ تێدەپەرێت بەسەر تاوانێکی دژ بە مروڤایەتی کە تەنها بەهۆی کوردبوونیانەوە بووە، مایەی شانازیە کە ئەم نەمرانە سەرچاوەی بەرخودانن، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرک و ئارمانجیەتی هەموو تواناکانی بخاتە کار بۆ خزمەتی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتی شەهیدان.

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات کە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان بکاتەوە.

بەپێی زانیاریەکان ئەمە سێیەم کاروانی گەڕانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوانی بارزانە کە دەگەرڕنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کاروانی یەکەم لە ساڵی 2005 گەیەنرایەوە کە لە 503 ڕوفات پێکهاتبوون، کاروانی دووەمیش لە ساڵی 2014 بووە کە ژمارەیان 93 ڕوفات بوو، کاروانی سێیەم کە لە 100‌ ڕوفات پێکهاتبوو ڕۆژی شەممە گەیەنرانە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، واتا کۆی گشتی 696 ڕوفاتی بارزانیەکان لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە گەیەنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

جێی باسە لە 31ی مانگی حەوتی ساڵی 1983 هەشت هەزار بارزانی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنفالکراون بۆیە ماوە ماوە ڕوفاتی بارزانیەکان لە ناوچەکانی عێراق دەدۆزرێنەوە و دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان لە دەڤەری بارزان و لەوێ بە خاک دەسپێردرێن.

XS
SM
MD
LG